حزبەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات لەدژی پڕۆژەكەی مالیكی دێنە دەنگ
خواكوڕك
دوای ئەوەی ئیئتیلافی دەوڵەتی یاسا پڕۆژەیەكی پێشكەش بە پەڕلەمانی عێراقكرد بۆ قەدەخەكردنی كاری سیاسی ئەو حزبانەی دەرەوەی عێراق كە لە ناو خاكی عێراق, كە چاڵاكی سیاسیو سەربازی ئەنجامدەدەن, ئەم هەولەی لیستەكەی مالیكی بووە هۆی ناڕەزایی حزبە كوردیەكانی رۆژهەڵاتی كوردستان, بەتوندی ڕووبەڕووی پڕۆژەیە دەوەستنەوە.
محەمەدنەزیف قادری، ئەندامی دەفتەری سیاسیی حزبی دیموكراتیی كوردستانی ئێران (حدكا)، ڕایگەیاند: “نیازێكی زۆر خراپ لەدژی هێزەكانی كوردستانی ڕۆژهەڵات هەیە، بەتایبەت كۆماری ئیسلامیی ئێران كە دەیەوێت لە ڕێگای میلیشا و حەشدی شەعبییەوە مەترسیی بخاتە سەر حزبەكانی ڕۆژهەڵات و بەگژیاندا بدات”.
ئەو ئەندامەی دەفتەری سیاسی حزبی دیموكراتیی كوردستانی ئێران (حدكا) گوتیش:” ئێمە لە زووێكەوە هەستمان بە مەترسیی دەسەڵاتی ئێستای عێراق كردووە كە دەیەوێت پیلانێك لە دژمان بگێڕێت، هاوشێوەی موجاهدینی خەڵق سیناریۆمان بەسەردا دووبارە بكاتەوە”.
هەروەها گوتیشی:” لە ئەگەری بەئاكامگەیشتنی پڕۆژەكەی مالیكی و ناردنی بۆ پەرلەمانی عێراق:”كاردانەوەی توندمان دەبێت و ئەگەری خۆپشاندانی فراوانیش هەیە”.
چاودێرێكی سیاسش دەڵێت:” لە ئێستادا ئێران لە هەولی راگرتنی چاڵاكی سیاسی حزبەكانی رۆژهەڵات دەدات لە رێگای چەند پڕۆژەیەك لە پەرلەمانی عێراق, كە ئێستا نوری مالیكی و لیستەكەی وەك دەمڕاستی ئێران لە عێراقدا بەو ئەركە هەڵساوە, وە ئەگەری هەیە رووداوی موجاهیدینی خەلق دووبارە بكەنەوە, دەبێت رێگری لەو پڕۆژەیە بكرێت كە تەنها مەبەست لێی حزبە كوردیەكانە.