لێژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانى كوردستان: پەکەکە چەندینجار رۆڵەی هه‌رێمی كوردستانیان شه‌هیدكردووه‌..با شەڕى خۆيان ببەنەوە ناو خاکی خۆیان

لێژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان رایده‌گه‌ێنێت: بەداخەوە بەرەبەیانی ئەمڕۆ شەممە 2021/6/5، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەچیای مەتین کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکەو پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.
لێژنه‌ی كاروباری پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان ئاماژه‌ بۆ ئه‌وه‌ش ده‌كات: وەک لیژنەكه‌مان ئەم هێرشە ئیدانەو شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشى لەبنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و داوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.
هه‌روه‌ها راشیده‌گه‌ێنێت: چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندینجار رۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بوونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبوونی سەدان گۆندی سنووری هەرێمی کوردستان.

دەقی راگەیەندراوەكه‌ى ليژنه‌ى پێشمه‌رگه‌ له‌ په‌رله‌مانى كوردستان:.

بەداخەوە بەرەبەیانیی ئەمڕۆ شەممە 2021/6/5، هێزێکی پێشمەرگەی زێرەڤانی لەچیای مەتین کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکەو پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

بەرەبەیانیی ئەمڕۆ (9) پێشمەرگە کە لەهۆبەی ئەندازە بوونەو کاریان هەڵگرتنەوەو پووچەڵکردنەوەی بۆمب بووە، لەکاتی ئەنجامدانی ئەرکێکی سەربازی لە چیای مەتینی قەزای ئامێدی، بەمەبەستی پاراستنی خەڵک و گوندەکانی ئەم ناوچەیە و گەڕاندنەوەی ئاسایش بۆ دەڤەرەکە، هێرشکراوەتەسەر ئۆتۆمبێلەکەیان لە جۆری باجیرۆ لەوکاتەی ویستوویانە بەرەو ئەو بنکانە بڕۆن کەپێش چوار مانگ لەو ناوچەیە دانرابوون، بەڵام بەداخەوە کەوتوونەتە بۆسەیەکی پەکەکە و پێنج پێشمەرگە شەهیدبوون و چواری دیکەش برینداربوون.

وەک لیژنەی کاروباری پێشمەرگە ئەم هێرشە ئیدانە و شەرمەزار دەکەین و سەرەخۆشى لەبنەماڵەی سەربەرزی شەهیدەکان دەکەین و داوای زوو چاکبوونەوە بۆ بریندارەکان دەخوازین.

چەندین ساڵە پەکەکە بەبیانووی شەڕ لەگەڵ دەوڵەتی تورکیا بووەتە مەترسی بۆ سەر هەرێمی کوردستان و چەندینجار رۆڵەی ئەم هەرێمەیان شەهید کردووە، لەلایەکی تر بوونەتە هۆکاری چوڵبوون و وێرانبوونی سەدان گۆندی سنووری هەرێمی کوردستان.

بۆیە جارێکی تر داوایان لێدەکەین کە شەڕەکەیان ببەنە ناو خاکی تورکیا و نەبنە هۆکاری مەترسی بۆ سەر دەستکەوت و سەروەرییەکانی هەرێمی کوردستان و دەبێ رێز لەسنووری هەرێم بگرن و ئاسایش و سەقامگیریی هەرێمی کوردستان نەخەنە مەترسییەوەو باخوێنی کورد بەدەستی کورد نەرێژرێت، بۆیە داواكارین كێشەی توركیاو پەكەكە بەئاشتییانە چارەسەر بكرێت لەئەگەری چارەسەر نەبوون لەناو خاكی توركیا كێشەكە یەكلایى بكرێتەوە.

 

لیژنه‌ی كاروبارى پێشمه‌رگه‌ له‌په‌رله‌مانی كوردستان

5ى حوزه‌یرانی 2021

Back to top button