هاوپەیمانی نێودەوڵەتی: لە مانگێکدا 23 ئۆپەراسیۆنمان دژی داعش ئەنجامداوە

هاوپەیمانی نێودەوڵەتیی دژی داعش دەڵێت، لە سەرەتای مانگی حوزەیرانەوە 23 ئۆپەراسیۆنیان دژی داعش ئەنجامداوە و هەوڵی 25 چەکداریان پووچەڵکردووەتەوە کە بە نیازبوون “کردەوەی تیرۆریستی” دژی هاوڵاتیانی عێراق و سوریا ئەنجامبدەن.

کۆلۆنێل واین مارۆتۆ، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی دژی داعش لە تویتێکدا بڵاویکردەوە کە ئەو ئۆپەراسیۆنانە بە هاوبەشی لەگەڵ هاوپەیمانە عێراقی و سوورییەکانیان ئەنجامداون.

لە تویتێکی دیکەدا، گوتەبێژی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتیی باس لەوە دەکات، هەسەدە بە پاڵپشتی بە زانیارییە هەواڵگرییەکانی هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی توانیویەتی پێنج ئەندامی شانەیەکی داعش دەستگیربکات، دەست بەسەر بڕێکی زۆری چەک و تەقەمەنیدا بگرێت، کارگەیەکی دروستکردنی تەقەمەنی لە ناوچەی بوسەیڕەی پارێزگای دێرەزوور دۆزیوەتەوە.

مارۆتۆ دەڵێت، هاوپەیمانیی نێودەوڵەتی پابەندە بە کارکردن لەگەڵ هەسەدە بۆ بەرەوپێشبردنی ئاساییش و سەقامگیری “باکووری رۆژهەڵاتی” سووریا.

Back to top button