په‌كه‌كه‌ له‌نێوان شكه‌ست و خوێنه‌وه‌ی نه‌زه‌ریه‌ی موئامه‌ره‌دا

 

رێكان سه‌باح

له‌ ئێستادا یه‌ك حه‌قیقه‌ت بوونی هه‌یه‌، ئه‌ویش هاتنی سوپای توركیایه‌ بۆ باره‌گایی سه‌ره‌كی په‌كه‌كه‌، به‌ڵام لێره‌دا پرسیار ئه‌وه‌یه‌، باشه‌ به‌ئامانج گرتنی باره‌گای سه‌ره‌كی په‌كه‌كه‌ له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی هه‌رێمی كوردستان، ئایا ئه‌وه‌ شكه‌سته‌ نیه‌ كه‌ ده‌بێت په‌كه‌كه‌ دانی پێدا بنێت؟ خۆدوورگرتن له‌ نه‌زه‌ریه‌ی موئامه‌ره‌، یه‌ك مه‌ته‌ڵ كۆتایی پێدێنێت ئه‌ویش ئه‌وه‌یه‌، په‌كه‌كه‌ مورته‌زه‌قه‌ نیه‌، ئه‌و خوێنه‌وه‌یه‌ سه‌رتاپای هه‌ڵه‌یه‌، ناكرێت، ئێمه‌ له‌به‌ر ئه‌وه‌ی تاقه‌تی هه‌ڵسه‌نگاندنێكی بابه‌تی و واقیعیمان نیه‌، جارێكی تر له‌رێگای نه‌زه‌ریه‌ی موئامه‌ره‌، مامه‌ڵه‌ له‌گه‌ڵ رووداوه‌كانی نێوان ( په‌كه‌كه‌ و توركیا) بكه‌ین، ئاخر ناكرێت ئێمه‌ پرۆسه‌ی مێژووی په‌كه‌كه‌ له‌به‌رچاو نه‌گرین، جه‌ماوه‌رێكی ئاماده‌ی په‌كه‌كه‌ له‌ باكوری كوردستان له‌به‌رچاو نه‌گرین، به‌ڵام پرسیار لێره‌دا ئه‌وه‌یه‌، ئایا ئایدۆلۆژی په‌كه‌كه‌ ئێستا به‌ڵایه‌كی گه‌وره‌یه‌ بۆ په‌كه‌كه‌ بۆ گه‌لی كوردستان؟ به‌لێ سه‌د له‌سه‌د، ئه‌وه‌ی په‌كه‌كه‌ی بردۆته‌ به‌رده‌م ئه‌و قۆناغه‌، بوونی ده‌مارگیر و ئایدۆلۆجیه‌تی په‌كه‌كه‌یه‌، كه‌ وای له‌په‌كه‌كه‌ كردووه‌، ئه‌نجامه‌كانی هه‌موو له‌چوارچێوه‌ی قازانجی سیاسی ده‌وڵه‌تانی داگیركه‌ر ته‌واو ببێت، به‌ڵام پرسیار تر دێته‌ پێش، ئایا په‌كه‌كه‌ ئه‌وه‌ ده‌بینێت؟ بێ شك هێزی ئایدۆلۆجی ناتوانێت، ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ببینێت، كه‌ تێیدا رۆژ دوای رۆژ شكه‌سته‌كانی ده‌بینێت، به‌ڵام هۆكاری شكه‌سته‌كانی نابینێت، دێت له‌چوارچێوه‌ی پرۆسه‌ی “دژایه‌تی كردنی پارتی” خۆی له‌و شكه‌ستانه‌ بێ ئاگا ده‌كات و ده‌توانم بلێم خۆی هه‌ڵده‌خه‌ڵه‌تێنێت، كه‌وایه‌ با راستیه‌كان به‌م شێوه‌یه‌ شیكه‌ینه‌وه‌، په‌كه‌كه‌ كاتێك باره‌گای سه‌ره‌كی له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی باشوری كوردستان ده‌كرێته‌ ئامانج كه‌وایه‌ په‌كه‌كه‌ خاڵی كۆتایی خۆی كردۆته‌، به‌ره‌ی شه‌ڕ! ئالێره‌دا ده‌بێـت له‌وه‌ تێبگه‌ین، خۆ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ له‌ شرناخ و ئامێد و ده‌ریای ره‌ش و ئه‌نقه‌ره‌ و ئیسته‌نبۆڵ دا خاڵی به‌رگری هه‌با، خۆ ئێستا توركیا رووی له‌ قه‌ندیل نه‌ده‌نا، چونكه‌ خاڵی به‌رگری په‌كه‌كه‌ له‌ شرناخ و ئه‌ده‌نه‌ و ئامێد و سه‌ر ده‌ریای ره‌ش و ئه‌نقه‌ره‌ و ئیسته‌نبۆڵ با، سوپای توركیا رووی له‌ ناوچه‌ سنوریه‌كانی باشوری كوردسان نه‌ده‌كرد، كه‌ خاڵی كۆتایی و ناو ماڵی سه‌ركردایه‌تی په‌كه‌كه‌یه‌، كاتێك دوژمن ده‌كاته‌ ناو ماڵه‌كه‌ت كه‌وایه‌ هیچ هێزێكی به‌رگریت نه‌ماوه‌، شه‌ڕت خستۆته‌ ناو ماڵی خۆت، بۆیه‌ په‌كه‌كه‌ ده‌بێت ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ بزانێت، ئێستا له‌ شكه‌ستێكی گه‌وره‌ بواری سه‌ربازی و سیاسی دایه‌، چونكه‌ له‌ناو ماڵی سه‌ركردایه‌تی خۆی شه‌ڕی یه‌كڵاكه‌ره‌وه‌ ده‌كات، نه‌ك له‌ ناو ماڵی دوژمنه‌كه‌ی، خۆ ئه‌گه‌ر په‌كه‌كه‌ ئه‌و حه‌قیقه‌ته‌ ده‌زانێت، هه‌ر ده‌بێت په‌نا بباته‌ به‌ر خۆ رێكخستنه‌وه‌، واتا لێره‌شدا ده‌بێت خاڵی به‌رگریه‌كانی بگوازێته‌وه‌ بۆ ناو توركیا، خۆ ئه‌گه‌ر دانی پێدا نه‌نا و به‌رده‌وام بوو، ئه‌وه‌ هیچ كه‌ په‌كه‌كه‌ ئیتر سنوری توركیایی لێ كۆتایی دێت،  به‌ته‌واوی له‌توركیا دوور ده‌خرێته‌وه‌، ئالێره‌دا بوون و نه‌بوونی په‌كه‌كه‌ وه‌ك یه‌ك یه‌كسان ده‌بێت.

 

Back to top button