به‌رپرسانى باڵاى فه‌ڕه‌نسا بۆ سه‌رۆكى په‌رله‌مانى عێراق : پێویستە مافەکانى کورد وەک دۆستى لەمێژینەوەى فەڕەنسا پارێزراو بێت و پشتگیرى بکەن

شاندێكى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق كه‌ به‌سه‌رۆكايه‌تى محه‌ممه‌د حه‌لبووسى سه‌ردانى فه‌ڕه‌نسايان كردوو ماوه‌ى حه‌فته‌يه‌ك له‌و وڵاته‌ بۆ هه‌ماهه‌نگى و په‌يوه‌ندى زياترى نێوان هه‌ردوو سه‌ردانه‌كه‌يان ئه‌نجام دابوو له‌وێ چاويان كه‌وت به‌ به‌رپرسانى باڵاى ئه‌و وڵاته‌، په‌رله‌مانتارێكى كوردى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراقيش له‌ فراكسيۆنى پارتى كه‌ ياوه‌رى شانده‌كه‌ بوو هه‌ڵوێستێكى فه‌ڕه‌نسييه‌كان بۆ كورد ئاشكرا ده‌كات و ده‌لێ : چەندین جار لە بەرپرسانى فەڕنسییەوە بە ئاشکرا گوێبیستى قسەکردن لەسەر دۆستایەتی فەڕەنسییەکان و گەلى کورد کرد دەبووین و ڕاستەوخۆ داوایان لە سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکرد کە “پێویستە مافەکانى کورد وەک دۆستى لەمێژینەوەى فەڕەنسا پارێزراو بێت و پشتگیرى بکەن”.

 

نه‌هرۆ ڕواندزی، ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق له‌په‌يجى فه‌رميى خۆى له‌ تۆڕى كۆمه‌ڵايه‌تى (فه‌يسبووك) له‌باره‌ى سه‌ردانى شاندى ئه‌نجوومه‌نى نوێنه‌رانى عێراق بۆ فه‌ڕه‌نسا رايگه‌ياند:”وەک شاندێکى فەرمى یاوەرى سەرۆکی ئەنجومەنی نوێنەرانى عێراق بووین بۆ پاریسى پایتەختى وڵاتى فەڕەنسا , لەم گەشتە دیپلۆماسیەدا ، چاومان بە بەڕێز ریتشارد ڤیران ـى سەرۆکی کۆمەڵەی نیشتمانیی فەڕەنسا،وە هەروەها ،  جیرار لاریشە ـى سەرۆکی ئەنجومەنی پیرانی فەڕەنسا و بە ژان ئێف لۆدریان ـی وەزیری دەرەوەی فەڕەنسا و خاتوو فلۆرینس بارلی وەزیری سوپای فەڕەنسا و ئەندامانی ڕێکخراوی هاوڕێیانی کاری فەڕەنسی کەوت.”
ڕه‌واندزى گوتيشى :” لە دیدار و گفتوگۆکانماندا بەدەر لە گرنگى پەیوەندییەکانى هەردوو وڵات باسى چەندین پرسى گرنگ کرا له‌وانه‌ کاراکردنی کاری پەرلەمانی هاوبەش و پتەوکردنی پەیوەندی دۆستانە و هاریکاری هەردوو لا لە بوارەکانی ئابووری و وەبەرهێنان و ئامادەبوونى وڵاتى فەڕەنسا بۆ پشتیوانى پرسە ئەمنی و هەواڵگرییەکانى عێراق بۆ ڕیشەکێشکردنی تیرۆ و نەهێشتنى فکرى توندڕەوى و ڕووبەڕووبوونەوەى تیرۆریستانى داعش و هه‌روه‌ها ڕێگەپێدانى زیاترى کۆمپانیاکانی فەڕەنسا بۆ بازاری عێراق و بەشداربوون لە دووبارە ئاوەدانکردنەوە و پەلەکردن لە جێبەجێکردنی پڕۆژە ستراتیجییەکانى وەک فڕۆکەخانەی موسڵ و میترۆی هەڵواسراوى بەغدا و چەند پڕۆژەیەکی بوارى وزە و کردنەوەی هێڵی ئاسمانی بەغدا ـ پاریس.
ناوبراو زياتر گوتى:” له‌و سه‌ردانه‌ گرنگی کردنەوەی بارەگای ئاژانسی فەڕەنسا بۆ گەشەپێدان لە بەغدا بە مەبەستی ئاسانکاری و پێشکەشکردنی پشتیوانی ئابووری بۆ عێراق باسى لێوه‌كرا له‌گه‌ڵ ئامادەیی دەوڵەتى فەڕەنسا بۆ پێشکەشکردنی بیرۆکە و ڕاوێژ بۆ پێکهێنانی ژوورێکی یاسادانانی دووەم (ئەنجومەنی یەکێتی) لە عێراق و هه‌روه‌ها پشتیوانی لە حکومەتی عێراق لە بوارەکانی سەربازی و پتەوکردنی تواناکانی سوپا و بەردەوامی پشتیوانى هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ هاریکاری هونەری و لۆجستی و هەواڵگری.
له‌كۆتايدا ئه‌و په‌رله‌مانتاره‌ كورده‌ گوتى :” شانازى بە گەلەکەمەوە دەکەم کە لە گەشتێکى دیپلۆماسیدا بۆ فەڕەنسا بە شانازییەوە باسى لێوە دەکرا , چەندین جار لە بەرپرسانى فەڕنسییەوە بە ئاشکرا گوێبیستى قسەکردن لەسەر دۆستایەتی فەڕەنسییەکان و گەلى کورد کرد دەبووین و ڕاستەوخۆ داوایان لە سەرۆکى ئەنجوومەنى نوێنەرانى عێراق دەکرد کە “پێویستە مافەکانى کورد وەک دۆستى لەمێژینەوەى فەڕەنسا پارێزراو بێت و پشتگیرى بکەن”.
Back to top button