وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ : دەبێ دەستدرێژییەکانی پەکەکە و هەموو پەلامار و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت

وه‌زاره‌تى پێشمه‌رگه‌ دووه‌م راگه‌يێندراوى خۆى له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى ئه‌مرۆى په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ چياى مه‌تين بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌لێ: پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جووڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات، داوا دەکەین، حکوومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دوور بخاتەوە.

ده‌شلێت :” دەبێ دەستدرێژییەکانی پەکەکە و هەموو پەلامار و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت

 

ده‌قى راگەیەندراوی ژمارە 2ـى وەزارەتی پێشمەرگە :.
لە ئەنجامی پەلامارەکەی ئەمڕۆ 5ی حوزەیرانی 2021 لە چیای مەتین، سنووری قەزای ئامێدی، کاروانێکی هێزی پێشمەرگە، لەلایەن هێزێکی پەکەکەوە دەستدرێژیەکی بێپاساویان کرایە سەر و لە ئەنجامدا پێنج پێشمەرگە شەهید بوون و حەوت پێشمەرگەی تریش بریندار بوون.
لەم هێرشەدا هێزەکانی پەکەکە چەکی سووک و قورسیان بەکارهێناوه، لە کاتێکدا چوونی هێزی پێشمەرگە بۆ ئەو سنوورە بەئامانجی پاراستنی سەقامگیری و ئاسایشی ناوچەکە بووە، وەک هەر ناوچەیەکی تری سنووری هەرێمی کوردستان، هێزی پێشمەرگە بە مافی خۆی دەزانێت، جووڵە و سەنگەرسازی پێویست بکات.
لێرەوە داوا دەکەین، حکوومەتی عێراق بەخێرایی بێتە سەر خەت و رێگە لە لەشکرکێشی و پەلامارە بەردەوامەکانی تورکیا بگیرێت. هەروەک داواش لە هێزەکانی پەکەکە دەکەین، رێز لە سنوور و سەروەری خاکی کوردستان بگرێت و شەڕ لەماڵی کورد و هەرێمی کوردستان دوور بخاتەوە.
ئێمە لە وەزارەتی پێشمەرگە، سەرکۆنەی توندی ئەم پەلامارە دەکەین و هۆشداریش دەدەین، کە دۆخی هەستیاری هەرێمی کوردستان، رەوشی لەوجۆرە ناخوازێت و دەبێ دەستدرێژییەکانی پەکەکە و هەموو پەلامار و دەستدرێژییەک بۆ سەر هەرێم و هێزی پێشمەرگە رابگیرێت، کە ئەرکی سەرەکی پێشمەرگە لە ئێستادا پاراستنی خاکی هەرێم و تێکشکاندنی تیرۆریستانی داعشە.
پرسەو سەرەخۆشی لە خۆمان و خانەوادەی سەربەرزی شەهیدانی ئەم پەلامارە دەکەین و شیفای خێراش بۆ برینداران دەخوازین.
وەزارەتی پێشمەرگەی حکوومەتی هەرێمی کوردستان
5ی حوزەیرانی 2021
Back to top button