په‌رله‌مانتارێك :کاتی هاتووە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ھەڵوێست وەربگرن و سنوورێک بۆ سیاسەتی چەوتی پەکەکە دابنێن

پەرلەمانتارێکی کوردستان دەڵێ، کاتی هاتووە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ھەڵوێست وەربگرن و سنوورێک بۆ سیاسەتی چەوتی پەکەکە دابنێن، تا چیتر نەبنە چەکی مەترسیدار لە دەستی وڵاتانی ھەرێمی و دژی ھەرێمی کوردستان بەکاری بھێنن.

وەیسی سەعید وەیسی، ئەندامی پەرلەمانی کوردستان لە فراکسیۆنی زەرد، گوتی، بە سەدان گوند بە ھۆی بوونی پەکەکە لە ناوچە سنوورییەکانی ھەرێمی کوردستان چۆڵ کراون، کە لە دوای ساڵی ١٩٩١ ئاوەدان کرانەوە، بەڵام دواتر بە ھۆی پەکەکەوە چۆڵ کرانەوە، چونکە بە ھۆی مەترسی لەسەر ژیانیان خەڵک چۆڵی کرد، بۆیە خەڵک ناتوانن بگەڕێنەوە بۆ گوندەکانیان، ئەمەش کاریگەریی خراپی لەسەر ژیانی خەڵکی ئەو ناوچانە دروست کردووە و خەڵکێکی زۆری بێکار کردووە و حکوومەتیش بە ھۆی مەترسی لەسەر ئەو گوندانە، ناتوانێ خزمەتگوزارییان بۆ ببات و ئاوەدانیش بکرێنەوە.

وەیسی گوتیشی، ئەوەی پەکەکە دەیکات، تەنھا لە بەرژەوەندیی دوژمنانی گەلی کورددایە و بەزۆر شەڕ بۆ ھەرێمی کوردستان دەھێنێت، کە ئەو شەڕە پەیوەندی بە خاکی ھەرێمی کوردستانەوە نییە، بۆیە گرنگە پەکەکە بەخۆیاندا بچنەوە و واز لە سیاسەتی خۆسەپاندن و بڕیاری تاکلایەنە بێنن و ھەوڵبدەن پابەندی رێنمایی و سیاسەتی حکوومەتی ھەرێم بن، چونکە کێشەی کورد لە ھەر پارچەیەک بە شەڕ چارەسەر ناکرێت و پێویستە بە دیالۆگ و ئاشتی بێت.

ناوبراو بۆ ماڵپه‌رى فه‌رميى پارتى باسی لەوەش کردووه‌، پەکەکە ھیچ مافێکی لە ھەرێمی کوردستان نییە، بۆیە مافی خۆمانە پرسیار لە پەکەکە بکەین، رێگە بە ھیچ کەسێک دەدەن لە ژێر سیاسەتی ئەواندا کار بکات ئەگەر بۆ بەرژەوەندیی کوردیش بێت، بێگومان رێگەیان پێ نادات، بۆیە کاتی ھاتووە ھەموو لایەنە سیاسییەکان و خەڵکی کوردستان ھەڵوێست وەرگرن و سنوورێک بۆ سیاسەتی چەوت و شەڕفرۆشتنی پەکەکە بە ھەرێمی کوردستان دابنێن، تا چیتر نەبنە چەکی مەترسیدار لە دەستی وڵاتانی ھەرێمی، چونکە بینیمان لە ماوەی ڕابردوودا بۆریی نەوتی ھەرێمی کوردستانیشیان تەقاندەوە و دواتریش بێ شەرمانە دانیان پێدا نا، بۆیە گەر ئەمە شەڕفرۆشتن نەبێت بە ھەرێمی کوردستان، ئەبێ چی بێت، جگە لەوەش ژینگە و ئاژەڵەکانی کوردستانیش باجی کردەوەکانی پەکەکە دەدەن و ھێرشیان بۆ سەر پێشمەرگە و شەھید کردن و بریندارکردنیان ئەوە دەسەلمێنێت، کە پەکەکە دژی دامەزراوە شەرعییەکانی ھەرێمی کوردستان و خەڵکەکەی کار دەکات، بۆیە پێویستە ھەموو لایەک ڕووبەڕوویان ببینەوە و ناکرێت شەڕ بە کورد بفرۆشن.

Back to top button