شاندی حکوومەتی ھەرێمی کوردستان لەگەڵ بانکی بازرگانی عێراق کۆبووەوە

لە چوارچێوەی سەردانی شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی بۆ بەغدا، سکرتێری ئەنجوومەنی وەزیرانی ھەرێمی کوردستان، ئامانج رەحیم لەگەڵ سەرۆکی بانکی بازرگانی عێراقی و سەرۆکی ئەنجوومەنی بانکەکە، سالم چەلەبی کۆبووەوە.
بە گوێرەی راگەیەندراوێکی شاندی ههەرێمی کوردستان، لە کۆبوونەوەکەدا کە سەرۆکی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەداوادچوون، عەبدولحەکیم خەسرۆ و گوتەبێژی جێگری سەرۆکوەزیران، سەمیر ھەورامی ئامادەی بوون، پرسی پاکتاوکردنی رەسیدی بانکی بازرگانی عێراقی لە بانکەکانی ھەرێم گفتوگۆی لەبارەوەکرا کە لە ماددەی ١١ ی یاسای بوودجەی فیدڕاڵی بۆ ساڵی دارایی ٢٠٢١ دا تایبەت بە ھەرێمی کوردستان ئاماژەی پێکراوە.
لە راگەیەندراوەکەدا ئاماژە بەوەشدراوە کە ھەردوولا دۆکیۆمێنت و زانیاریی پێویستیان لەم بارەیەوە گۆڕیەوە و رێککەوتن کە لە ئایندەیەکی نزیکدا کۆبوونەوەیەکی دیکە ئەنجام بدەن بۆ دانانی میکانیزمی مامەڵەکردن لەگەڵ ئەو پرسەدا.
ئێوارەی رۆژی یەکشەممەی رابردوو، شاندی باڵای حکوومەتی ھەرێمی کوردستان بەسەرۆکایەتی جێگری سەرۆکوەزیران، قوباد تاڵەبانی گەیشتە بەغدا، بەمەبەستی گفتوگۆکردن لەگەڵ حکوومەتی عێراق بۆ دانانی میکانیزمی جێبەجێکردنی یاسای بوودجەی ٢٠٢١.