بابەکر زێباری: پەکەکە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات و ئەوان بەکرێگیراون

بابەکر زێباری راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان بۆ کاروباری سەربازی رایگەیاند، لەگەڵ حکومەتی عێراق گفتوگۆیان کردوە بۆ ئەوەی هێزەکانی پاسەوانی سنورەکانی هەرێمی کوردستان زیاتر بکرێن و پڕچەک بکەن، دەشڵێت، “پەکەکە ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات و ئەوان بەکرێگیراون”.

 

بابەکر زێباری بەماڵپەڕی پارتی راگەیاندوە، “چارەکردنی کێشەکان لەگەڵ پەکەکە زۆر زەحمەتە، چونکە خۆدەسەپێنن و خۆیان دەکەنە خاوەنی ھەموو شوێنێک، بۆیە ئەم جۆرە بیرکردنەوەیە زۆر زەحمەتە لەگەڵیان بتوانی گفتوگۆ بکەی بۆ چارەکردنی کێشەکان، چونکە نەک ناوچەکان داگیر دەکەن، بگرە رێگە نادەن خەڵکی ھەرێمی کوردستان بچێتەوە سەر ناوچەکانی خۆشی”.

 

ئاماژەی بەوەشکردوە، دوو لیوای پاسەوانی سنووری ھەیە، ئەوانەی سەر بە عێراقن، بەڵام کەمە، بۆیە حکوومەتی ھەرێم لەگەڵ بەغدا لەسەر هێڵە و بەڵێنی زیادکردنی ھێزەکانیان بۆ پاسەوانی سنووری داوە، کە پێداویستیی سەربازی و چەکیش بۆ ھێزەکان زیاتر دابین بکەن، بۆ ئەوەی بتوانن رۆڵی خۆیان ببینن لە پاسەوانی سنوور، چونکە ئەو ھێزانەی ھەن، کەمن و ناوچەکە پێویستی بە ھێزی زیاترە.

 

راوێژکاری سەرۆکی ھەرێمی کوردستان ئاماژەی بەوەشکردوە، پەکەکە کۆمەڵێک ئەجێندای دەرەکی جێبەجێ دەکات و ئەوان چەکی بەکرێگیراون، بۆیە ئەوانە ھەر دەمێنن مەگەر بە شەڕ نەبێت، کە ئەوەش لە بەرژەوەندیی ھیچ کەسێکدا نییە، بەڵام بەداخەوە زمانی گفتوگۆ نازانن، پەکەکە لێرە ناتوانێ ھیچ بکات چجای باکووری کوردستان، بۆیە ئەوان بۆ خەبات نەھاتوون و تەنھا بۆ تێکدانی بارودۆخی ھەرێمی کوردستان ھاتوون”.
Back to top button