نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان: ٤١ ملیۆن مرۆڤ له‌ژێر مه‌ترسی برسێتییدان

 

 

به‌ڕێوه‌به‌ری جێبه‌جێكاری پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان (WFP)، ده‌یڤید بیسڵی، ئاشكرایكرد ٤١ ملیۆن مرۆڤ له‌سه‌رانسه‌ری جیهاندا كه‌ ناتوانن ده‌ستیان به‌ هاوكارییه‌ مرۆییه‌كان رابگات، له‌ژێر مه‌ترسیی برسێتییدان.

 

ده‌یڤید بیسڵی له‌ كۆبوونه‌وه‌ی ده‌سته‌ی به‌ڕێوه‌بردنی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان، روونكردنه‌وه‌ی له‌باره‌ی گرفتی برسێتیی له‌جیهاندا دا.

 

بیسڵی باسی له‌وه‌كرد له‌ چوار وڵات دۆخی هاوشێوه‌ی برسێتیی هه‌ن و له‌ سه‌رانسه‌ری جیهاندا ٤١ ملیۆن كه‌س ره‌نگه‌ به‌ره‌وڕووی برسێتیی ببنه‌وه‌ و رایگه‌یاند: “٤١ ملیۆن كه‌س به‌ ته‌واوی مانا له‌ كه‌ناری برسێتییدان. ئه‌گه‌ر ته‌ماشای ژماره‌كان بكه‌ن، ئه‌مه‌ تراژیدیایه‌، ئه‌مانه‌ هه‌موویان مرۆڤی راسته‌قینه‌ن. زۆر نیگه‌رانم”.

 

– داتاكانی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی ئاماژه‌ن بۆ برسێتیی

 

داتاكانی ساڵی ٢٠٢٠ی ٤٣ وڵات كه‌ له‌لایه‌ن پرۆگرامی خۆراكی جیهانییه‌وه‌ بڵاوكراوه‌ته‌وه‌، ئه‌وه‌ ده‌رده‌خه‌ن كه‌ نزیكه‌ی ٤١ ملیۆن مرۆڤ له‌ لێواری برسێتییدان.

 

داكاتان ئاماژه‌ به‌وه‌ ده‌كه‌ن كه‌، پێكدادان، گۆڕانی كه‌شوهه‌وا، ئاڵنگارییه‌ ئابوورییه‌كان ئاستی برسێتییان زیادكردووه‌ و فشاریان بۆ نرخی خۆراكه‌ بنه‌ڕه‌تییه‌كان هێناوه‌. وه‌ك ده‌ره‌نجامی ئه‌و دۆخه‌ش، پارساڵ نرخی جیهانی گه‌نمه‌شامی له‌سه‌ر ئاستی ساڵ له‌سه‌دا ٩٠ و نرخی گه‌نم له‌سه‌دا ٣٠ زیادی كردووه‌.

 

ئه‌مه‌ جگه‌ له‌وه‌ی داتاكانی پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی نه‌ته‌وه‌یه‌كگرتووه‌كان ئاشكرای ده‌كه‌ن، هه‌ڵكشانی نرخی خۆراك له‌ وڵاتانی هاوشێوه‌ی لوبنان، نێجیریا، سوودان، ڤه‌نزوێلا و زیمبابۆی بووه‌ته‌ هۆی تێكچوونی ئاسایشی خۆراك.

 

پرۆگرامی خۆراكی جیهانیی ئامانجیه‌تی له‌ساڵی ٢٠٢١دا ده‌ستی هاوكاری بگەیەنێتە ١٣٩ ملیۆن كه‌س كه‌ مه‌ترسی برسێتییان له‌سه‌ره‌.

Back to top button