وەرزى قەدەغەکردنى راوەماسى کۆتاییهات

پۆلیسى دارستان رایدەگەیەنێت؛ لە کاتژمێر (12:00)ى ئەمشەوەوە، وەرزى قەدەغەى راوەماسى لە هەرێمى کوردستان کۆتایى دێت، بەپێى ئامارێکیش لەماوەى قەدەغەى راوەماسیدا لە سنورى سلێمانى (92) کەس دەستگیرکراون.

هێمن کەمەرخان بەڕيوەبەری راگەیاندنی پۆلیسی دارستانى سلێمانى لە کۆنگرەیەکى رۆژنامەوانیدا رایگەیاند: لە کاتژمێر (12:00)ى ئەمشەوە راوە ماسى ئاسایى دەبێتەوە، بەڵام بەمەرجێک راوچییەکان پابەندبن بە رێنمایی و مەرجەکانى راوکردنى ماسییەوە.

بەپێى مەرجەکان، پێویستە ئەو تۆڕانەى راوى پێدەکرێت قەبارەى شاشى تۆڕەکە بەشێوەیەک نەبێت کە ماسى وردى پێوەبێت و زیان بە سامانى ماسى بگەیەنێت، بەشێوەیەک نابێت شاشى تۆڕەکە لە هەشت سم کەمتر نەبێت. لە هەموو کات و ساتەکانیشدا راوى ماسى بە زەهر و تى ئێن تى و کارەبا و ماشە، قەدەغەیە.

هەروەک ئاشکرایکرد، لەماوەی سێ مانگی قەدەغەی راوەماسیدا (92)هاوڵاتی دەستگیرکراون و (243) تۆڕ دەستیان بەسەرداگیراوە و بەسەدان ماسى قەبارە جیاوازیش دواى ئازادکردنیان خراونەتەوە ئاوەوە.

ئەوە لەکاتێکدایە ساڵانە لە سەرەتای دەستپێکــــی وەرزی بەهاردا راوکردنی ماسی بۆماوەى سێ مانگ قەدەغە دەکرێت، چونـــکە ئەو ماوەیە دیاریکراوە بە وەرزی گەرادانان و زۆربوونی ماسی.

Back to top button