شا عەبدوڵڵا بۆ سەرۆك بارزانی: كورد بە وەفان
سەرۆك مەسعود بارزانی رۆژی 28ی ئایاری 2015 دوای كۆبوونەوەی لەگەڵ شا عەبدوڵڵای شای شانشینی ئوردن گوتی ” شا عەبدوڵڵا پێیگوتم، كورد بە وەفان”.
سەرۆك مەسعود بارزانی، كە ئەوكات وەك سەرۆكی هەرێمی كوردستان لە ئوردن بوو، ئەو قسانەی بۆ تەلەڤزیۆنیی شانشینی ئوردنی كردن، لە وەڵامی پرسیارێكدا سەبارەت بە خۆشحالی كوردانی ئوردن بە سەردانی بارزانی بۆ ئوردن. سەرۆك بارزانی لەو هەڤپەیڤینە كورتەدا گوتی ” كوردانی ئوردن سەریان بڵندكردین، چونكە بە دڵسۆزییەوە خزمەتی ئوردنیان كردووە، خاوەن شكۆ و بەرپرسانی ئوردن پێیانگوتم كورد بە وەفان”.
پەیوەندی نێوان كورد و ئوردن لەمێژیینەیە. عەلی سەیدۆ گۆران بە یەكەمین دەرچووی زانكۆی خەڵكی ئوردن دادەنرێت كە لە لوبنان زانكۆی تەواوكرد، هەروەها یەكێكە لە سەرەكیترین داڕێژەرانی دەستووری ئوردن، یەكەمین بەڕێوبەری قوتابخانە بووە لە ئوردن. عەلی سەیدۆ كوردی كە نووسەری كتێبی ( من عمادیە الی عمان) لە بنەچە لە شاری ئامەدی باكووری كوردستانەوە چوونەتە ئوردن. ئینجا تێكەڵاوی بنەماڵەی شای ئوردن بوونە، رۆڵێكی زۆر گەورەی ئابوورییان گێڕاوە، یەكەمین تراكتۆر لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە براوەتە ئوردن، یەكەمین مۆڵی بازرگانیش لەلایەن ئەو بنەماڵەیەوە لە عەممانی پایتەختی ئوردن دروستكراوە.
بەهۆی ئەو رۆڵەی كورد لە ئوردن هەیبووە، پەیوەندی شۆڕشی كوردستان لەگەڵ ئوردن دروستبووە، هەروەها ئوردن رۆڵی هەبووە لە دروستكردنی پەیوەندی نێوان شۆڕشی كوردستان و وڵاتان، لەوانەش ئەمریكا لەسەردەمی شۆڕشی ئەیلوول دا بەسەرۆكایەتی مەلا مستەفا بارزانی. ئەو پەیوەندییە لەسەردەمی سەرۆك مەسعود بارزانی زۆر گەشەی كردووە.
هەرچەندە شا حوسێن تەڵاڵ باوكی شا عەبدوڵڵا، چەند ساڵێك پەیوەندی بەهێزی لەگەڵ سەدام حوسێن سەرۆكی عێراق هەبوو، بەڵام لە هەمانكاتدا پەیوەندییەكانی لەگەڵ سەرۆك بارزانی پاراستبوو، دوای ئەوەش شا حوسێن بەشداربوو لە هەوڵەكانی رووخاندنی رژێمی بەعس لە عێراق، بۆ ئەو مەبەستەش پەیوەندییەكی تایبەتی لەگەڵ سەرۆك بارزانی دەكرد.
لەنێوەڕاستی ساڵانی نەوەتەكاندا بارزانی بانگهێشتنامەیەکی تاکەکەسی تایبەتی لە شازادەی جێنشینی ئوردن، حەسەن بن تەڵاڵ، پێگەیشتبوو بۆ ئەوەی سەردانی ئوردن بکات.
هەروەها لە شاری لەندەن، شا حوسێن دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە موحسین دزەیی و هۆشیار زێباری کردبوو، کە نێردەروای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون، چەند ساڵێك بەر لە رووخاندنی رژێمی سەدام.
لە نووسینەکەدا لە 2-1-1996 کامەران قەرەداخی باس لە پەیوەندییەکانی شا حوسێنی ئوردن دەکات لە ساڵی 1995 لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق، لەنێویاندا مەسعود بارزانی و جەلال تاڵەبانی، ئەوەی کۆنگرەی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق لە ئوردن ببەسترێت.
وەک کامەران قەرەداخی باسی دەکات، ئامانجی ئوردن دانانی هێڵە گشتییەکان بووە لەنێوان پێکهاتە جیاوازەکانی عێراق بۆ قۆناخی دوای سەدام حوسێن لە عێراق.
کامەران قەرەداخی لە نووسینێکدا کە لە پەیمانگەی واشنتن بۆ سیاسەتی رۆژهەڵاتی نزیک بڵاوکراوەتەوە، دەڵێت، شا حوسێنی ئوردن لەو ساڵانەدا رەخنەی لە حکومەتی عێراق دەگرت و باسی لەوە دەکرد کە سیستەمێکی نوێ بۆ عێراق پێویستە لەسەر بنەمای “ئاشتەوایی نیشتمانی” دروستبكرێت لەنێوان سوننە و شیعە و کورد وەک سێ پێکهاتەی سەرەکی کۆمەڵگەی عێراق، هەروەها پێشنیازی “فیدراڵی” کرد بۆ عێراق.
لە ساڵی 1995، شا حوسێن کاری کرد لەسەر جێبەجێکردنی ئەو بیرۆکانە و دوو راوێژکاری نزیکی خۆی ناردن بۆ لەندەن بۆ دروستکردنی پەیوەندی لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق، کە یەکێکیان مستەفا قەیسی سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئوردن بووە.
سەرۆکی دەزگای هەواڵگری ئوردن، لەگەڵ پرۆفیسۆر حەسەن چەلەبی ئەندامی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق کۆبووەتەوە، هەروەها لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق کە ئەوکات لە کوردستان بووە، قسەی کردووە.
نێردەکەی دیکەی شا حوسێن، عەبدولئیلا کوردی بووە کە کەسایەتی سێیەمی دەزگای هەواڵگری ئوردن بووە و ماوەی ١٠ رۆژ کۆبوونەوەی لەگەڵ بەرپرسان و سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق ئەنجامداوە.
لە هەموو کۆبوونەوەکاندا نێردراوەکانی ئوردن بە ئۆپۆزیسیۆبنی عێراقیان گوتبوو، شا حوسێن دەیەوێت کۆنگرەیەک بۆ گرووپە ئۆپۆزیسیۆنەکانی سەدام حوسێن لە عەممان ببەستێت بۆ قسەکردن لەسەر ئاییندەی عێراق، ئەوەشیان گوتبوو کە شا حوسێن ئامادەی هاوکارییە بۆ رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن.
پاش چەند رۆژێک، شا حوسێن خۆی سەردانی لەندەنی کردووە و جەختی لەو پەیامەی کردووەتەوە. شا حوسێن لە لەندەن بە تەلەفۆن قسەی لەگەڵ باقر حەکیم کردبوو کە سەرکردەی ئۆپۆزیسیۆنی شیعەی عێراق بوو لە تاران، هەروەها قسەی لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق کردبوو، لەگەڵ مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان و جەلال تاڵەبانی سکرتێری یەکێتی نیشتمانی کوردستان قسەی کردبوو.
وەک کامەران قەرەداخی نووسیویەتی، شا حوسێن ویستویەتی پاڵپشتی گرووپە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق بەدەستبێنێت پێش ئەوەی دەستبکات بە هەوڵەکانی بۆ بەستی کۆنفرانسەکە.
ئەحمەد چەلەبی و جەلال تاڵەبانی راستەوخۆ رەزامەندییان دابوو بۆ بەشداریکردن لە کۆنفراسەکە. بەڵام سەرۆک مەسعود بارزانی و باقر حەکیم راستەوخۆ رەزامەندییان نەدابوو بۆ ئەوەی بچنە عەممان. بەڵام ناڕازیبوونی
سووریا و سعودیە و ئێران لەو هەوڵ و رۆڵەی ئوردن، كارەكەی سەخت كردبوو.
شا حوسێن ویستویەتی لە رێگەی نزیکبوونەوە لە ئۆپۆزیسیۆنی عێراق پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو بەهێزبکاتەوە کە دژی سەدام حوسێن بوون و لۆمەی ئوردنیان دەکرد بەهۆی پەیوەندییەکانی لەگەڵ سەدام.
پاش ئەم زنجیرە دیدار و گفتوگۆیانە لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق، شا حوسێن هەوڵی دیپلۆماسی زۆری دەستپێکرد بۆ پتەوکردنی پەیوەندییەکانی لەگەڵ وڵاتانی کەنداو، بەتایبەت سعودیە و کوێت، هەروەها میسر.
هەر لەو ماوەیەدا، ئوردن گفتوگۆی لەگەڵ تورکیا کردبوو چونکە ئەو وڵاتە هەستیاری هەبوو بەرامبەر هەر کارێک لە عێراق بەهۆی هەبوونی کورد لەسەر سنوورەکانی، بۆیە لە مانگی کانوونی دووەمی 1996 کە مانگی رەمەزان بووە، شازادەی جێنشینی ئوردن حەسەن بن تەڵاڵ بە سەردانێکی یەک رۆژە چووەتە ئەنقەرە و لەگەڵ سەرۆکی ئەوکاتی تورکیا، سولەیمان دەمیرەل، کۆبووەتەوە و وردەکاری پلانەکەی شا حوسێنی بۆ روونکردووەتەوە.
کامەران قەرەداخی، لە نووسینێکی دیکەدا لە 5-5-1996 ، باس لە سەردانی شا حوسێن دەکات لە مانگی ئایار بۆ واشنتن و کۆبوونەوەی لەگەڵ کلینتۆن سەرۆکی ئەوکاتی ئەمریکا.
لە رێگەی سەردانەکەی بۆ واشنتن، شا حوسێن لە لەندەن وەستاوە و جارێکی دیکە گفتوگۆی لەگەڵ سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی کردووە و بیروڕایان گۆڕیوەتەوە لەسەر چۆنییەتی خێراکردنی گۆڕانکاری سیاسی لە بەغدا و پتەوترکردنی بەرەی ئۆپۆزیسیۆن.
جگە لە گفتوگۆکردن لەگەڵ ئەحمەد چەلەبی سەرۆکی کۆنگرەی نیشتمانیی عێراق، قسەی لەگەڵ جەلال تاڵەبانی سکرتێری گشتیی یەکێتی نیشتمانی کوردستان کردبوو کە رۆژێک پێشتر لە کوردستانەوە گەیشتبووە ئوردن، جەلال تاڵەبانی پەیامێکی محەممەد باقر حەکیم سەرۆکی ئەنجوومەنی باڵای ئیسلامیشی بە شا حوسێن گەیاندبوو، کە پێشتر لە تاران لەگەڵی کۆببووەوە، حەکیم ئامادەیی دەربڕیبوو بۆ هاوکاریکردن لەهەر کارێک لەدژی رژێمی سەدام حوسێن.
هەر لە لەندەن، شا حوسێن دوو کۆبوونەوەی لەگەڵ هەریەک لە موحسین دزەیی و هۆشیار زێباری کردبوو، کە نێردەروای مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان بوون.
ئەو کۆبوونەوانە ئاماژەی ئەوەیان دابوو کە شا حوسێن سوورە لەسەر ئەوەی رۆڵی یەکلاکەرەوەی هەبێت لە رووخاندنی رژێمی سەدام حوسێن و لە نزیکەوە کارکردن لەگەڵ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق.
هەروەها، عەبدولکەریم کەباریتی سەرۆکوەزیرانی ئەوکاتی ئوردن رایگەیاندبوو لایەنە سەرەکییەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق دەتوانن نووسینگە لە ئوردن بکەنەوە.
شا حوسێن بڕوای هێنابوو گۆڕانکاری لە عێراق بە “کودەتای نێو کۆشک” ناکرێت، کە بەشێک بووە لە ئامانجی ئەمریکا، ئەو پێیوابوو تاکە رێگە بۆ رووخاندنی سەدام کرداری راستەوخۆیە، بۆ نموونە لە کوردستانەوە. بۆیە دەیویست گوشار لە واشنتن بکات بۆ دابینکردنی پاڵپشتی سیاسی و دارایی زیاتر بۆ ئۆپۆزیسیۆنی عێراق و دەستپێکردنی کەمپینێکی دیپلۆماسی لەپێناو گەیشتن بە کۆدەنگییەکی هەرێمیی لەبارەی ئاییندەی عێراقەوە.
شا حوسێن پێشتر دەستپێشخەری خۆی بۆ عێراق ئاشکراکردبوو، ئەویش جێبەجێکردنی سیستەمی فیدراڵی بوو بۆ سوننە و شیعە و کورد لە عێراق.
کامەران قەرەداخی دەڵێت، شا حوسێن بە سەرکردەکانی ئۆپۆزیسیۆنی عێراقی گوتبوو کە سوورە لەسەر سەپاندنی ئەو پرسە لەگەڵ ئەمریکییەکان، تەنانەت سەرکردەیەکی ئۆپۆزیسیۆنی عێراق باسی ئەوەی کردبوو کە شا حوسێن گوتوویەتی ئامادەیە “هاوار بە رووی کلینتۆندا بکات” بۆ ئەو پرسە.
س : رووداو