عەلی عەونی: پێویستە حكومەتی عێراق پەكەكە لە شنگال دەربكات
عەلی عەونی، ئەندامی سەرکردایەتی پارتی رایگەیاند، بۆ ئەوەی ئاگرەكەی كامپی شاریا لە دهۆک دوبارە نەبێتەوە، پێویستە حكومەتی عێراق پەكەكە لە شنگال دەربكات، دەشڵێت، خەڵكی ئامادەیە لەژێر ئەم خێوەتانەدا بژیت، بەڵام ئامادە نیە بچێتە ژێر دەسەڵاتی پەكەكەوە.
عەلی عەونی لە نوسینێکدا لە هەژماری تایبەتی خۆی لە تۆڕی کۆمەڵایەتی فەیسبوک لەبارەی ئاگرەکەی کامپی شاریا لە دهۆک رایگەیاندوە، نزیکەی 400 خێوەتی ئاوارەکانی شنگال لە کامپی شاریا لە دھۆک سوتان، ئەوە حەوت ساڵە خەڵکی شنگال لە کامپەکان و لەژێر خێوەتگەلی ناشیاو بۆ ژیان، دەژین، سەرەڕای راگەیاندنی سەرکەوتنی شەڕ بەسەر داعشدا، ھێشتاش خەڵک ئامادە نییە بگەڕێتەوە بۆ شنگال.
ئاماژەی بەوەشکردوە، ئەگەر پەکەکە و حەشدی شەعبی لە شنگال نەبونایە و ئەگەر حکومەتی عێراق رێککەوتنی خۆی لەگەڵ حکومەتی کوردستان جێبەجێ بکردایە، شنگالییەکان بە دڵنیایی و بڕواوە دەگەڕانەوە سەر جێو واری خۆیان، خەڵک ئامادەیە لە ژێر ئەم خیوەتانە بژیت بەڵام ئامادە نییە بچێتە ژێر دەسەڵاتی پەکەکە و حەشد.
عەلی عەونی باسی لەوەشکردوە، ئەو چەند ماڵەش کە گەڕابونەوە شنگال جارێکی دیکە بە پەلەپە گەڕانەوە بۆ ژێر خێوەتەکان، ئەوە چەندین جارە کە روداوی ئاگرکەوتن لەم کامپانە رودەدات و قوربانی گیانیشی ھەبووە، بۆ ئەوەی کە چیتر ئەم کارەساتانە دوبارە نەبن، پێویستە حکومەتی عێراق بە زوترین کات رێککەوتنەکەی خۆی لەگەڵ حکومەتی کوردستان جێبەجێ بکات و میلیشاکانی شیعە و پەکەکە لە شنگال دەربکات بۆ ئەوەی دڵنیایی بداتە خەڵک بۆ گەڕانەوە بۆ شنگال.