دەستەی گەشتوگوزار: دەمانەوێت گەشتیاران لە وڵاتانی دیکەشەوە بهێنینە کوردستان
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان رایگەیاند، لە ماوەی چوار مانگی سەرەتای ئەمساڵدا نزیکەی 700 هەزار گەشتیار سەردانی ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستانیان کردووە، زۆرینەشیان گەشتیاری شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراقن.
ئەمەل جەلال، سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزاری هەرێمی کوردستان راگەیاند، “بەپێی دوایین ئامار کە لەبەردەستمانە لە کانوونی دووەم تاوەکو نیسان، نزیکە 700 هەزار گەشتیار هاتوونەتە هەرێمی کوردستان، ئێمە دەمانەوێت ئەو ژمارەیە زیادبکەین ئەویش بە ئاسانکاریکردن بۆ گەشتیاران، خۆشبەختانە ئێستا رۆژانە وەبەرهێنان لە کەرتی گەشتیاریدا زیاد دەبێت و هەوڵدەدەین بۆ ساڵی داهاتوو کۆمەڵێک پرۆژەی جیاوازترمان بۆ گەشتیاری هەبێت، تاوەکو ژمارەی گەشتیاران بۆ ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان زیادبکات”.
لەبارەی شوێنی هاتنی گەشتیاران بۆ هەرێمی کوردستان ئەمەل جەلال ئاماژەی بەوە کرد، “زۆرترین گەشتیار کە دێنە هەرێمی کوردستان، گەشتیاری شارەکانی دیکەی عێراقن، لە وڵاتانی دیکەش، بەتایبەت ئێران و تورکیا، گەشتیار دێنە هەرێمی کوردستان، لە وڵاتانی عەرەبییش خواست هەیە بۆ هاتنی گەشتیاران، لە ئەوروپاش بۆ چالاکییە سەرکێشییەکان گرووپ دێن، بەڵام ژمارەیان کەمە و هەوڵدەدەین ئەوەش زیادبکەین”.
سەرۆکی دەستەی گەشتوگوزار بۆ رووداو ئەوەشی خستۆتهڕوو “نامانەوێت تەنیا پشت بە گەشتیارانی ناوخۆی عێراق ببەستین، دەمانەوێت گەشتیاران لە وڵاتانی دیکەشەوە بێن، بۆ ئەمەش پێویستمان بە هاوکاریی هەموو لایەکە، بەتایبەت لە شێوازی پێشوازیکردن لە فڕۆکەخانەکاندا، بەشێوەیەکی وا پێشوازی بکرێن کە گەشتیار هەست بەوە بکات پارێزراوە، چونکە زۆرجار کێشە بۆ گەشتیار دروستدەبێت، ئەمەش زیان بە ناوبانگی هەرێمی کوردستان دەگەیێنێت، چونکە بابەتی گەشتیاری تەنیا بابەتێکی ئابووری نییە، بەڵکو سیاسیشە، بۆ نموونە گەشتیارانی شارەکانی ناوەڕاست و خوارووی عێراق، ئەگەر رێزیان بگیرێت و ئاسانکارییان بۆ بکرێت، کاتێک دەگەڕێنەوە بە باش باسی هەرێمی کوردستان دەکەن، بەڵام ئەگەر کێشەیان بۆ دروستبکرێت، بەتایبەت لە بازگەکان، ئەوە کاتێک دەگەڕێنەوە هانی خەڵکی دیکە دەدەن سەردانی هەرێمی کوردستان نەکەن”.
لەبارەی نەبوونی رێبەری گەشتیاری لە ناوچە گەشتیارییەکانی هەرێمی کوردستان، ئەمەل جەلال باسی لەوە کرد “بەداخەوە تاوەکو ئێستا رێبەری گەشتیاری لە هەرێمی کوردستاندان نییە، لەگەڵ ئەو گرووپە گەشتیارییانە بن و بە زمانی خۆیان زانیاریی تەواویان لەسەر شوێنە گەشتیارییەکان و مۆزەخانەکان و شوێنە مێژووییەکان پێبدەن، ئێستا ئێمە لەگەڵ وەزارەتی پەروەردە و چەند رێکخراوێکی نیودەوڵەتی خەریکی ئەوەین لە هەر شارێک 25 کەس دابنێین کە شارەزابن لە رێبەری گەشتیاری و هاوکاریی ئەو گرووپە گەشتیارییانە بکەن کە دێنە هەرێمی کوردستان، دەمانەوێت لە کۆتایی ساڵی 2021دا چەند رێبەرێکی گەشتیاریمان هەبێت و بەسەر شارەکاندا دابەشیان بکەین، بۆئەوەی بتوانین گۆڕانکارییەکی جۆری لە کەرتی گەشتیاریی هەرێمی کوردستاندا بکەین”.