فڕۆکەخانەی نێوده‌وڵه‌تى هەولێر هه‌والێكى ميدياكانى په‌كه‌كه‌ رەتدەکاتەوە

دوای ئەوەی میدیاکانی نزیک لە پەکەکە هەواڵێکیان بڵاوکردەوە، کە گوایە پەرلەمانتارێکی ئەڵمانی لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراوە، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەکە هەواڵەکەی رەتکردەوە.
بەپێی هەواڵەکە کە ئەمڕۆ لە ژمارەیەک میدیای نزیک لە پەکەکە بڵاوکراوەتەوە، “شەوی رابردوو هاکان تاش، پەرلەمانتاری پارتی چەپی ئەڵمانیا لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرکراوە”.
ئەحمەد هوشیار، بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر گوتى: “ئەو هەواڵە دوورە لە راستییەوە و هیچ کەسێک لە فڕۆکەخانەی هەولێر دەستگیرنەکراوە”.
بەڕێوەبەری فڕۆکەخانەی نێودەوڵەتیی هەولێر بۆ روداو ئاماژەی بەوەشكردووه‌ كه‌، لە دوو رۆژی رابردوودا گەشتی فڕۆکەخانەی ئەڵمانیایان بۆ هەولێر نەبووە.
هاکان تاش پەرلەمانتارێکی ئەڵمانیایە لەسەر لیستی پارتی چەپ؛ ناوبراو بە رەچەڵەک خەڵکی ئەرزینجانی باکووری کوردستانە و لە تەمەنی 14 ساڵییەوە لە ئەڵمانیا دەژیت.
وەک میدیای نزیک لە پەکەکە دەڵێت، ئەو پەرلەمانتارە ئەندامی گرووپێکە بەناوی گرووپی “ئاشتی” و مەبەستی بووە سەردانی هەرێمی کوردستان بکات بە مەبەستی کۆبوونەوە لەگەڵ حکومەت و پەرلەمان و لایەنە سیاسییەکانی هەرێمی کوردستان بۆ چڕکردنەوەی هەوڵەکان بۆ کۆتاییهێنان بە ئۆپەراسیۆنی سوپای تورکیا و هێورکردنەوەی دۆخی نێوان پەکەکە و هێزی پێشمەرگە.
Back to top button