کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق ١٣٥ کاندیدی دیکەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختەی عێراقی دوورخسته‌وه‌  

 

له‌گه‌ڵ نزیك بوونه‌وه‌ی واده‌ی سازدانی هه‌ڵبژاردنی پێشوه‌خته‌، کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاند کە ١٣٥ کاندیدی دیکەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە دوورخراونەتەوە.

 

لەمبارەیەوە گوتەبێژی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق، جومانە غەلای لە لێدوانێکی رۆژنامەوانییدا ئاماژەی بەوەداوە کە ١٣٥ کاندیدی دیکەی ھەڵبژاردنەکانی پێشوەختە، دوورخراونەتەوە و گوتی:

 

“ئەو کاندیدانەی کە درووخراونەتەوە، سەرجەمیان سەربازن کە بەپێی ماددەی نۆ لە یاسای ھەڵبژاردنەکاندا، مافی خۆکاندیدکردنیان بۆ ھەڵبژاردنەکان نییە”.

 

لە ماددەی نۆی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە نۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠دا ھاتووە “کارمەندانی دامەزراوە سەربازیی و ئەمنییەکان، ئەندامانی ئێستا و پێشووی کۆمسیاران و فەرمانبەرانی کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکان مافی ئەوەیان نییە بۆ ھەڵبژاردنەکان خۆیان کاندید بکەن”.

 

ئەمەیش دوای ئەوە دێت کە پێشتر کۆمیسیۆنی باڵای سەربەخۆی ھەڵبژاردنەکانی عێراق رایگەیاندبوو کە ٢٠ کاندیدی پارتەکان بۆ ھەڵبژاردنی پێشوەختە بەھۆی ئەوەی سەرپێچیکردنی بڕگەی سێ لە ماددەی ھەشتی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە نۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠یان کردووە، دوورخراونەتەوە.

 

لە بڕگەی سێ لە ماددەی ھەشتی یاسای ھەڵبژاردنەکانی ئەنجوومەنی نوێنەران ژمارە نۆ بۆ ساڵی ٢٠٢٠، ژمارەیەک خاڵی وەک مەرج بۆ کەسانە دانراوە کە خۆیان بۆ ھەڵبژاردنەکان کاندید دەکەن لەوانە؛ دەبێت ئەو کەسەی خۆی کاندید دەکات دەبێت ھەڵگری رەگەزنامەی عێراقی بێت و تەمەنی ٢٨ ساڵ بێت، ھەروەھا نابێت یاسای دەستەی داد و لێپرسینەوە بیگرێتەوە، هەروەها نابێت لەسەر تاوان سزا درابێت و دەبێت بەلانیکەم دەرچووی ئامادەیی بێت، دەبێت لەسەر پشکی ئەو پارێزگایەی کە لێی نیشتەجێیە خۆی کاندید دەکات، بە لیستێک ناوی ٥٠٠ دەنگدەر کە پاڵپشتیی لە کاندیدکردنیان دەکەن پێشکەش بکات، بەڵام بەو مەرجەی پێشتر ئەو ٥٠٠ دەنگدەرە، پاڵپشتییان لێ نەکردبێت و ناویان لە فەرمانگەکانی ھەڵبژاردن تۆمار کرابێت.

 

چاوەڕوان دەکرێت ھەڵبژاردنی پێشوەختە لە عێراق لە ١٠ی مانگی تشرینی یەکەمی ئەمساڵ ئەنجام بدرێت کە تیایدا ٢٥ ملیۆن و ١٣٩ ھەزار و ٣٧٥ دەنگدەر مافی بەشدارییکردنیان لە پڕۆسەکەدا ھەیە.

 

Back to top button