پۆلیسى راپەڕین: گەنجێک ئۆتۆمبێلێک بەبیانوى کڕین دەباتە پشکنین و دەیدزێت

پۆلیسى راپەڕین رایگەیاند، گەنجێکیان دەستگیرکردوە کە ئۆتۆمبێلێکى بەبیانوى کڕین بردوە بۆ پشکنین، بەڵام ئۆتۆمبێلەکەى نەگەڕاندوەتەوە.

لە راگەیەنراوێکدا پۆلیسى راپەڕین ئاشکراى دەکات، گەنجێکیان بە ناوى (د. ح. ت) بە تۆمەتى دزینى ئۆتۆمبێلێکى جۆرى (BMW) دەستگیرکردوە کە لە دایکبووى ساڵى (1997)ـەو دانیشتوى قەزاى چەمچەماڵە.

پۆلیس دەشڵێت، گەنجەکە بەبیانوی کڕینی؛ ئۆتۆمبێلەکەى بردوە بۆ پشکنین، بەڵام راستەوخۆ ئۆتۆمبێلەکەى بردوە بۆ سنورى ئیدارەى راپەڕین و هەوڵیداوە لە ناحیەى چواقوڕنە بیفرۆشێتەوە.

پۆلیسى راپەڕین ئەوەش دەخاتەڕوو، تۆمەتبارەکە بە هاوکاریی هێزەکانیان لە بنکەی پۆلیسی ماکۆک دەستگیرکراوە و پەڕاوی لێکۆڵینەوەی بۆکراوەتەوە و بەپێى ماددەى (456) لە یاسای سزادانی عێراقی راگیراوە.

Back to top button