هاوپه‌یمانی نێو ده‌وڵه‌تی بەبەهای نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار چەکی به‌ عێراقدا

 

وەزارەتی ناوخۆی عێراق بە بەهای نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار چەک و فیشەکی لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش وەرگرت.

شانەی راگەیاندنی ئەمنیی سەربە فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان رایگەیاند، لە چوارچێوەی پرۆگرامی سندوقی پشتیوانی مەشق و پڕچەککردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کە پێشکەش بە هێزەکانی عێراق دەکرێت، بە بەهای نزیکەی سێ ملیۆن دۆلار چەکیان لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی دژبە داعش وەرگرتووه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەدراوە کە بەڕێوەبەرایەتی بەرەنگاربوونەوەی تیرۆر لە وەزارەتی ناوخۆ بە بەهای دوو ملیۆن و ٣٩٠ هەزار و ٤١٠ دۆلار چەک و فیشەکی لە هێزەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژبە داعش وەرگرتووه‌.

لە راگەیەندراوەکەدا ئەوەشخراوەتەڕوو کە پرۆگرامی سندوقی پشتیوانی مەشق و پڕچەککردن بۆ بەرەنگاربوونەوەی رێکخراوی تیرۆریستی داعش کە پێشکەش بە هێزەکانی عێراق دەکرێت لەوەتەی ساڵی ٢٠١٤ـەوە بۆ پشتیوانی لە هێزەکانی عێراق بەئامانجی کۆتاییهێنان بە داعش دەستی پێکردووە.

Back to top button