هەرێمی كوردستان وەڵامی راپۆرتی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی دەداتەوە
خواكوڕك
دەقی راپۆرتەكە:
لیژنەی هەڵسەنگاندن و بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان ئەو راپۆرتانەی كە لە لایەنە نێودەوڵەتییەكان دەردەچن سەبارەت بە هەرێمی كوردستان بەرز دەنرخێنێت بەتایبەتی ئەگەر ناوەڕۆكی راپۆرتەكان بابەتی بن چونكە دەبنە هۆكاری بەدواداچوونی ورد بە رەوشی مافەكانی مرۆڤ و حوكمڕانی لە هەرێمی كوردستان، سەبارەت بە راپۆرتی ساڵانەی ڕێكخراوی لێبوردنی نێودەوڵەتی لە ڕێكەوتی 22/2/2017 بڵاوكراوەتەوە، ئێمە وەك لیژنەی بەدواداچوونی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان تێبینی و سەرنجەكانی خۆمان سەبارەت بەو كەیسانەی كە باس كراون بەم شێوەیە دەخەینە روو:
یەكەم: ئازادی میدیا و ڕادەربڕین
لە كوردستان ئازادی ڕاگەیاندن و ڕادەربڕین بە پێی یاسا رێكخراوە و بە سوود وەرگرتن لە یاسا بە سەدان ڕۆژنامە و گۆڤار و ڕادیۆ و تەلەفزیۆن هەن لە هەرێمی كوردستان كە بەپێی ڕێوشوێنی تایبەت مۆڵەتی كاركردنیان هەیە و مافی ڕۆژنامەنووس و میدیاكاران بە پێی یاسا پارێزراوە. لە كاتی بوونی هەر حاڵەتێك كە دژ بە ڕێنماییەكانی ڕۆژنامەگەری لە هەرێمی كوردستان و پێشێلكردن بێت یان بچێتە خانەی تەشهیر و ناوزڕاندن ئەوا كار بە یاسای سزادانی عێڕاقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969ی هەمواركراو دەكرێت.
هەركاتێك رۆژنامەنووس یان دەزگایەكی میدیایی بەرپرس بێت لە پێشێلكردنی یاسا ئەوا لەلایەن دەزگا ئەمنییەكانەوە دەستگیر ناكرێت، چونكە بەپێی یاسای ڕۆژنامەنووسی ژمارە (35)ی ساڵی2007 تایبەت بە كاری رۆژنامەوانی ناكرێت هیچ رۆژنامەنووسێك دەستگیر بكرێت بەبێ بڕیاری دادگا و رەزامەندی سەندیكای رۆژنامەنووسانی كوردستان.
كەیسی رۆژنامەنووس ویداد حوسێن
ویداد حوسێن رۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆك لەلایەن چەند كەسێكی نەناسراوەوە رفێندراوە، كاتژمێر (١٢)لە نزێك گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراوە و دوای ئەوەی رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كراوە، بەداخەوە لەبەر سەختی برینەكەی گیانی لە دەستدا. دوای رووداوەكە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم بە بڕیاری ژمارە (23793) و لەسەر بنەمای رێنماییەكانی جەنابی سەرۆكی هەرێم لە (14/8/2018) لیژنەیەكی لێكۆڵینەوە بە سەرۆكایەتی موقەدەمی مافپەروەر(عصمت فرج محمد صالح) بەڕێوەبەری نەهێشتنی تاوانی دهۆك، ئەندامیەتی هەریەكە لە رائیدی مافپەروەر (وڵات صدیق ابراهیم) ئەفسەری نووسینگەی كوشتن و رائیدی مافپەروەر (بهدین سربست علی) ئەفسەری نووسینگەی نەهێشتنی تاوانی سێمێل لەسەر چۆنیەتی رفاندن و كوشتنی رۆژنامەنووسی ناوبراو پێكهێنرا.
بەپێی لێدوانەكانی ئەندامانی لیژنەكە و دوای لێكۆڵینەوەكان دەركەوت كە (ویداد حوسێن) رۆژی 13/8/2016 لە شاری دهۆك لەلایەن دوو ئۆتۆمبیلی جۆری كیا تایبەت رەنگی رەش و ئۆپترا تایبەت رەنگی سپی رفێندراوە، كاتژمێر (١٢) ناوبراو لە نزیك گوندی سێجێ بە برینداری دۆزراویەوە لە لایەن موختاری گوندەكە و بەپێی وتەكانی موختار كە ئەو یەكەم كەس بووە گەیشتووەتە سەر ویداد حوسێن و پرسیاری لێكردووە لە وەڵامدا تەنها گوتوویەتی كە ئەو دانیشتووی شاری دهۆكە، ئینجا موختار پەیوەندی بە پۆلیس كردووە بۆ گواستنەوەی و دواتر رەوانەی نەخۆشخانەی فریاكەوتنی دهۆك كراوە، بەڵام بەهۆی سەختی برینەكەی لە نەخۆشخانە گیانی لە دەستدا،
دواتر چەند كەسێكی گومان لێكراو دەستگیر كران و گوتەیان لێوەرگیرا، هەروەها گوتەی (5) كەسی نزیك لە شوێنی رووداوەكە وەك شاهید تۆمار كرا و پەراوی كەیسەكە رەوانەی دادگای تاوان كراوە، دواتر دادوەر بەپێی ماددەی (406/ی.س) لە یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (١١١ ی ساڵی ١٩٦٩ی هەموار كراو) بڕیاریدا بە دەستگیركردنی تاوانباری نەناسراو و هێشتنەوەی دۆسییەكە بە كراوەیی و بەردەوام بوونی لێكۆڵینەوەكان تا كاتی دۆزینەوەی بەڵگەی تەواو لەسەر ئەنجامدەرانی تاوانەكە.
بەپێی بەدواداچوونە سەرەتاییەكانی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی دهۆك خزم و كەسی (ویداد حوسێن) سكاڵایان لەسەر هیچ كەسێك بەرز نەكردۆتەوە، بۆیە وەك حاڵەتێكی ئاسایی بەپێی یاسا لە كاتی نەبوونی هیچ سكاڵایەك دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەت وەك مافی گشتی لەرووی یاساییەوە مافی جوڵاندنی داوای سزاییان هەیە.
دووەم: دەستگیر كردنی ئەو كەسانەی لە تۆمەتی تیرۆر تێوەگلاون
لەگەڵ هاتنی راگوێزراوان بۆ ساترەكانی هێزی پێشمەرگە وەك رێوشوێنێكی ئەمنی تەنیا پیاوەكان دەپشكێندرێن ئەویش پشكنینێكی زۆر ئاساییە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی كەسانی تیرۆریست و خۆكوژ لە نێویاندا، دواتر دەگوازرێنەوە بۆ سەنتەرەكانی پێشوازی. دوای گواستنەوەی راگوێزراوان بۆ سەنتەری پێشوازی لەوێش تەنیا پیاوەكان دەپشكێندرێن و بەهیچ شێوەیەك پشكنین بۆ ئافرەتان ئەنجام نادرێت، تەنانەت خودی رێكخراوەكانی نەتەوەیەكگرتووەكان گلەیی ئەوەیان كردووە كە بۆچی ئافرەتەكان ناپشكێندرێن، بەڵام بەهۆی رەچاوكردنی دابونەریتی كۆمەڵایەتی و حورمەتی خەڵكەكە تا ئێستا ئافرەتە راگورێزراوەكان پشكنینیان بۆ ئەنجام نادرێت.
زۆر جار لە كاتی روودانی شەڕ هەندێك كەس دەستگیر كراون، بەڵام دوای ئەنجامدانی لێكۆڵینەوە ئەوانەی كە بێتاوانن ئازاد دەكرێن و ئەوانەی كە پەیوەندییان بە داعشەوە هەبێت بەپێی ماددە (٤)ی یاسای دژە تیرۆر كە پێشتر كاری پێدەكرا رەفتاریان لەگەڵدا كراوە، هەروەهالە دوای ڕزگاركردنی هەر ناوچەكە لەلایەن هێزی پێشمەرگەوە دانیشتوانی ناوچەكە وەك رێوشوێنێكی ئاسایی كۆدەكرانەوە ئافرەتان بەجیا و پیاوانیش بە جیا، هەركەسێك دەركەوت كە پەیوەندی بە داعشەوە هەبوبێت بەپێی زانیاری هەواڵگری وەك (وێنە یان تۆماری دەنگی یان دوو شاهید) ئەو كەسانە دەستبەسەر دەكران و لێكۆڵینەوەیان لەگەڵدا دەكرا بۆ ماوەی (24) كاتژمێر دواتر ڕەوانەی بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ناوچەكە دەكران ئەگەر دوای لێكۆڵینەوە دەركەوتبا كە پەیوەندییان بە تیرۆریستانەوە هەیە ڕەوانەی دادگای تایبەت دەكرا و هەموو مافێكیان هەبوو و كەسوكاریشیان لە دەستگیر كردنی ئەو تەمەتەی كە لەسەر دەستگیر كراوە ئاگادار دەكرانەوە بەپێی یاسا، بەڵام ئەگەر هیچ بەڵگەیەكی درووستیان لەسەر نەبێت ئەوا ئازاد دەكرا و ئەو رێوشوێنانەی كە دەزگا ئەمنییەكان دەیگرنە بەر رێوشوێنێكی ئاساییە لە هەر شوێنێك لە كاتی جەنگدا بەپێی یاسا و رێنماییەكان ئەنجام دەدرێت.
بەشێوەیەكی گشتی، وەزارەتی ناوخۆی حكومەتی هەرێمی كوردستان دەزگای جێبەجێكردنی بڕیار وفەرمانەكانی داگاكانە و هەر كەسێك فەرمانی دەستگیر كردنی لە دادگا بۆ دەرنەچووبێت دەستگیر ناكرێت، بەپێی یاسای سزادانی عێراقی ژمارە (111)ی ساڵی 1969 ی هەموار كراو پاش دەرچوونی فەرمانی دەستگیر كردن لەلایەن دادگاوە، تۆمەتبار دەستگیر دەكرێت و هەموو رێكارە یاساییەكانی بەرامبەر دەگیرێتە بەر بەپێی یاسای بنەماكانی دادگایی كردنی سزایی (اصول المحاكمات الجزائیە) ژمارە (23)ی ساڵی 1971ی هەموار كراو، بەم پێیەش وەزارەتی ناوخۆ دەسەڵاتی گرتن و ئازاد كردنی كەسی نییە ئەگەر دادگا فەرمانی دەستگیر كردنی نەدات.
دوای ئەوەی راگیراو حوكمی لە دادگاوە بۆ دەرەدچێت رەوانەی دامودەزگاكانی وەزارەتی ناوخۆ دەكرێ بۆ سەپاندنی سزاكەی بەپێی رێوشوێنە كارپێكراوەكان، بەڵام ئەشكەنجە نادرێ، چونكە ئەشكەنجەدان تاوانە بەپێی یاسای سزاكانی عێراقی كە لە ماددەی (333) .بەپێی ماددە (19) بڕگە 12/ا ی دەستووری عێراق دەستبەسەرداگرتنی ئیداری (حجز اداری) قەدەغە كراوە و دەسەڵاتی بەند كردن تەنیا دراوەتە دادوەر.
كەیسی (باسیمە دەروێش)
سەبارەت بە كەیسی (باسیمە دەروێش) رۆژی سێشەممە رێكەوتی 21/2/2017 لە دادگای تاوان/٢ ی هەولێر پرۆسەی دادگایی كردنی تۆمەتبار (باسیمە دەروێش) كە بەپێی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر ساڵی 2006 دەستگیر كرابوو، دادگاكە بە سەرۆكایەتی دادوەر فازل عەباس و ئەندامیەتی دادوەران زرار هەركی و دادیار حەمید بەڕێوەچوو، پاش وەرگرتنی ئیفادەكان لە تۆمەتبار، دادگا هەڵسا بە دانانی ماددە (٢) بڕگە (٨) كە بریتییە لە داپۆشینی تاوان (تستر) لە جیاتی ماددە (٣) بڕگە (٧)ی یاسای دژە تیرۆر كە بریتییە لە هەبوونی پەیوەندی بە گرووپە تیرۆریستییەكانەوە. جێگری داواكاری گشتی داوای كرد كە ناوبراو ئازاد بكرێت بەپێی ماددە (دوو) بڕگە (ج) لە یاسای بنەماكانی دادگایی سزای عێراقی ژمارە (٢٣ی ساڵی ١٩٧١)، پاش گفتوگۆی سەرۆك و ئەندامانی دادگاكە و لەبەر نەبوونی بەڵگەی تەواو لەسەر تاوانی ناوبراو، بڕیار درا بە ئازادكردنی (باسیمە دەروێش) و بڕیارەكەش قابیلی تەمیزە لە دادگای تەمیز لە ماوەی ٣٠ رۆژدا، پاش پەسەند كردنی لە دادگای تەمیز بڕیارەكه پلەی تەواو وەردەگرێت (الدرجە القگعیە) و تاوانبار ئازاد دەكرێت، بەڵام ئەگەر دادگای تەمیز بەپێچەوانەوە بڕیاری دادگای تاوانی پەسەند نەكرد ئەوا ناوبراو سزا دەدرێت بەپێی یاسا، بۆیە تا دادگای تەمیز بڕیاری كۆتایی خۆی دەدات ناوبراو دەمێنێتەوە لە بنكەی چاكسازی.
لە كاتی مانەوەی لە بنكەكانی گرتن و گواستنەوە باسیمە دەروێش هەموو مافێكی یاسایی هەبوو، دیارە پرۆسەی دادگایی كردن لە هەر سیستەمێكی یاسایی لە هەر وڵاتێكدا بێت قورسە و كاتی زۆری دەوێ بەتایبەتی ئەگەر هاتوو كەیسەكان پەیوەندییان بە ئاسایشی نیشتمانییەوە هەبێت، سیستەمی یاسایی هەرێمی كوردستان چەند رێوشوێن و رێكاری یاسایی هەن پێویستە كە پەیڕەو بكرێن لە كاتی یەكلا كردنەوەی كەیسەكاندا، بۆیە لایەنە پەیوەندیدارەكان وەك هەر دەستگیركراوێك مامەڵەیان لەگەڵ كەیسی باسیمە دەروێشدا كردووە و هەموو مافێكی یاسایی پێ بەخشراوە بەپێی یاسا وەك دابینكردنی پارێزەر و رێگادان بە سەردانی كەسوكاری، هەروەها رێكخراوە مرۆییەكانیش بە بەردەوامی سەردانیان كردووە و بەدواداچوونی وردیان بۆ ئەم كەیسە كردووە.
سیستمی یاسایی لە كوردستان رێرەوی خۆی گرتووە و دەسەڵاتی دادوەری بێلایەنە و پابەندە بە جێبەجێكردنی یاسا و پاراستنی پرنسیپەكانی مافی مرۆڤی نێودەوڵەتی، ولەم بوارەوە دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی حكومەتی هەرێمی كوردستان رێگاخۆشكەر بوونە بۆ ئەوەی مافی یاسایی هەموو هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان دەدات و بەبێ جیاوازی مسۆگەر بكەن.
سێیەم: ئازادی هاتوچۆی راگوێزراوەكان
دامودەزگا پەیوەندیدارەكانی هەرێمی كوردستان رێگا لە هاتوچۆی ئاوارە و پەناباران ناگرن، بەڵام بە هۆی بەردەوامی شەڕی داعش و مەترسی ئەمنی هێزەكانی ئاسایشی ناوخۆ هەندێك ڕێوشوێنی ئەمنیان گرتووەتەبەر بەتایبەت لە هەندێ ناوچەی دیاریكراو كە زۆرترین مەترسی دزەكردنی تیرۆریستانی لەسەرە، ئەم ڕێوشوێنانەش زیاتر بۆ هاووڵاتییە عەرەبەكانە بە مەبەستی ڕێگەگرتن لە دزەكردنی تیرۆریستان بۆ ناو كوردستان، خاڵەكانی پشكنین دوابەدوای وردبینكردن لە دۆكیومینتەكانی ئەو خێزانانە و دڵنیابوون لە بێتاوانیان لەلایەن هۆبەی خاڵەكانی پشكنینەوە بە ئۆتۆمبێلی تایبەت كە لەلایەن رێكخراوە مرۆییەكان و كۆمەڵگەی مەدەنیەوە ئامادەكراون دەگوازرێنەوە بۆ كەمپەكان.
لە نێو كەمپەكانیشدا لایەنە پەیوەندیدارەكان بۆ پاراستنی ئاسایشی كەمپەكان چەند رێوشوێنی تایبەت دەگرنە بەر بۆ هاتوچۆی راگوێزراوان بۆ دەرەوەی كەمپەكان تەنانەت مۆڵەتی ئەوەشیان پێ دەدرێت كە لە شارەكاندا كار بكەن و لەم رووەوە ئاسانكاری زۆریشیان بۆ دەكەن، بەشێوەیەكی گشتی ئاوارە و راگوێزراوان ئازادن لە هاتوچۆ كردن و بنكەی تەندروستییان هەیە، بەڵام هەر كەسێك پێویستی بە چارەسەر بێت و لە كەمپەكە چارەسەر نەكرێت ئەوا دەنێردرێنە نەخۆشخانەكانی پارێزگاكانی هەرێم بۆ چارەسەر كردن.
سكرتاریەتی لیژنەی هەڵسەنگاندن و وەڵامدانەوەی راپۆرتە نێودەوڵەتییەكان
٢٣/٢/٢٠١٧