چين پرۆژه‌ى هه‌پى ستى به‌ گوژمەکەی نزیکەی 5 ملیار دۆلار له‌ هه‌ولێر جێ به‌جێ ده‌كات كه‌ 8 هه‌زار كارمه‌ندى پێويسته‌

مستەر لی یو هوا، خاوەن کۆمپانیای پەکین رایگەیاند، هیوادارین لە نزیکترین کاتدا دەست بە جێبەجێکردنی پڕۆژەی “هەپی ستی” لە هەولێر بکەن، کە پڕۆژەیەکی گه‌وره‌یه‌ و گوژمەکەی نزیکەی 5 ملیار دۆلارە، کە چەندین بەشی جیاواز لەخۆدەگرێت و لەگەڵ دەستپێکردنی، پێویستیان بە کارکردنی 8 هەزار کارمەندی ناوخۆ دەبێت.

گوتیشی: “هەپی ستی” بریتییە لە پڕۆژەیەکی گەشتیاری و بازرگانی و تاکفرۆشی زەبەلاح، پارکێکی گەورە، گەراجێکی گەورە، شەقامێکی گەورە بۆ بازاڕیکردن، مۆڵێك هەروەها هۆڵێکی شانۆ، هەندێك ڤێلا، باڵاخانە و قوتابخانە و هۆتێل و نەخۆشخانە لە خۆدەگرێت.

جه‌ختیشی كرده‌وه‌، ئه‌و پڕۆژه‌یه‌ پڕۆژەیەکی گەورەیە، هه‌موو شتێك تێیدا بەردەستە، کۆی گوژمەی پڕۆژەکە 5 ملیار دۆلارە، و ئاماژه‌ی به‌وه‌دا، “دەمانەوێت لە نزیکترین کاتدا دەست بە کارەکان بکەین. ئێستا “ئی پی سی” گرێبەستەکەی لەگەڵ کۆمپانیای ئەندازیاری بیناسازی سەر بە حکومەتی چین پێشکەش کردووە، کە گەورەترین کۆمپانیایە لە جیهان، ئەو کۆمپانیایە لقی لە عێراق هەیە، هاتووەته‌ لە هەرێمی کوردستان، بۆ ئه‌وه‌ی لەو پڕۆژەیە کار بکات”.

وه‌ك ئاماژه‌شی پێدا، تا ئێستا بە دیاریکراوی دیار نییە پێویستمان بە چەند کرێکارە، چونكه‌ ئەوە په‌یوه‌سته‌ بە بەرەوپێشچوونی پڕۆژەکە. بە گوێرەی خەمڵاندنەکان دوای دەستبەکاربوون، پێویستمان بە 8 هەزار کرێکاری ناوخۆ ده‌بێت”.

 

س:k24

Back to top button