په‌رله‌مانی كوردستان: داوا لە پەکەکە و تورکیا ده‌كه‌ین شەڕ و ئالۆزیەکانیان لە هەرێمی کوردستان دووربخەنەوە

په‌رله‌مانی كوردستان له‌ راگه‌یه‌ندراوێكدا له‌باره‌ى هێرشه‌كه‌ى ئه‌مرۆى چه‌كدارانى په‌كه‌كه‌ بۆ سه‌ر هێزه‌كانى پێشمه‌رگه‌ له‌ چياى مه‌تين ى سنوورى قه‌زاى ئامێدى نیگه‌رانی خۆی ده‌رده‌برێت و ده‌لێ : داوای له‌ په‌كه‌كه‌ و توركیا ده‌كه‌ين، شه‌ڕی خۆیان له‌ سنووری هه‌رێمی كوردستان دوور بخه‌نه‌وه‌.

په‌رله‌مانى كوردستان ده‌شلێت:” داواکارین لە پەکەکە و تورکیا شەڕ و ئالۆزیەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی بگرنە بەر و رێز لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

 

ده‌قی راگه‌یه‌ندراوه‌كه‌ی په‌رله‌مانی كوردستان:

بە ناوی پەرلەمانی کوردستانەوە هاوخەمی خۆمان بۆ شەهیدبوونی ئەو پێنچ پێشمەرگە قاره‌مانه‌ دەردەبڕین، کە بەرەبەیانی رۆژی 5ی 6ی 2021 لە دەڤەری ئامێدی، وەك ئەوەی لە راگەیەنراوی وەزارەتی پێشمەرگەدا هاتووە لەلایەن پەکەکەوە لە بۆسەیەکدا شەهید کران. وێڕای پرسە و سەرەخۆشیمان بۆ خانەوادە و کەسوکاری سەربەرزیان، هیوای زوو چاکبوونەوە بۆ پێشمەرگە بریندارەکان دەخوازین .

پەرلەمانی كوردستان بژاردەی شەڕ بە هەموو جۆرێك رەتدەکاتەوە و خوازیارین شەڕی لایەنە ناکۆکەکان لە سنوورەکانی هەرێمی کوردستان دووربخرێتەوە، و دەبێت هەموو لایەك سەروەری هەرێمی کوردستان بپارێزن و بیانو بە دەستەوە نەدرێت بۆ شەڕ و پەلامار و لەشکرکێشی وڵاتان، بەجۆرێك کە کار بکاتە سەر ناوچەکانی کوردستان و بە هۆیەوە سەر و ماڵی هاووڵاتیانمان و سروشتی ناوچەکە بکەوێتە مەترسییەوە و رێگری بکرێت لە ئاوەدانکردنەوە و ئارامی گوندەکان.

داواکارین لە پەکەکە و تورکیا شەڕ و ئالۆزیەکانی خۆیان لە هەرێمی کوردستان دووربخەنەوە و بژاردەی ئاشتی و چارەسەری سیاسی بگرنە بەر و رێز لە دامودەزگاکانی هەرێمی کوردستان و سەروەری هەرێمی کوردستان و عێراق بگرن.

پەرلەمانی كوردستان

5ی 6ی 2021

Back to top button