ئەمڕۆ ڕۆژێكی مێژووییە
ئەمڕۆ 7-6-2021، چوارەمین ساڵوەگەڕی بڕیاری سەرکردایەتیی سیاسیی هەرێمی کوردستان بۆ بەڕیوەبردنی ریفراندۆمی سەربەخۆیی کوردستانە.
ڕۆژی 7ی حوزەیران بەسەرپەرشتی سەرۆك بارزانی سەرۆكی ئەوكاتی هەرێمی كوردستان، لە پیرمام حزب و لایەنە سیاسییەكانی كوردستان كۆ بوونەوە و بڕیار لەسەر چەند خاڵێك دا.
یەكەم: ڕۆژی 25ی ئەیلوولی 2017 وەك ڕۆژی ئەنجامدانی ڕیفراندۆم لە هەرێمی كوردستانی عێراق و ناوچە كوردستانییەكانی دەرەوەی ئیدارەی هەرێم دیاری كرا.
دووەم: هەر لە ڕۆژی كۆتایی كۆبوونەوەكە تا كاتی بەڕێوەچوونی ڕیفراندۆم، لایەنەكان كار بۆ كاراكردنەوەی پەرلەمان و چارەسەركردنی كێشە سیاسییەكان بكەن، ئەوەیش لەپێناو بەدەستهێنانی كۆدەنگی نیشتمانی.
سێیەم: دووپات لەسەر چاككردنەوەی بژێویی ژیانی خەڵك و ئاوڕدانەوە لە كێشە ئابوورییەكانی هاووڵاتییانی كوردستان و مووچەخۆر و چین و توێژەكان و خەڵكی كەم دەرامەت كرایەوە.
چوارەم: بڕیار درا بە پێكهێنانی ئەنجوومەنی باڵای ڕیفراندۆم بە سەرۆكایەتی بارزانی. هەروەها بڕیار درا تا ڕێككەوتی 12ـی 6ـی 2017، پارتە سیاسییەكان نوێنەری خۆیان بۆ بەشداربوون لە چەند كۆمیتەی تایبەت بە ڕیفراندۆم و دوای ڕیفراندۆم دیاری بكەن.
رۆژی 25ـی ئەیلوولی 2017، وەک جەژن و کەرنەڤاڵێکی نەتەوەیی بوو بۆ گەلی کوردستان، کە خەڵک لە هەموو شار و شارۆچکەکان چوونە سەر سندووقەکانی دەنگدان و دوای ئاشکراکردنی ئەنجامی دەنگدانەکەش، دەرکەوت زیاتر لە %93 دەنگدەران، دەنگیان بە سەربەخۆیی کوردستان دا.
دوای خیانەتی 16ـی ئۆکتۆبەر، کۆسرەت رەسوڵ عەلی، کە ئەوکات ئەرکی سەرکردایەتیکردنی یەکێتی لە ئەستۆ بوو، لەگەڵ مەلا بەختیار، شێخ جەعفەر و دەیان سەرکردەی دیکەی سەربەخۆخوازی حزبەکە، رەخنەیان لەو کارەی گرووپە خیانەتکارەکەی 16ـی ئۆکتۆبەر گرت و بە “کاڵفام و هەرزەی سیاسی” وەسفیان کردن کە بوونەتە هۆکاری لەدەستدانی زیاتر لە نیوەی خاکی باشووری کوردستان.