مەحموود محەمەد: پەکەکە بە زۆر دەیەوێت هەرێم و پێشمەرگە بۆ شەڕ ڕابکێشێت

لە درێژەی وێبینارەکانی هەفتانەی لقی ٦ی پارتی دیموکراتی کوردستان، مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی، بابەتێکی لە ژێر ناونیشانی (هەرێمی کوردستان لە نێوان تەبایی و ئارێشە ناوخۆییەکان) پێشکەش کرد.

سەرەتا کورتەیەکی مێژوویی لەسەر ئاریشەکان لە هەرێمی کوردستان و ناوچەکە پێشکەش کرد و ئاماژەی بەوە دا، سەرچاوەی ئەو ئاریشانە بۆ چۆنیەتیی دابەشکردنی ناوچەکە دەگەڕێتەوە کە لە دوای ئەوەی ڕێکەوتننامەی سایکس-پیکۆ جێبەجێ کرا. ئاریشە ناوخۆ و دەرەکییەکانیشی بە فاکتەری سەرەکیی دروستبوونی کێشە لە هەرێمی کوردستان ناوزەد کرد. گوتیشی، هەموو شۆڕش و هەوڵەکانی کورد بۆ بەدەوڵەتبوون لە ناوخۆوە کێشە و گرفتیان بۆ دروست کراوە بە پاڵپشتی و هەماهەنگیی وڵاتانی دەوروبەر.

گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەروەها گوتی: “هێزە ئیقلیمییەکان هەماهه‌نگی و کاری بەردەوامیان کردووە، بۆ ئەوەی لە کوردستاندا یەك مەرجەع دروست نەبێت، چونکە دەزانن دروستبوونی یەك مەرجەع پێگە و دواڕۆژی کوردستان بەهێزتر دەکات.”

هەر لە درێژەی وێبینارەکەدا، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی ئەوەی کرد کەوا ڕکابەری سیاسی لە کوردستان لەسەر فیکر و ئایدیای و باش و پێشکەشکردنی خزمەتگوزاری باشتر لە هەموو بوارەکانەوە نییە، بەڵکو بۆ دوژمنایەتیکردن ڕکابەری دەکەن و خەڵکیش لەسەر ئەوە پەروەردە دەکەن. ئاماژەشی بەوەدا، لەو کاتانەی تەبایی لە کوردستاندا هەبووە، دەسکەوتی باش وەدەست هاتوون و خزمەتگوزاری باش پێشکەش بە هاووڵاتیان کراوە، هەروەها فەزای سیاسیی کوردستان لە ئارامیدا توانیویەتی ماف و ئازادییەکانی هاووڵاتیان بپارێزێ و گەشەی پێبدرێت و پێشکەوتنی کۆمەڵایەتی و ئابووری بەهێزتر ببێت.

گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی هەروەها روونی کردەوە: “پارتی دیموکراتی کوردستان زۆر جار قوربانی بە مافەکانی خۆی و بە زۆر شت داوە بۆ ئەوەی یەکڕیزی و تەبایی لە کوردستان هەبێت و بەرەو پێش بچێت. مەبەستیشمان پێکەوەژیانی سیاسییە، کە ئەوەش دروشمێکی سەرەکی پارتیمانە لە دوای کۆنگرەی ١٣ ەوە.”

دەربارەی ئۆپۆزسیۆنیش، مەحموود محەمەد رایگەیاند، ئۆپۆزسیۆن لە هەموو جیهاندا یەك پێناسەی هەیە و نابێت لە بەرژەوەندییە باڵاکانی وڵات و ئەمن و ئاسایشی نەتەوەیی و پێشکەوتنی هەرێمدا ئۆپۆزسیۆن بن. گوتیشی، بە داخەوە ئۆپۆزسیۆن لە کوردستان خۆیان لە هەڵگرتنی هەموو ڕەهایەك بە دوور دەگرن، وە بە هەمان نەفەسی رەفتارکردن لەگەڵ ڕژێمی بەعس، مامەڵە لەگەڵ حکوومەتی هەرێمی کوردستاندا دەکەن.

هەروەها گوتی: “پارتی زۆر هەوڵی داوە لایەنەکانی تریش بخاتە بەرامبەر بەرپرسیاریەتییەوە. پارتی چەند کورسی لە پەرلەمان و چەند وەزیری لە حکوومەتدا هەبێت بە دەسکەوت بۆ خۆی نازانێت، بەڵکو  بۆ چاكکردنی بارودۆخی هەرێم لە هەموو بوارەکانەوە  لە حوکمڕانیدا بەکاریان دێنێت. لەو هەوڵانەشماندا بەردەوام دەبین بۆ ئەوەی لەگەڵ پێشکەوتنەکانی دونیادا هاوشان بین.”

لە لایەکی ترەوە، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسیی پارتی باسی ئەوەی کرد کەوا هەندێك لە ووڵاتانی دەورەبەر بە بەردەوام هەوڵ دەدەن پارتی بە کێشە لاوەکیەکان مەشغوڵ بکەن، بۆ ئەوەی بە کارە سەرەکییەکان و ئەو ئامانجانەی کە خەباتیان بۆ دەکات، ڕانەگات. لەو سۆنگۆیەشەوە ئاماژەی بەوە دا، کە بڕینی بودجە و قوتی هاووڵاتیانی هەرێم بۆ ئەوە بوو کە قەزیەی کوردستان بچووك بکرێتەوە و خۆی لە بودجە و مووچەدا ببینێتەوە، هەروەها بۆ ئەوەی ماددەی ١٤٠ و پرسی کەرکووك و ناوچە دابڕێندراوەکان و جێبەجێکردنی ماددە دەستوورییەکانی تر لەبیر بکرێن، وە بۆ ئەوە بوو تا بتوانن لە شێوازە حوکمڕانیەتە خراپەکەیان بەردەوام بن.

هەروەها گوتی: ” لەبەر ئەوەی لە عێراقدا کلتووری چارەسەرکردنی کێشەکان بوونی نەبووە، بۆیە کێشەکان کەڵەکە دەبن و دواتر ناتوانرێت چارەسەر بکرێن. ڕژێمی بەعس ئامادە بووە خاکی خۆی بە دیاری بداتە ئێران بۆ ئەوەی شکست بە شۆڕشی کورددا بێنێت، لە کاتێکدا کە ئامادە نەبووە کێشەی کەرکووك و ناوچەکانی تر لەگەڵ کورددا چارەسەر بکات. حکوومەتەکانی دواتریش بە هەمان شێوە ئامادە نەبوونە ئەو پرسانە چارەسەر بکەن.”

سەبارەت بە پرسی پەکەکەش، مەحموود محەمەد ئاماژەی بەوەدا کەوا هەر لە دوای ڕاپەڕین و پێکهێنانی یەکەمین پەرلەمان و حکوومەتی هەرێم، پەکەکە دژایەتیی هەرێم دەکات و دان بە دەسەڵاتەکانیدا نانێت. گوتیشی، بە هۆی پەکەکەوە سەدان گوند تا ئێستا ئاوەدان نەکراونەتەوە و ئێستاش سەدان گوندی تر لە هەرێمی کوردستان بەرەو چۆڵبوون دەچن. هەروەها گوتی:  “پەکەکە بە زۆر دەیەوێت هەرێم و پێشمەرگە بۆ شەڕ ڕابکێشێت. لە هەر شوێنێك لە ناوچە دابڕێنراوەکان کە حەشدی شەعبی تێیدا باڵادەست بێت، پەکەکەشی لێیە و پشتگیرییان لێدەکەن. پەکەکە ڕێگرە لە جێبەجێکردنی ڕێککەوتنی شنگال. ئەگەر ئەو ڕێکەوتنە جێبەجێ بکرابایە، ئەوا ڕێگەی خۆش دەکرد بۆ ڕێککەوتنی هاوشێوە بۆ تەواوی ناوچە دابڕێنراوەکانی تر.

لەبارەی پرسی نووسینەوەی دەستووریش، گوتەبێژی مەکتەبی سیاسی گوتی، پارتی دەستوور بۆ خۆی نانووسێتەوە، بەڵکو دەیەوێت ئەو دەستوورە بۆ کوردستان بنوسێتەوە. گوتیشی، دەستوور گرێبەستێکی گرینگە بە مەبەستی دەستنیشانکردنی سیستەمی حوکمڕانیەت، چۆنیەتی بەڕێوەبردنی هەرێم، بە دامەزراوەییکردنی زیاتر و پاراستنی دەسکەوتەکانی هەرێم، هەروەها جێگیرکردنی مافەکانی سەرجەم پێکهاتە و تاکەکانی گەل و زامینکردنی دواڕۆژی گەلی کوردستان.

لە کۆتایی وێبینارەکەشدا، مەحموود محەمەد، گوتەبێژ و ئەندامی مەکتەبی سیاسیی پارتی رایگەیاند، متمانەی گەلی کوردستان بە پارتیمان و بە سەرۆك بارزانی لەبەر ئەوەیە، کە باش دەزانن دۆزی گەلی کورد لە دەستی ئەمیندایە و بە هەموو شێوازێك کار دەکات بۆ ئەوەی پێشکەوتنی زیاتر لە هەموو بوارەکانەوە بۆ کوردستان وەدەست بێنین.

 

س : kdp.info

Back to top button