فەرەنسا: سەرکۆنەی هەموو دەستدرێژییەک بۆ سەر پێشمەرگە دەکەین
کونسوڵخانەی گشتی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان رایگەیاند، هێزی پێشمەرگە هێزێکی یاسایی هەرێمی کوردستانە و هاوپەیمانی فەرەنسایە دژی داعش، سەرەخۆشی لە خانەوادەی پێشمەرگە شەهیدەکانی چیای مەتینا کرد و هاوسۆزی بۆ بریندارەکان دەربڕی.
کونسوڵخانەی فەرەنسا لە هەرێمی کوردستان سەبارەت بە هێرشی پەکەکە بۆ سەر هیزەکانی پێشمەرگە لە راگەیەندراوێکدا ئاماژەی بەوەکردووە، فەرەنسا ئەوە بە بیردەھێنێتەوە کە پێشمەرگە لە چوارچێوەی دەستووری عیراقدا ئەرکی خۆیان بە جێدەگەیەنن، پێشمەرگە ھێزێکی یاسایی ھەرێمی کوردستانن و ھاوپەیمانی فەرەنسان لە دژی داعش، سەرکۆنەی ھەموو دەستدرێژییەک دەکەین بۆ سەر گیان و دەسەڵات و سەلامەتی پێشمەرگە.
لە بەشێکی دیکەی راگەیەندراوەکەدا هاتووە، پرسە و سەرەخۆشی خۆمان ئاراستەی خانەوادەی شەهیدەکان دەکەین و هاوسۆزی و هاوخەمی بۆ بریندارەکان دەردەبڕین.