تۆماری نوێی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەست پێ دەکات

بڕیار درا خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکانی سنووری پارێزگای هەولێر تۆمار بکرێن بۆ ئەوەی لە ڕێگەی وەزارەتی بازرگانی بەشەخۆراکی زیاتریان بۆ دابین بکرێت.

ئەمڕۆ پێنجشەم 24ی حوزەیرانی /2021/، بەڕێز یوسف چاوشین بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر رای گەیاند، بۆ ئامادە کردنی لیستێکی نوێی خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان ڕووپێوێکی نوێ دەست پێ دەکەین و لە رێگەی وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتیەوە لیستەکە ئاراستەی وەزارەتی بازرگانی دەکەین تاوەکو بەشە خۆراکی زیاتر بۆ خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دابین بکرێت.

بەڕێوەبەری گشتی چاودێری و گەشەپێدانی کۆمەڵایەتی هەولێر گوتی، ئێستا لە ناوچەکانی دیکەی عێراق، ساڵانە دوو بەشەخۆراکی زیاتر بە بەشێک لە خێزانە هەژار و کەمدەرامەتەکان دەدرێت، وەزارەتی بازرگانی و پیشەسازیی هەرێمی کوردستان داوای لە وەزارەتی بازرگانی عیراق کردووە ئەو هەنگاوە هەژار و کەمدەرامەتەکانی هەرێمی کوردستانیش بگرێتەوە، ئەوانیش داوای لیستیان کردووە و لەسەر ئەو بنەمایەش وەزارەتی کار و کاروباری کۆمەڵایەتی لیستی ناوەکان بۆیان ئامادە دەکات.

باسی لەوەش کرد، بە هەماهەنگی لەگەڵ پارێزگا و قایمقامیەت و بەڕێوەبەری ناحیەکان ناوەکان دەنووسین و لە ماوەی 20 رۆژدا تەواویان دەکەین.

لەبارەی ئەو مەرج و پێوەرانەی بۆ تۆمارکردن دانراون ئاشکرای کرد، خێزانەکان لە سەر بنەمای هێلی هەژاری وەردەگیردرێن واتە هەر خێزانێک داهاتی کەم بێت بەشێوەیەک بۆ هەر ئەندامێکی خێزان کەمتر لە ۱۰۰ هەزار دینار بێت بە هەژار لە قەلەم دەدرێت و ناوی خێزانەکە تۆمار دەکرێت. بۆ نموونە ئەگەر خێزانێک لە دوو کەس پێکبێت و داهاتی لە ۲۰۰ هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار ئەژمار دەکرێت، ئەگەر خێزانێک ۳ کەس بێ و داهاتی لە ۳۰۰ هەزار کەمتر بێت ئەوا بە هەژار دادەنرێت و بە هەمان شێوە ئەگەر خێزانێک ٤ کەس بێت دەبێت داهاتەکەی کەمتر بێت لە ٤۰۰ هەزار دینار و بەم شێوەیە تادوایی.

بەڕێوەبەری گشتی ڕای گەیاند، ئەو هەڵمەتە لەسەرجەم پارێزگاکانی هەرێمی کوردستان بەڕێوە دەچێت، هەروەها لە تۆمارکردنی ناوەکاندا رەچاوی باری کرێچی و ئەو کەسانەی خاوەن پێداویستی تایبەتن دەکرێت.

Back to top button