دکتۆر باخان ئازاد : هه‌ڕه‌شه‌ى كوشتنم لێده‌كرێت بۆيه‌ سلێمانيم جێهێشت .

دکتۆر باخان ئازاد، ئەو پزیشکەی باسی لە گەندەڵی تەندروستیی پارێزگای هەڵەبجە کرد، ئەمڕۆ شاری سلێمانی بەجێهێشت و گەیشتە هەولێر و دەڵێت “بە تەلەفۆن و لە رێگەی دیکەشەوە هەڕەشەی کوشتنم لەسەر بوو و پەیامی هەڕەشەئامێزم بۆ دەهات و هەڕەشەی کوشتینیان لێکردم و ژیانم پارێزراو نەبوو”.
دکتۆر باخان ئازاد رايگەیاند: “بەهۆی ئەوەی بە تەلەفۆن و لە رێگەی دیکەشەوە هەڕەشەی کوشتنم لەسەر بوو و پەیامی هەڕەشەئامێزم بۆ دەهات، کە وەکو زانا حەمەساڵحی قایمقامی پێشووتری سلێمانی لەناوم دەبەن، بۆیە بەناچاری ئەمڕۆ خۆم و بەڵگەنامەکانی گەندەڵییەکانی بەرپرسانی کەرتی تەندروستیی هەڵەبجە بە دوو ئۆتۆمبیلی جیاواز گەیشتینە هەولێر”.
دکتۆر باخان ئاماژەی بەوەدا “350 لاپەرەی گەندەڵیم پێیە و بەنیازم بیدەمە حکومەتی هەرێمی کوردستان و دادگەکان و ئەو لایەنانەی بەرپرسن و پەیوەندیدارن بە کەیسەکانی گەندەڵییەوە. هەروەها کۆپیی لێدەدرێتە کونسوڵخانەکان و نەتەوەیەکگرتووەکان بۆ ئەوەی کەیسەکەی من دیزەبەدەرخۆنە نەکرێت، چونکە بەهۆی ئەو کەیسەوە مەترسیی کەوتووەتە سەر ژیانی من”.
دکتۆر باخان ئازاد، پزیشک لە تەندروستیی پاریزگای هەڵەبجە رۆژی 27ی نیسانی ئەمساڵ لە کۆنگرەیەکی رۆژنامەڤانیدا لە بەردەم باڵەخانەی تەندروستیی هەڵەبجە باسی لە چەند شێوازێکی گەندەڵی کرد، کە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە و ژمارەیەک لە بەرپرسەکانی تێیوەگلاون.
دکتۆر باخان ئازاد گوتی: “هیچ گەرەنتییەک لەسەر ژیانم نەبوو لە مانەوەم لە سلێمانی، بۆیە ئەمڕۆ بەناچاری لێیدەرچووم و دەرچوونەکەم لێی کاتییە، من دۆسیەیەکم هەیە کە خەمی گشتییە و دەبێت لایەنە پەیوەندیدارەکان لەسەری بێنە قسە و نابێت بێدەنگی لێبکرێت”.
رۆژی 3ی حوزەیرانی ئەمساڵ، دکتۆر باخان ئازاد، لە کۆنگرەیەکی دیکەی رۆژنامەوانییدا لە سلێمانی رایگەیاند رۆژی 31ی ئایار لەلایەن هێزێکی سەر بە ئاسایشی سلێمانی بەشێوەیەک کە بە “نامرۆڤانە” ناویبرد دەستگیرکراوە و سێ رۆژ هێڵدراوەتەوە، هەرچەندە رۆژێک دوای گرتنەکەی فەرمانی دادوەر بۆ ئازادکردنی هەبووە.
ئەو پزیشکەی تەندروستیی هەڵەبجە لە کۆنگرە رۆژنامەوانییەکانیدا باس لە وەرگرتنی پارەی زۆر بە رێگەی نادروست لە نەخۆش، فرۆشتنی خوێن، نووسینی پارەی زۆر لە کڕینی ئامێر و کەلوپەلی تەندروستی و چەندین شتی دیکەی کردووە، وەکو جۆرەکانی گەندەڵی لە بەڕێوەبەرایەتی تەندروستیی هەڵەبجە وەکو بانگەشەی بۆ دەکات.
رۆژی 28ی نیسان وەزارەتی تەندروستیی هەرێمی کوردستان لێژنەیەکی سێ کەسی بۆ لێکۆڵینەوە لە دۆسییەکە بە سەرۆکایەتی بریکاری وەزیری تەندروستی پێکهێنا، بەڵام تائێستا ئەنجامەکەی رانەگەیێندراوە.

 

 

س:رووداو

Back to top button