دهۆك : بەڕێوەبەرایەتی گومرگ بە ئەلیکترۆنی کرا

یەکێك لە ئامانجەکانی حکومەتی هەرێمی کوردستان نەهێشتنی رۆتین و بەدامەزراوەییکردنی دامودەزگاکانە، لەو چوارچێوەیەشدا بەڕێوەبەرایەتی گومرگی دهۆك بەئەلیکترۆنی کرا و هاووڵاتییان دەتوانن بە ئاسانی مامەڵەکانیان رایی بکەن و کاتێکی زۆریان بۆ بگەڕێتەوە، بۆیه‌ هاووڵاتییان ئەم هەنگاوە بە گرنگ دەزانن بۆ کەمبوونەوەی رۆتین.

له‌ بەڕێوەبەرایەتی گومرگی دهۆك نه‌ واسته‌كردن هه‌یه‌، نا مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان سه‌ره‌بڕی لێده‌كرێت و دواش ناكه‌وێت، له‌ده‌ستپێكی هاتنه‌ ناو ئه‌و به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌، هاووڵاتیان خۆیان جۆری مامه‌ڵه‌ی خۆیان دیاری ده‌كه‌ن، له‌ تابلۆیه‌كیشدا ماوه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ دیاری كراوه‌، كه‌ چه‌ندی خوله‌كی پێویسته‌، له‌كاتی خه‌مساردی و نه‌كردنی مامه‌ڵه‌كه‌ش، هاووڵاتیان مافی سكاڵایان هه‌یه‌ له‌لای به‌ڕێوه‌به‌ری به‌ڕێوه‌به‌راتییه‌كه‌ تۆماری بكه‌ن.

عزەت فەتاح پێدەیی، به‌ڕێوه‌به‌ری گومرگی دهۆك گوتی: “كاتێك هاووڵاتی دێته‌ ناو فه‌رمانگه‌كه‌مانه‌وه‌، كۆدێك وه‌رده‌گرێت، له‌ رێگه‌ی ئه‌و كۆده‌وه‌ ده‌زانێت مامه‌ڵه‌كه‌ی له‌ ئاستێكه‌ و به‌چی گه‌یشتووه‌، به‌گوێره‌ی سیسته‌م مامه‌ڵه‌كه‌ رایی ده‌كرێت، هیچ پێوستی به‌ واسته‌كرن نییه‌، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی مامه‌ڵه‌كه‌ ناوه‌ستێت و راسته‌وخۆ به‌ڕێوه‌ده‌چێت، پێشتر مامه‌ڵه‌كان رۆژێك تا دوو رۆژی ده‌خایاند، ئێستا به‌ 45 خوله‌ك مامه‌ڵه‌كان ته‌واو ده‌بن”.

 كابینه‌ی نۆیه‌می حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان له‌سه‌ره‌تای ده‌ستبه‌كاربوونی به‌ڵێنی نه‌هێشتنی رۆتینی له‌ داموده‌زگاكانی حكومه‌ت دابوو، بۆ ئه‌م ئامانجه‌ هه‌نگاوی باش هه‌یه‌، ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌ش نموونه‌یه‌كی باشه‌ بۆ ئه‌و هه‌وڵانه‌ و سه‌ركه‌وتنی به‌ده‌ستهێناوه‌.

به‌ئه‌لیكترۆنیكردنی داموده‌گاكان، ئامانجی سه‌ره‌كی حكومه‌تی هه‌رێمه‌، تا واسته‌كردن و گه‌نده‌ڵی به‌یه‌كجاری بنبڕبكات، ئه‌مه‌ش بووه‌ته‌ هۆی دڵخۆشكردنی هاووڵاتیان و خێرا راییكردنی مامه‌ڵه‌كانیان.

هاووڵاتییه‌ك له‌ به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌كه‌ مامه‌ڵه‌ی هه‌یه‌، ئاماژه‌ی به‌وه‌ كرد، به‌هۆی ئه‌و سیسته‌مه‌وه‌، ئێستا ده‌توانم مامه‌ڵه‌كانی دیكه‌شم له‌ چه‌ند فه‌رمانگه‌یه‌كی دیكه‌ رایی بكه‌م، له‌به‌ر ئه‌وه‌ی لێره‌ مامه‌ڵه‌كه‌م زۆر زوو ته‌واو ده‌بێت.

به‌ڕێوه‌چوونی مامه‌ڵه‌كانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌، به‌ سیسته‌می ئه‌لیكترۆنی به‌ڕێوه‌ده‌چن، به‌رنامه‌ی سیسته‌مه‌كه‌ش له‌لایه‌ن گه‌نجێكی پارێزگای دهۆكه‌وه‌ دانراوه‌، تا به‌ خێراترین كات مامه‌ڵه‌ی هاووڵاتیان رایی بكرێت و رێگریش له‌ واسته‌كاری و گه‌نده‌ڵی بكرێت، بۆیه‌ ئه‌وانه‌ی سه‌ردانی ئه‌م به‌ڕێوه‌به‌رایه‌تییه‌یان كردووه‌، داوا ده‌كه‌ن سه‌رجه‌م داموده‌زگاکان بە ئەلیکترۆنی بکرێن.

 

س: k24

Back to top button