وەزارەتی تەندروستی لەبارەی پشکنینی کۆرۆنا لەدەروازەکان بڕیارێکی دەرکرد
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان رایگەیاند، پشکنینی توشبوون بە ڤایرۆسی کۆرۆنا لە دەروازەکان و فڕۆکەخانەکان بەردەوامی دەبێت، جگە لەو کەسانەی پشکنینی کۆرۆنایان هەیە کەماوەی 48 کاتژمێری بەسەردا تێنەپەڕیبێت لەگەڵ ئەو کەسانەی هەردوو ژەمی ڤاکسینییان وەرگرتووە.
وەزارەتی تەندروستی هەرێمی کوردستان لەراگەیەنراوێکدا ئاماژەی بەوەشکردوە، “وەرگرتنی نموونە و پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا بۆ هاووڵاتیان كە لە دەرەوەی هەرێمی کوردستان دەگەڕێنەوە لەڕێگەی دەروازە سنووریەكان و فرۆكەخانەكان بەردەوام دەبێت”.
ئەوەش هاتووە، بڕیارەکە ئەو کەسانە ناگرێتەوە کە لەدەرەنجامی پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت كەمتربێت لە 48 كاتژمێر لەكاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات، هەروەها ئەو هاوڵاتیانەی بڕوانامەی وەرگرتنی دوو ژەمی ڤاكسینی دژە ڤایرۆسی كۆرۆنای پشتڕاستكراو و باوەڕپێكراوی هەبێت لەکاتی گەیشتن پێویست بە وەرگرتنی نموونەی پشكنین ناكات.
وەزارەتی تەندروستی ئەوەشی خستوەتەڕو، ئەو بڕیارەش لەچوارچێوەی “بەرژەوەندی گشتی و ڕەچاوکردنی ڕێکارەکانی بەرەنگاربوونەوەی ڤایرۆسی کۆڕۆنا لە هەرێمی کوردستان، هەروەک پێشتر ڕامانگەیاندبوو بۆ پێداچوونەوە بە ڕێکارەکان و گونجاندنی لەگەڵ هەڵومەرج و بارودۆخی ئێستای کۆڕۆنا لە جیهان و هەرێمی کوردستان وە دوابەدوای ڕەچاوکردنی ئاستی ڕەوشی تەندروستی و ئاسایی بوونەوەی هاتووچۆ و گەشتکردن و ئاسانکاری بۆ هاوڵاتیان لە گرتنەبەری رێكارەكانی خۆپارێزی و وەرگرتنی نموونە بۆ پشكنینی ڤایرۆسی كۆرۆنا، لەلایەن وەزارەتی تەندروستی بڕیاری لەسەر دراوە”.