نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان : ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە کوژراو دێنن، بڕوایان بە بەھا نیشتیمانییەکان نییە

نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان دەڵێ، ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە کوژراو دێنن، ھەمان ئەوانەن کە بڕوایان بە سروودی ئەی رەقیب و جەژنی نەورۆز و زۆربەی بەھا نیشتیمانییەکانی ئەم وڵاتە نییە، بۆیە میدیا واتا ئەخلاق و ئەمەی کە بەرامبەر پێشمەرگەش کراوە، پێشلکارییە بە رۆحی یاسا و پیشەی رۆژنامەگەری لە ھەرێمی کوردستان.

ھێزی پێشمەرگە، لە پێناو خاک  و نیشتمان و پاراستنی خەڵکی کوردستان قوربانی دەدات و شەھید دەکرێت، بەڵام کەناڵی فەرمیی کۆمەڵی دادگەریی کوردستان لەجیاتی بەرگریکردن لە ھێزی پێشمەرگە و لە شەھیدبوونی پێنج پێشمەرگەی کوردستان لەچیای مەتین لەسەر دەستی پەکەکە، بە کوژراو ناویان دەبات، ئەمەش کاردانەوەی توندی بە دوای خۆیدا ھێنا و بووە ھۆی بریندارکردنی ھەستی پێشمەرگە و کەسوکاری پێشمەرگە بە تایبەتی و خەڵکی کوردستان بە گشتی.

لەم بارەیەوە، حاکم ئازاد حەمەدەمین، نەقیبی سەندیکای رۆژنامەنووسانی کوردستان، گوتی، ھەموو پڕۆژەیەک لە کوردستان کە ھەیە لە بنەڕەتدا ھەمووی میدیا نین و ھەندێک حیزب پڕۆژەکانیان ناو ناوە میدیا، بەڵام سواری شەپۆلی میدیا بوونە و ئەوانە خۆی پڕۆژەی سیاسین و ھەندێکیان پڕۆژەی ئایینین، چونکە میدیا لە بنەڕەتدا ھەواڵ و زانیارییە و لە رووداوەکاندا بێلایەنە.

حاکم ئازاد گوتیشی، بەداخەوە لە ساڵانی ڕابردوودا حیزبگەلێک کە ناویان لە خۆیان ناوە ئۆپۆزسیۆن، بە ھەموو شێوەیەک ھەوڵیان داوە میدیا بۆ ئامرازی سیاسی و دینی بەکار بێنن، بەمەش گەورەترین زیانیان بە میدیا و راستگۆیی میدیا گەیاندووە.

نەقیبی سەندیکای ڕۆژنامەنووسانی کوردستان بۆ ماڵپەڕی فەرمیی پارتی باسی لەوەش کردووه‌، ئەوانەی ناوی پێشمەرگە بە کوژراو دێنن، ھەمان ئەوانەن کە بڕوایان بە سروودی ئەی رەقیب و جەژنی نەورۆز و زۆربەی بەھا نیشتیمانییەکانی ئەم وڵاتە نییە، بۆیە ئیتیک واتا ئەخلاق و میدیاش خۆی ئەخلاقە و ئەمە پرسێکی مەعنەوییە، ئەوەی کە ناشتوانی پابەندی ئەخلاقی پیشەیی بێت، پەیوەندی بە خۆیەوە ھەیە و دیارە ئەوەش پێشلکارییە بە رۆحی یاسا و پیشەی رۆژنامەگەری لە کوردستاندا.

Back to top button