سەرۆك بارزانی پێشوازی لە باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق دەكات

 

ڕۆژی چوارشەممە ٢٣ـی حوزەیرانی ٢٠٢١ لە سەلاحەددین سەرۆك مەسعود بارزانی پێشوازی لە ستیڤێن هیكی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق كرد.

لە دیدارەكەدا كە جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی بریتانیا لە هەولێریش ئامادەی بوو، بیروڕا لەبارەی پڕۆسەی سیاسیی و هەڵبژاردنەكان و قۆناغی داهاتووی عێراق و هەروەها هاوكێشە سیاسییەكانی هەرێمی كوردستان و پەیوەندییەكانی هەرێم و بەغدا ئاڵوگۆڕ كرا و تیشكیش خرایە سەر ئەو تەحەددیاتە ئەمنی و سیاسیانەی كە لەبەردەم هەرێمی كوردستان عێراقدا هەن.

لە بەشێكی تری ئەو كۆبوونەوەیەدا كاریگەریی سیاسەتی نێودەوڵەتی و هەرێمایەتی لەسەر ئایندەی عێراق و ڕێگەكان بۆ بەدیهێنانی سەقامگیریی لە عێراق تاوتوێ كرا. هەر لەو دانیشتنەدا هەنگاونان بۆ پێكهێنانی ناوەندی هەماهەنگیی سەربازیی نێوان هێزی پێشمەرگەی كوردستان و هێزەكانی عێراقی خرایە بەر باس و هەروەها چاكسازی لە وەزارەتی پێشمەرگە و یەكخستنی هێزی پێشمەرگەی كوردستان لە چوارچێوەی وەزارەتی پێشمەرگە بە گرنگ وەسف كرا.

پەیوەندییەكانی نێوان هەرێمی كوردستان و بریتانیا و كاركردن بۆ پێشخستنی ئەو پەیوەندییانە تەوەرێكی تری ئەو دیدارە بوو.

جێگەی ئاماژەپێكردنە كە ستیڤێن هیكی باڵیۆزی بریتانیا لە عێراق و جێمس سۆرنتۆن كونسوڵی بریتانیا لە هەولێر كۆتایی بە ئەركەكانیان لە عێراق و هەرێمی كوردستان هاتووە و بە مەبەستی ماڵئاواییكردن سەردانی سەرۆك بارزانیان كردبوو و سەرۆك بارزانیش وێڕای سوپاسگوزاری، هیوای سەركەوتنی بۆ خواستن لە ئەرك و كاری تازەیاندا.

Back to top button