لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی كوردستان پێداویستییەكانی نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دابین دەكرێت

لەسەر فەرمانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، مانگانە زیاتر لە یەك ملیار دینار پێداویستی بۆ نەخۆشخانەكانی شێرپەنجە دێتە كڕین.

ئەمڕۆ یەكشەممە، بەپێی نووسراوێكی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران هاتووە، لەسەر فەرمانی مەسروور بارزانی سەرۆكی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، بڕیار درا مانگانە بڕی ملیارێك و 600 ملیۆن دینار بۆ نەخۆشخانەكانی تایبەت بە چارەسەركردنی تووشبووانی شێرپەنجە لە هەرێمی كوردستان خەرج بكرێت، بۆ كڕینی دەرمان و دابینكردنی ئامێر و تاقیگە و پێداویستییە پزییشكییەكانی تر.

بەپێی نووسراوی ژ ( 7291 ) كە ئەمڕۆ یەكشەم 20 ی حوزەیرانی 2021 بە واژووی ئومێد سەباح سەرۆكی دیوانی ئەنجوومەنی وەزیران دەرچووە و ئاراستەی وەزارەتی دارایی و ئابووری كراوە، وردەكاریی ڕەزامەندی خەرجكردنی بڕی پارەكە بۆ نەخۆشخانەكانی نانەكەلی، رزگاری هەولێر، هیوا سلێمانی، ئازادی دهۆك دراوە .

هەروەها بەپێی نووسراوی ژ ( 7293 ) لە 20 ی حوزەیران، سەرۆكی حكوومەت ڕەزامەندی لەسەر خەرجكردنی ملیارێك و 27 ملیۆن 600 دیناری مانگانە دا لە بری نۆڕینگە “بدل عیادە” كە لە نووسراوەكەی سەرۆكی دیوان وردەكاری خەرجكردنەكەی ڕوون كراوەتەوە .

11

Back to top button