بەرپرسی لقی سێی پارتی: عێراق ھێزێکی زۆری ھێناوەتە کەرکووک

چەند ڕۆژێکە دەنگۆی مەترسی لەسەر شاری کەرکووک بڵاو دەبێتەوە و بەرپرسێکی پارتییش دەڵێت، ھێزێکی زۆر بە چەکی قورسەوە ھێنراوەتە شاری کەرکووک و ئەو ھێزانە زیاتر ڕەوشەکەیان ئاڵۆز کردووە.

د. محەمەد خورشید، بەرپرسی لقی سێی پارتی لە کەرکووک، بە ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموکراتی کوردستانی ڕاگەیاندووە: چەند ڕۆژێکە دەنگۆی مەترسیی داعش لەسەر کەرکووک لەلایەن ھێزە ئەمنییەکانی شارەکەوە بڵاو دەکرێتەوە، ئەوەش وای کردووە زیاتر ڕەوشەکە ئاڵۆز ببێت و ھەم خۆیان و ھەم خەڵکیشیان ترساندووە، ھێزە ئەمنییەکانی عێراق ژمارەیان زیاد کراوە و ئەمڕۆش ھێزی زیاتر بە چەکی قورسەوە لە بەردەم بارەگای کۆنی ئەنجومەنی سەرکردایەتیی پارتی لە کەرکووک جێگیر کراوە کە بارەگای ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووکی تێدایە.

ده‌شڵێت: ئێمە پێمان وایە بەئەنقەست دەیانەوێ ھێزەکان لەنێو کەرکووک زیاد بکرێن، چونکە ڕاستە داعش مەترسیی بۆ سەر دەوروبەری کەرکووک ھەیە و جووڵەی زیاد کردووە، بەڵام بۆ ناوشاری کەرکووک ئەو مەترسییە نییە بەو شێوەیەی باس دەکرێت، چونکە ھاوپەیمانی نێودەوڵەتی ھەن لە کەرکووک و ھێزی پێشمەرگەش نزیکە لە کەرکووک مەگەر داعش بتوانێ کردەوەی تیرۆرستی ئەنجام بدات، ئەگەرنا داعش ئەو ھێزەی نەماوە بتوانێت کەرکووک داگیر بکات.

پەیوەست بە پێکھێنانی ژووری ئۆپەڕاسیۆنی ھاوبەش لەنێوان پێشمەرگە و بەرگریی عێراق، د. محەمەد خورشید ئاماژەی بۆ ئەوە کرد: پێکھێنانی ژووری ھەماھەنگیی ھاوبەش کاریگەریی ئەوتۆی نابێت لەسەر ڕەوشەکە، چونکە ھێزە عێراقییەکان خۆیان پابەندی ھیچ فەرمانێکی سەربازی نین، بۆ نموونە ھێزەکانی حەشدی شەعبی لە کەرکووک گوێ لە فەرمانەکانی فەرماندەی ھێزە چەکدارەکانی عێراق، مستەفا کازمی و فەرماندەی ئۆپەڕاسیۆنەکانی کەرکووک ناگرن، ئینجا چۆن گوێ لە ژوورێکی ھەماھەنگی دەگرن کە لە چەند ئەفسەرێک پێک ھاتووە.

Back to top button