مامۆستایەكی زانكۆ: یەكێتی پڕكێشەترین حزبی عێراقە و ئەندامی سەركردایەتیی خۆی شاربەدەر كردووە

مامۆستایەكی زانكۆ  له‌ وڵامى میران محەمەد، ئەندامی مەكتەبی سیاسیی یەكێتی كه‌ لە نوێترین لێدوانیدا بانگەشەی ئەوەی كردووە و گوتوويه‌تى ”هەر حزبێك بیەوێت نێوماڵی خۆی رێكبخاتەوە، دەبێت چاو لە یەكێتی بكات“. ده‌لێ: یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان پڕكێشەترین حزبی هەرێمی كوردستانە و بەهۆی كێشە ناوخۆییەكانیەوە سەركردەی خۆی شاربەدەر كردووە، قسەكانی ئەندامێكی مەكتەبی سیاسیی یەكێتیش بە ”بەهێزترین نوكتەی ساڵ“ وەسف دەكات.

د. ڕێبین سەلام، مامۆستای زانکۆ  راگەیاند: ”قسه‌کانی میران محەمەد به‌هێزترین نوکته‌ی ساڵن، ئاخر ئه‌وه‌تا لاهوور جه‌نگی هەڕەشە له‌ ئه‌ندامانی سه‌رکردایه‌تیی حزبەكەی ده‌کات، عەتا سەراوی كە خۆی ئەندامی سەركردایەتییە سلێمانی جێهێشتووە، ئیتر چ حزبێك خۆی دەخاتە ئاژاوەیەكی لەو شێوەیەی یەكێتی تێیدایە و بەناوی ڕێكخستنەوەی نێوماڵی خۆیەوە، بەڵا بەسەر خۆی دێنێت؟“.

ئه‌و مامۆستايه‌ى زانكۆ بۆ باسنيوز روونيشى كردۆته‌وه‌ كە ئەوەی یەكێتییەكان بانگەشەی بۆ دەكەن گوایە نێو ماڵی خۆیان یەكخستووە، بانگەشەیەكی درۆیە، هەموان دەزانن بۆچی ئێستا یەكێتییەكانی (هەولێر، كۆیە، سۆران، راپەڕین، گەرمیان و زۆر شوێنی دیكە) خەریكی كۆبوونەوە و یەكتر بینینن و دەیانەوێت بەرامبەر ئەو تاقم و دەستەیەی دەستیان بەسەر حزبەكەیاندا گرتووە، بەرەیەك دروست بكەن، ئه‌نجومه‌نی باڵای سیاسیی یەكێتی و سه‌رکردایه‌تی و هاوسه‌رۆکانی حزبەكە هه‌ریه‌کیان له‌ ئاوازێک ده‌خوێنن، ئه‌وه‌تا له گۆڕانیشیان لە باڵباڵێنیی خۆیانەوە گلاندووە، ”لە هەموو عێراقدا چ حزبێك هەیە بە قەد یەكێتی كێشەی ناوخۆیی هەبێت؟“.

د.رێبين پێیوایە كە میران محەمەد و سەرجەم ئەو یەكێتییانەی بانگەشەی یەكگرتوویی نێو ماڵی حزبەكەیان دەكەن، ”یان خۆیان دەخەڵەتێنن، یانیش دەیانەوێ خەڵكی بخەڵەتینن، ئەگینا باش دەزانن دۆخی حزبەكەیان چەندە خراپە“.

Back to top button