سهرۆكی ههرێمی كوردستان لەگەڵ یەکێتی زانایانی ئاینی ئیسلامی کۆبووەوە
پێشنیوەڕۆی ئەمڕۆ سێشەممە 8\6\2021 نێچیرڤان بارزانی، سەرۆکی هەرێمی کوردستان، پێشوازی لە شاندێکی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان کرد.
لە کۆبوونەوەیەکدا کە وەزیری ئەوقاف و کاروباری ئایینی ئامادەی بوو، ڕۆڵی یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان لە قووڵکردنەوەی کولتووری پێکەوەژیان و تەبایی و یەکترقبووڵکردنی نێوان پێکهاتە ئایینی و نەتەوەییەکانی کوردستان و بیری نیشتمانپەروەری و ئایینپەروەری، بەرز هەڵسەنگێنرا.
یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان پشتگیریی خۆی بۆ هەوڵەکانی نێچیرڤان بارزانی و سەرۆکایەتیی هەرێمی کوردستان لەپێناو یەکڕیزی و تەبایی لەنێوان لایەن و پێکهاتەکانی کوردستان و لە هەوڵەکانی نووسینەوەی دەستووردا دووپات کردەوە و هیوای سەرکەوتنیان بۆ خواست، هەروەها دەستووریان لەسەر بنەمای هاووڵاتیبوون و ڕەچاوکردنی ئایینی ئیسلام وەک یەکێک لە سەرچاوەکانی داڕشتنی و ڕێزگرتن لە تایبەتمەندیی ئایینەکانی دیکە و ئازادییەکانیان بە پێویست زانی بە شێوەیەک ئایین نەکرێتە بابەتێکی سیاسی.
نێچیرڤان بارزانی دووپاتی کردەوە کە کۆمەڵگەی کوردستان کۆمەڵگەیەکی ئایینییە، بۆیە مامۆستایانی ئایینی ڕۆڵ و کاریگەریی زۆریان لەسەر کۆمەڵگە و ئاراستەکردنی هەیە و لەمبارەوە دەتوانن ڕۆڵی ئەرێنیی خۆیان لە پتەوکردنی بنەما کۆمەڵایەتییەکان و ئاشتەواییی کۆمەڵایەتی و ناتوندوتیژی و ڕەتکردنەوەی توندڕەویدا بگێڕن.
هاریکاری و هەماهەنگیی نێوان وەزارەتی ئەوقاف و کاروباری ئایینی و یەکێتیی زانایانی ئایینی ئیسلامی کوردستان، کارەکانی بۆردی وتاری ئایینی، دۆخ و گوزەرانی مامۆستایانی ئایینی و خوێندنی ئایینی لە کوردستان، چەند تەوەرێکی دیکەی کۆبوونەوەکە بوون.