ئاسايشى سلێمانى له‌باره‌ى شه‌ڕه‌كه‌ى شه‌وى ڕابردوو : چاوه‌ڕێی لیژنه‌ی لێكۆڵینه‌وه‌ ده‌كه‌ین .. 7 كارمه‌ندی ئه‌منی بریندار بوون

به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی، له‌ باره‌ی شه‌ڕه‌ ته‌قه‌ی نێوان هێزه‌ ئه‌منییه‌كان له‌ سلێمانی روونكردنه‌وه‌یه‌كی بڵاوكرده‌وه‌ و ده‌لێ : ” رێوشوێنە یاسییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین.

له‌ روونكردنه‌وه‌كه‌ی به‌ڕێوبه‌رایه‌تی ئاسایشی سلێمانی هاتووە: “ھێزەکانمان بەھاوبەشی لەگەڵ ھێزەئەمنییەکان لە لیژنەی ئەمنی پارێزگای سلێمانی لە ئەرکێکی رەسمیدا بوون، بۆ پاراستنی ئاسایش و ئارامی شارەکەمان لەسەر شەقامی جەواھیری لەگەڕەکی سەرچنار”.

ئاسايشى سلێمانى ده‌شلێت، “شۆفێرێک پابەند نابێت بە رێکار و رێنماییە ياساييه‌كان و پاش گرفت درووستکردن، ھێزێکی چەکدار بەشێوازێکی دەرچوون لە یاسا بەکاردەھێنێت و ھەڵدەکوتنە سەر ئەو ھێزە ئەمنییەی، کە لە ئەرکدا بوون و بە تەقەکردن رووبەڕووی ھێزە ھاوبەشەکە بوونەوە و سەرئەنجام شه‌ش کارمەندی ھێزەکانی ئاسایشی سلێمانی و كارمه‌ندێکی هێزه‌كانى فرياكه‌وتنى به‌ڕێوبه‌رایه‌تی پۆلیسی سلێمانى برينداربوون و رەوانەی نەخۆشخانە کران”.

ئاسایشی سلێمانی له‌ كۆتايى روونكردنه‌وه‌كه‌يدا گوتيشى، “رێوشوێنە یاساییەکان بۆ لیژنەی لێکۆڵینەوە جێدەھێڵین و ھەموو لایەک دڵنیا دەکەینەوە ھەرگیز دەستبەرداری ئەرکی نیشتمانی خۆمان نابین”.

Back to top button