لیژنه‌ی به‌دواداچوونی راستییه‌كانی په‌رله‌مان: هه‌وڵی ژه‌هراویكردنی جه‌وهه‌ر ئاغای هه‌ركی سیناریۆیه‌كی خێزانی و درووستكراوه‌

لیژنه‌ی به‌دواداچوون بۆ ده‌نگۆی هه‌وڵی ژه‌هراویكردنی كه‌سایه‌تییه‌كی كۆمه‌ڵایه‌تی دوای لێكۆڵینه‌وه‌ گه‌یشته‌ ئه‌و ئه‌نجامه‌ی ئه‌و بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاژانسی پاراستنه‌وه‌ نییه‌ و ته‌نیا سیناریۆیه‌كی درووستكراوی خێزانییه‌. لیژنه‌كه‌ رای خۆی له‌ باره‌ی ئه‌و پرسه‌وه‌ به‌رز كردووه‌ته‌وه‌ بۆ سه‌رۆكایه‌تی په‌رله‌مان و داواشیكردووه‌، مافی ئه‌و هاووڵاتییه‌ پارێزراو بێت و نه‌فه‌وتێت، كه‌ له‌ ژێر فشاردا دانپێدانانی له‌ لایه‌ن چه‌ند كه‌سێكه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌.

نووسراوه‌كه‌ ژماره‌ 27ی رۆژی (2ی حوزه‌یران/ یۆنیۆی 2021)ی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌ و سێ په‌رله‌مانتار واژوویان له‌سه‌ر كردووه‌ و تێیدا هاتووه‌: ئاماژه‌ به‌ نووسراوتان ژماره‌ (ك/ 1519) له‌ رێككه‌وتی (31ی ئایار/ مایۆی 2021)، سه‌رباره‌ت به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون بۆ هه‌وڵی ژه‌هراویكردنی “جه‌وهه‌ر ئاغا هه‌ركی” دوای به‌دواداچوونی لیژنه‌كه‌مان بۆ ئه‌م بابه‌ته‌ گه‌یشتینه‌ ئه‌م ئه‌نجامه‌ی خواره‌وه‌:

دوای ئه‌وه‌ی لیژنه‌كه‌مان له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ئاسایی خۆی له‌ رێكه‌وتی (25ی ئایار/ مایۆی 2021)، بڕیاری دا به‌ پێكهێنانی لیژنه‌یه‌كی لاوه‌كی بۆ به‌دواداچوونی كێشه‌ی ناوبراو، به‌ مه‌به‌ستی به‌دواداچوون لیژنه‌كه‌مان رێككه‌وتی (31ی ئایار/ مایۆی 2021)، سه‌ردانی ئاژانسی پاراستنی كرد له‌ هاوینه‌هه‌واری سه‌ڵاحه‌دین و پاشان سه‌ردانی ئاسایشی گشتیی دهۆك كرا بۆ ئه‌وه‌ی زانیاری ته‌واو له‌سه‌ر ئه‌م دۆسیه‌یه‌ وه‌ربگیرێت، كه‌:

1- دوای گفتوگۆكردن بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌م بابه‌ته‌ په‌یوه‌ندی به‌ ئاژانسی پاراستنه‌وه‌ نییه‌، ته‌نیا سیناریۆیه‌كی درووستكراوی خێزانییه‌.

2- ناوبراو (قه‌یدار محه‌مه‌د موسا)، له‌ دوای گفتوگۆكردن له‌گه‌ڵ لیژنه‌كه‌ ته‌ئكیدی له‌وه‌ كردووه‌ته‌وه‌، كه‌ له‌ ژێر فشاردا كۆمه‌ڵێك دانپێدانانی كردووه‌ له‌سه‌ر ئه‌وه‌ی كه‌ له‌ لایه‌ن “هه‌ركی جه‌وهه‌ر ئاغا و شیڤان و وه‌لید” فشارم لێكراوه‌ هه‌ڕه‌شه‌ی كوشتن و نامووسیان لێكردووم ناچار بووم ئه‌وه‌ی كه‌ ئه‌وان ویستیان له‌ ڤیدیۆكه‌ وتم، چونكه‌ پێشتر بۆ ئه‌و وتانه‌ی من و تۆماركردنی ڤیدیۆكه‌ ئاماده‌كاری بۆ كرابوو.

3- دوای تۆماركردنی ڤیدیۆكه‌ به‌ منیان گوت، ئیتر ئیشمان به‌ تۆ نه‌ماوه‌، بڕۆ ماڵی خۆت ئه‌گه‌ر پێویستت به‌ پاره‌یه‌ هاوكاریت ده‌كه‌ین، دوای رۆیشتنی من به‌ چه‌ند كاتژمێرێك ڤیدیۆكه‌ی منیان بڵاوكردووه‌ته‌وه‌، پاشان منیش له‌ لایه‌ن خزمه‌كانمه‌وه‌ كه‌وتمه‌ به‌ر توانج و گله‌یی كردن. منیش ناچار بووم راستی و درووستی بابه‌ته‌كه‌ له‌ رێگه‌ی ڤیدۆیه‌كه‌وه‌ بڵاو بكه‌مه‌وه‌ بۆ پاراستنی كه‌سایه‌تی كۆمه‌ڵایه‌تی خۆم له‌ ناو خزمه‌كانم.

4- پاشان له‌ لایه‌ن ئاسایشی دهۆك ده‌ستگیركراوم و بانگ كرام به‌ فه‌رمانی دادوه‌ر جارێكی تر له‌ دۆسیه‌ و په‌روه‌نده‌كه‌م له‌ ئاسایشی دهۆك راستی بابه‌ته‌كه‌م باس كردووه‌، وه‌كو خۆی، لیژنه‌ پرسیاری ئه‌وه‌ی كردووه‌، كه‌ له‌ لایه‌ن ئاسایشه‌وه‌ هیچ شتێك به‌رامبه‌ر به‌ تۆ كراوه‌ ناوبراو گوتی: جگه‌ له‌ رێز و ئیحترام، هیچ شتێكی تر به‌رامبه‌رم نه‌كراوه‌، ئه‌وه‌ی كه‌ وتوومه‌ هه‌مووی راستییه‌ و داواكارم له‌ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان مافم پارێزراو بێت، چونكه‌ ناحه‌قییه‌كی گه‌وره‌م به‌رامبه‌ر كراوه‌، من ئێستا له‌ لایه‌ن خه‌ڵكی كوردستان و عه‌شیره‌ته‌كه‌مه‌وه‌ به‌ چاوێكی كه‌م سیر ده‌كرێم، ئه‌مه‌ له‌ باری ده‌روونییه‌وه‌ كاریگه‌ری هه‌یه‌ له‌ سه‌رم و بووه‌ته‌ كێشه‌یه‌كی خێزانی بۆم.

5- ئێمه‌ وه‌ك لیژنه‌ی به‌دواداچوون بۆمان ده‌ركه‌وت ئه‌م بابه‌ته‌ سیناریۆیه‌كی درووستكراوه‌ له‌ لایه‌ن “هه‌ركی جه‌وهه‌ر ئاغا و شڤان و وه‌لید”.

6- ئێمه‌ وه‌كو لیژنه‌ پێشنیاز ده‌كه‌ین دوای ته‌واوبوونی لێكۆڵینه‌وه‌ و هه‌موو رێكاره‌ یاساییه‌كان “قه‌یدار محه‌مه‌د موسا” مافی نه‌فه‌وتێ و پارێزراو بێت.

نووسراوه‌ له‌ كۆتاییدا واژووی هه‌ریه‌ك له‌ ئه‌ندامانی په‌رله‌مانی كوردستان، حكمه‌ت محه‌مه‌د عبوزه‌ید، یاسین خدر ته‌ها، ئه‌رشه‌د حسێن محه‌مه‌د حسێنی به‌سه‌ره‌وه‌یه‌.

س: k24

Back to top button