میکانیزمێكی هاوبەش لەنێوان هەولێر و بەغدا بۆ وردبینی کردن لە داهات و خەرجییەکان دیاری کرا

 

لە چوارچێوەى دیدار و کۆبوونەوەکانی شاندی باڵاى حکوومەتی هەرێمی کوردستان بە‌سە‌رۆكایە‌تی جێگری سە‌رۆكوە‌زیران، قوباد تاڵە‌بانی لە‌ بەغدا، ئەمڕۆ سێشەممە کۆبوونەوەیەکی هاوبەش لەنێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی و هەرێمی کوردستان بەرێوەچوو.

لە کۆبوونەوەکەدا کە وەزیری دارایی و ئابووری هەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جە‌ناب و سەرۆکی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران، ئومێد سە‌باح و سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیران، ئامانج رە‌حیم و سەرۆکی دیوانی چاودێری دارایی هەرێم، خالد چاوشلی و سەرۆکی نوێنەرایەتی حکوومەتی هەرێم لە بەغدا، فارس عیسا و گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران، سە‌میر ھە‌ورامی ئامادەى بوون، رێوشوێن و میکانیزمی هەماهەنگی هاوبەش بە فەرمی واژووکرا بەمەبەستی هەماهەنگی نێوان هەردوو دیوانی چاودێری دارایی فیدراڵیی و هەرێم.

دوای كۆبوونه‌وه‌كه‌ش شاندی هه‌رێم رایانگیه‌اندووه‌ كه‌، ھە‌ردوولا جە‌ختیان كردە‌وە‌ كە‌ پێكە‌وە‌ كار دە‌كە‌ن و ئامادە‌كاری تە‌واویان كردووە‌ بۆ ئە‌وە‌ی راپۆرتێك ئاراستەى وەزارەتى دارایی فیدراڵ و هەرێمی کوردستان بکرێت، بەمەبەستی ئاسانكاری جێبەجێکردنی یاساى بوودجەى ساڵى ٢٠٢١ى عێراق لە پێناو خەرجکردنی ماف و شایستە داراییەکانی هەرێم.

شاندی هەرێمی کوردستانیش ئامادەیی خۆی نیشاندا کە هەموو ئاسانکاریی و ئامادەکارییەک بکات بۆ ئەوەى چاودێرى دارایی فیدراڵی بەهەماهەنگی لەگەڵ دیوانی چاودێری دارایی هەرێم ئەرکەکانی خۆیان جێبەجێ بکەن لە چوارچێوەی ئەو میکانیزمەی لەسەری رێککەوتوون و بەگوێرەی یاسا بەرکارەکان و ئەولەویەتیش بدەن بە جێبەجێکردنی ئەو ئەرکانەی یاسای بوودجەی عێراق پێی سپاردوون لە چوارچێوەی ماددەی ١١ی یاساکە کە تایبەتە بە هەرێمی کوردستان.

رۆژی دووشەممە، وەزیری دارایی و ئابووری ھەرێمی کوردستان، ئاوات شێخ جەناب لەگەڵ وەزیری دارایی عێراق، عەلی عەللاوی کۆبووەوە و لە میانی کۆبوونەوەکەدا، هەردوولا گفتوگۆیان دەربارەی میکانیزمی جێبەجێکردنی ئەو ئەرکەی کە یاسای بوودجە خستوویەتییە سەرشانی ھەردوو وەزارەتی دارایی عێراق و ھەرێمی کوردستان کرد و ئامادەیی خۆیان نیشاندابووه بۆ جێبەجێکردنی یاساکە.

ئێوارەی رۆژی یەکشەممە، شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ٢٠٢١.

Back to top button