سەردانی جەنابی سەرۆک بارزانی بۆ میونخ
نوسەرێك
وەک ئاگادارن لەهەفتەی ڕابردوو جەنابی سەرۆک بارزانی سەفەری (میونخ)ی کردوو بەشداربوو لە کۆنفرانسی پاراستنی ئاسایشی ئەوروپاو جیهان و لە ڕێگەی دەزگاکانی ڕاگەیاندنیشەوە جۆرو ئاستی دیدارەکانمان بینی. ئەوەی پێویستە لێرەدا ئاماژەی بۆبکرێت کورتەیەکە لەوپیشکەوتن و تەئکیداتانەیە کە لەڕووی سیاسیەوە بەدەستهاتوون لەو سەفەرەی جەنابی سەرۆک بارزانی.
لەگەڵ دیداری (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەو دۆستایەتی و بەڵێنانەی کە لەسەردەمی (ئۆباما)ش لەسەر زاری (بایدن)ەوە لەگەل جەنابی سەرۆک بارزانی باسکرابوون، لەسەرزاری جیگری سەرۆکی ئەمریکا (ترامپ) دووبارەکراوەتەوە بە پتەوتری و ڕشدبوونی زیاتری ئەمریکا لەسەریان، ئەویش بریتیە لەوەی کە خەڵکی ئەمریکا دۆستی کوردستانە، (مایک پێنس) جێگری سەرۆکی ئەمریکا دووپاتی لەوەکردۆتەوە کە خەڵکی ئەمریکا کوردستان وەک دۆستی خۆی حسێب دەکات، ئەوەش پشتیوانیەکی گەورەیە بۆ کوردستان و جەنابی سەرۆک بارزانی، لەئەمریکا هەردوو حزبی کۆماری و دیموکراتی لەسەر دۆستایەتی و پشتیوانی کوردستان و سەرۆک بارزانی کۆکن، لەبەڕێوەبردنی ئەمریکاش کە دەوڵەتێکی دامەزراوەییە ئەو دوو حزبە هەمیشە هاوکاری یەکترن، لە ڕێسای هاوکاریکردنیشان ئەوەی پەیوەندی بە کوردستانەوە هەبێت لەهەموو دۆسیەکانی تر زیاتر هاوڕان لەگەڵ یەکتردا.
(مایک پێنس)جێگری سەرۆکی ئەمریکا جیگرێکی بەهێزە هەروەک چۆن (جۆبایدن) لەسەردەمی (ئۆباما) زۆر بەهێز بوو، ئیستاش زۆربەی کارەکانی (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی ئەمریکا (مایک پێنس)جێگری لەژێرەوە دەیکات، (مایک پێنس) دۆستی میللەتی کوردەو پێشی ئێستاش زۆر سەردانی کوردستان کردووەو جەنابی سەرۆک بارزانی بینیوەو تەئکیدیشی لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە پێش ئەوەی ببێ بە جێگری سەرۆکی ئەمریکا ئەو دۆستی میللەتی کورد بووەو لەزەمەنی سەرۆکایەتیشدا هەوڵدەدات چەندەی ئیمکان بێت ئەو دۆستایەتی و پیشتیوانیە بۆ میللەتی کورد زیاتر بکات.
جێگری سەرۆکی ئەمریکا بۆ جەنابی سەرۆک بارزانی تەئکیدیشی لەسەر ئەوەکردۆتەوە کە ئەمریکا بەردەوام دەبێت لە پاراستن و پشتیوانیکردنی کوردستان، ئەو بەردەوامیەش لە پاراستن و پشتیوانیکردنەی کوردستان هیچ پەیوەندی بەشەڕی داعشەوە نیە، دوای داعشیش ئەمریکا لە هاوپەیمانی ستراتیژی خۆی لەگەڵ کوردستان بەردەوام دەبێت و هەرهەڕەشەیەکیش بێتە سەرکوردستان لەهەر لایەکەوە بێت ئەمریکا بەتوندی وەڵامی دەداتەوەو پشتیوانی کوردستان دەکات.
لەسەر دەست تێوەردانی ئێرانیش، جێگری سەرۆکی ئەمریکا باسی کردووەو شاندەکانی تریش لەبەدواچوونیان بۆ شیوەکانی دەست تێوەردانی ئێران لەئازاردانی کوردستان و ڕێگەگرتن لە ئەو کەم و کوڕیانەی کە لەکوردستاندا دەیخولقێنن دەگەن بەوەی کە چۆن ڕێگری لە ئێران بکەن، ئەوان زۆر ناڕەحەتن لە سیاسەتی ئازاردەرانی ئێران کە لەناو کوردستان پیادەی دەکات، ئەوەشی کە پەیوەندی بە حەشدی شەعبی و ناو عێراقەوە هەبێت لە سیاسەتی جەنابی بارزانی زۆر ڕازین و زۆر بەوردیش گوێیان لە جەنابی سەرۆک گرتووە لەسەر پێکهاتەی حەشدی شەعبی بۆچی دروست بووەو دەیانەوێ بۆ بەکاری بێنن، ئایە هەڕەشەیە لەسەر داهاتووی کوردستان و عێراق یا نا؟.
جیالەوەش (مارکۆک) نوێنەری (دۆناڵد ترامپ) سەرۆکی ئەمریکا بۆ شەڕی داعش هەمان پشتیوانی جارانی بۆ کوردستان دووبارەکردۆتەوەو باسی دوای شەڕی داعشیشی کردووە کە ئەو پشتیوانیە و هاوکارییەی ئەمریکا بۆ کوردستان بەهێزتر دەبێ لاوازتر نابێت، بەوەش ئەو قسانەی کە ناڕازی و نەیرانی سیاسەتی بارزانی هەمیشە دووبارەی دەکەنەوەو دەڵێن “دوای شەڕی داعش ئیتر هێچ شتێ بەناوی پشتیوانی و هاوکاری کوردستان نامێنێ” دەبێتە هەڵم و دەتوێتەو، چونکە ئەوە نیشاندەری ئەو ڕاستیەیە کە واقیعی کوردستان تەنیا نەبەستراوەتەوە بەمان و نەمانی شەڕی تیرۆرستانی داعش.
لەهەمانکاتدا ئەڵمانیاو ئیتاڵیاش لەسەر ئاستی باڵایان کە دیداریان لەگەڵ جەنابی سەرۆک بارزانی سازداوە تەئکیدیان لەسەر دۆستایەتی بەردەوام و پشتیوانی خۆیان بۆ کوردستان کردۆتەوە، لەڕوانگاشیاند واپێشنیاردەکەن کە هەریەک بە تەنها لەگەڵ کوردستان ڕێککەوتن و بەرژەوەندی ستراتیژی دورودرێژیان هەبێت، ئەوەش زۆر گرنگە چونکە بریتانیەکانیش هەمان پێشنیاریان هەیەو فەرەنساش هەروەها، کەدەکرێ وای تەفسیربکەین یەکێتی ئەوروپاو ناتۆ بە پەتی جیاجیاو لەڕێگەی دەوڵەتە گەورەکانەوە لەگەڵ کوردستان دەچنە هاوپەیمانیەتی ستراتیژییەوەو دەیانەوێت لەکوردستان بمێنەوەو بەردەوام بن و بەرژەوەندی هاوبەش دابڕێژن.