مونا قههوهچى : 12 فراكسیۆن تێبینیی حیزبەكانیان لەسەر دەستوور داوەتە پەرلەمان
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاشكرای دەكات، 12 فراكسیۆن سەرنج و تێبینیی حیزبەكانیان لەسەر دەستوور داوە بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان. دەشڵێ، تەنها ئۆپۆزسیۆن ماون رای خۆیان لەسەر دەستوور رەوانەی پەرلەمان بكەن.
مونا قەهوەچی، به ماڵپەڕی فەرمیی پارتی دیموكراتی كوردستانى راگهياندووه: “دوای ئەوەی رۆژی 12ی مانگی نیسانی ئەمساڵ داوامان لە سەرجەم سەرۆك فراكسیۆنەكان كرد كە داوا لە لایەنە سیاسییەكانی خۆیان بكەن ڕا و سەرنج و تێبینییەكانیان لەبارەی دەستوورەوە بگەیەننە سەرۆكایەتیی پەرلەمان، بە خۆشحاڵییەوە تاوەكو ئێستا 12 فراكسیۆن پڕۆژەكانیان گەیاندووەتە دەستەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان”.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ناوی ئەو 12 فراكسیۆنەی ئاشكرا كرد كە پرۆژەكانیان پێشكەش كردووە و گوتی: “پارتی دیموكراتی كوردستان، یەكێتیی نیشتمانیی كوردستان، بزووتنەوەی گۆڕان، شیوعی، لیستی سەردەم، چاكسازیی توركمان، بزووتنەوەی دیموكراتی گەلی كوردستان، زەحمەتكێشانی كوردستان، ئەنجوومەنی گەلی كلدانیی سریانی ئاشووری، فراكسیۆنی میللەتی توركمان، بەرەی توركمانی و پارتی گەشەپێدانی توركمانی، سەرنج و تێبینیی خۆیان بۆمان رەوانە كردووە “.
قەهوەچی گوتووشيهتی: “بە شێوەی گشتی تاوەكو ئێستا فراكسیۆنەكانی ئۆپۆزسیۆن ماون سەرنج و تێبینیی خۆیان پێشكەش نەكردووە، ئەوانیش ئامادەكاری دەكەن و چاوەڕێ دەكەین هەفتەی داهاتوو پێشكەشمان بكەن، چونكە لەگەڵ یەكگرتووی ئیسلامیی كوردستان و كۆمەڵی دادگەری قسەم كردووە و ئامادەكاریی خۆیان دەكەن”.
سكرتێری پەرلەمانی كوردستان ئاماژهى بهوهشكردووهكه: “كۆبوونەوەی سەرۆكایەتیی پەرلەمان و، سەرۆك فراكسیۆنەكانی پەرلەمانی كوردستان، هەموو كاتێك گرنگە ئەنجام بدرێت، بە تایبەت لەسەر پرسی دەستوور بۆ راوێژ و بەرنامەی كار و ئەو پرسانەی پەیوەستن بە پرسی نشتیمانی، بۆ كۆبوونەوەكەش لە هەفتەی داهاتوودایە و رۆژەكە دیاری نەكراوە، چونكە چاوەڕێی ئۆپۆزسیۆن دەكەین تاوەكو ئێستا ماون را و سەرنجەكانیان پێشكەش بە سەرۆكایەتیی پەرلەمان بكەن”
مونا قەهوەچی ههروهها گوتووشيهتى: “بە پێویستی دەزانین لەم خولەی پەرلەمانی كوردستاندا بتوانین ببین بە خاوەنی دەستووری خۆمان، كە گرنگییەكی زۆری هەیە بۆ هەرێمی كوردستان و سەرجەم پێكهاتەكان و ئایین و ئایینزاكان و دەبێتە پارێزەری قەوارەی هەرێمی كوردستان و ئەو دەستكەوتانەی بەدەست هاتوون”.
لە 24-6-2009 پەرلەمان پڕۆژەی دەستووری پەسند كرد، بەڵام بە هۆی نەبوونی كۆدەنگییەوە، بۆ دەنگدانی هاونیشتمانیان هێڵدرایەوە و دواتر بێدەنگیی لێ كرا، هەروەها لە خولی چوارەمی پەرلەمانی كوردستاندا، 51 ماددەی رەشنووسی دەستوور كۆدەنگییان لەسەر كرا و، لە خولی پێنجەمیشدا گەیشتنە 72 ماددە، بەڵام چەند ماددەیەك خاڵی ناكۆكی نێوان لایەنە سیاسییەكان بوون، كە پەیوەندییان بە ئایین، سیستمی سیاسی و بەڕێوەبردن و دابەشكردنی دەسەڵاتەكانەوە هەبوو، ئەمەش وای كرد ماددەكانی تر تەواو نەكرێت و دەستووریش بكەوێتە ئەم خولەی پەرلەمان.