په‌رده‌ له‌سه‌ر دۆسیه‌كانی مووچه‌ و نه‌وت و زه‌وی و زار هه‌ڵده‌درێته‌وه‌

خواكوڕك

ئەندامێكی لێژنەی باڵای چاکسازی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان رایده‌گه‌یه‌نێت، ئامانجی گه‌وره‌ی لێژنه‌كان و چاكسازیه‌كان بریتیه‌ له‌ چاككردنه‌وه‌ی مووچه‌ی خه‌ڵك و ئێستا سیستەمی بایۆمەتری کاری خۆی دەکات، بەو سیستەمە میلاکاتی حکوومەت رێک دەخرێتەوە، پاشان پێداچوونەوە بە پلەبەندیی مووچەی فەرمانبەران بەشێک لە کێشەکان چارەسەر دەکات، دواتر عەدالەتی لە مووچە و داھات و لابردنی خەرجیی زیادە، ئەویش ھاوکار دەبێت بۆ زیادکردنی داھاتی خەڵک.

محەمەد شوکری ئەندامی لێژنەی باڵای چاکسازی لە سەرۆکایەتیی ھەرێمی کوردستان له‌میانی دیمانه‌یكدا رایگه‌یاند، پڕۆسەی چاکسازی باش دەچێتە پێشەوە، بەڵام وەک پێویست نییە، چونکە چاکسازی پڕۆسەیەکی ئاڵۆزە، گرنگترین شت لە چاکسازیدا ئەوەیە یەکەم: کەموکوڕیەکان نەمێنن، دووەم: ئەو داھاتەی ھەیە باشتر رێک بخرێت و بێتە دەستی حکوومەت، سێیەم: خەرجییەکان باشتر رێک بخرێن تا داھات بە باشی بگاتە دەستی خەڵک و چوارەمیش: داھاتی خەڵک زیاتر بێت لەوەی کە ھەیە.

له‌باره‌ی به‌رده‌وامی زێده‌ڕۆییه‌كان ئه‌و ئه‌ندامه‌ی لێژنه‌ی چاكسازی به‌ باسی راگه‌یاندووه‌، پڕۆسەی چاکسازی لایەنی باشی ھەبووە. لەوانە لە پرسی زێدەڕۆییکردنە سەر زەویی کشتوکاڵی و حکوومی، لیژنەکەمان توانیویەتی زێدەڕۆیی رابگرێت، ئێستا ئەنجامەکان بەتەواوی دەرنەکەوتوون و ھەر بەردەوامین لە کارکردن لەو دۆسیەیە و دۆسیەکانی تریش.

له‌باره‌ی ده‌سگیركردنی گه‌نده‌ڵكاران ده‌ڵێت، ئەو پڕۆسەیە دەستی پێ کردووە و ھەندێک بەرپرس لە پڕۆسەی چاکسازیدا گیراون، جارێ کاتی نەھاتووە، ئەگینا شتی تر بۆ خەڵک لەمبارەیەوە رادەگەیەندرێت و بەم نزیکانە ئەوەش دەبیندرێت کە خەڵکی وەک وەزیر و باڵادەست دەبرێنە بەردەم دادگا، لە مانگی ٣ بۆ مانگی ٤ پەنا بەخوا خەڵک شتی بەرجەستە دەبینن.

له‌باره‌ی كاریگه‌یره‌كانی ئه‌و پرۆسه‌یه‌وه‌ محەمەد شوکری پێیوایه‌، ئەو پڕۆسەیە ترسی دروست کردووە و بووەتە بەربەستێک بۆ رێگری کردن لە گەندەڵی، دامودەزگاکانی وەکو نەزاھە و دیوانی چاودێریی دارایی ھاتوونەتە سەرخەت، حکوومەت ئیجرائاتەکانی خۆی باشتر کردووە، و ھیچ بەرھەڵستییەک نییە بۆ بڕیارەکانی چاکسازی، بە پێچەوانەوە ئێستا حکوومەت لە ھەموو کاتێک زیاتر ھاوکارە بۆ مەسەلەی چاکسازی، رەنگە جێبەجێکردنی بڕیارەکان لە ناوچەیەک بۆ ناوچەیەکی تر بگۆڕدرێت.

له‌باره‌ی ئه‌وه‌ی كه‌ چاكسازیه‌كان بۆژی ته‌نها سنووری پارێزگای هه‌ولێر و دهۆكی گرتۆته‌وه‌ شوكری ده‌ڵێت، لە سلێمانی چاکسازیکردن وەکو پێویست نییە، بەڵام بەڵێنیان داوە کە لەوێش دەست پێ بکەن و کاری بۆ بکەن. کاک قوباد تاڵەبانی، سەرۆکی لیژنەیەکی فەرعییە، بێ گومان ئەوەش ئامادەکارییە بۆ دەستپێکردنی چاکسازی لەو ناوچەیەدا.

هه‌وره‌ها له‌باره‌ی دۆسیه‌ی نه‌وته‌وه‌ ده‌ڵێت، دوو کۆمپانیای بیانی گرێبەستیان لەگەڵدا کراوە کە وردبینی لە داھاتی نەوت دەکەن ھەر لە دەرھێنانی نەوت لە بیرەکان تاوەکو پارەکەی دەگاتە بانک. حکوومەت دەڵێ ئیش و کاری وردبینیی ئەو کۆمپانیایانە زۆر بە باشی بەڕێوەدەچێت، بڕیارە کۆمپانیاکان بەم نزیکانە راپۆرتی خۆیان بڵاو بکەنەوە و کاری باشیان کردووە.

ده‌شڵێت، سەرۆک بارزانی، بەردەوام لەگەڵ دامودەزگاکانی پێوەندیدار بە چاکسازی لەسەر خەتە، رۆژانە پرسیار دەکات و لە بابەتەکان دەپرسێت کە کارەکان بە چی گەیشتوون. حکوومەت و دەستەی نەزاھە و دیوانی چاودێریی دارایی و ئەنجومەنی دادوەری و داواکاری گشتی لە مەسەلەی چاکسازیدا ھاوکاریی زۆریان کردووین.

Back to top button