په‌رله‌مانی كوردستان راپۆرتێك سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و لێبڕینی مووچه و یاسای چاكسازی ئاماده ده‌كات
كاتژمێر 11ى پێشنێوه‌ڕۆی ڕۆژى دووشه‌ممه 2021/6/28، به‌سه‌رۆكایه‌تیی د.ڕێواز فایق سه‌رۆكی په‌رله‌مانی كوردستان و ئاماده‌بوونی د.هێمن هه‌ورامی جێگری سه‌رۆكی په‌رله‌مان و منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، دانیشتنی ژماره (16)ى ئاسایی خولی بەهارەی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان به‌ڕێوه‌چوو.
سه‌ره‌تا سه‌رۆكی په‌رله‌مان به‌ناوى خوا‌و گه‌لی كوردستانه‌وه دانیشتنه‌كه‌ی كرده‌وه، پاشان منى نبى قه‌هوه‌چی سكرتێری په‌رله‌مان، به‌رنامه‌ى كارى دانیشتنه‌كه‌و پوخته‌ى دانیشتنى پێشووى په‌رله‌مانى خوێنده‌وه.
به‌پێی خاڵی یه‌كه‌می به‌رنامه‌ی كار‌و ئاماژه به‌ماده‌ى (5) له‌یاسای ژماره (2)ى ساڵی 2008و بڕگه‌ی (6) له‌ماده‌ى 18ى په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه درێژكردنه‌وه‌ی ماوه‌ى ویلایەتی سەرۆكی دیوانی چاودێریی دارایی هەرێمی كوردستان، خالید هادی چاوشلى بۆ (9) مانگى تر خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگی 70 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
به‌پێی خاڵی دووه‌می به‌رنامه‌ی كاریش، له‌لایه‌ن لیژنه‌ی كاروبارى یاساییه‌وه به‌جیا خوێندنه‌وه‌ی یه‌كه‌م بۆ پڕۆژەیاساكانی (نیشان و میدالیا لەهەرێمی کوردستان، کۆمپانیا ئەمنییە تایبەتەکان لەهەرێمی کوردستان، بەرهەمهێنان و هاوردەكردنی بنەتۆو شەتڵ و تۆماركردن و پەسەندكردن و پارێزگاریكردن لەتەرزە كشتوكاڵییەكان لەهەرێمی كوردستان)و پێشنیازەیاساكانى (هەمواری یاسای چاودێریی نەوجەوانان ژمارە (76)ی ساڵی 1983و هەموارەکانی لەهەرێمی کوردستان، هەمواری یاسای بزربووەکان لەهەڵمەتەکانی لەناوبردنی بەکۆمەڵی گەلی کوردستانی عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 1999، هەمواری دووەمی یاسای دەستەی دەسپاكیی هەرێمی كوردستان-عێراق ژمارە (3)ی ساڵی 2011، گەشتوگوزار لەهەرێمی كوردستان) كران و له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانیشه‌وه ئاراسته‌ی لیژنه تایبه‌تمه‌نده‌كان و لیژنه‌ی كاروبارى یاسایى و سه‌رجه‌م ئه‌ندامانی په‌رله‌مان كران بۆ وه‌رگرتنى رێككاره یاساییه‌كانى خۆیان.
به‌پێی خاڵی سێیەمى به‌رنامه‌ی كار‌و به‌پێی ماده‌ى (7)، بڕگه‌ی چواره‌م له‌په‌یڕه‌وی ناوخۆی په‌رله‌مان، له‌لایه‌ن سه‌رۆكی په‌رله‌مانه‌وه پێشنیازی درێژكردنه‌وه‌ی خولی به‌هاره‌ی ساڵی سێیەم له‌خولی پێنجه‌می هه‌ڵبژاردنی په‌رله‌مان بۆماوه‌ی 30 ڕۆژ خرایه ده‌نگدانه‌وه‌و به‌ده‌نگى 65 ئه‌ندامی په‌رله‌مان په‌سندكرا.
هه‌ر له‌كۆبوونه‌وه‌كه‌دا به‌بۆنه‌ی تێپه‌ڕبوونی نزیكه‌ی سێ ساڵ به‌سه‌ر تێپه‌ڕبوونی ئه‌و خوله‌ى په‌رله‌ماندا، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئامارێكی سه‌باره‌ت بهبهدواداچوونهكانی لیژنه هه‌میشه‌ییه‌كانی په‌رله‌مان بۆ پڕۆژه‌كانى وه‌به‌رهێنان له‌كه‌رتی تایبه‌ت و پڕۆژه حكومییه‌كان كه له‌سه‌رده‌می كابینه‌ی نۆیه‌مدا هه‌ن كه‌زیاتر له‌هه‌زار پڕۆژه‌ن خسته‌ڕوو و ڕاشیگه‌یاند: “جگه له‌لیژنه‌ی كاروبارى یاسایی و لیژنه‌ی كاروبارى په‌رله‌مان و سكاڵا كهئیشهكهیان له‌نێو په‌رله‌مانه، به‌هه‌موو لیژنه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان (26) لیژنه‌ی لاوه‌كییان دروستكردووه بۆ سه‌ردانی پڕۆژه‌كان، واته ئه‌گه‌ر (26) دابه‌ش بكه‌ین به‌سه‌ر هه‌زار ئه‌كاته (0.026)، ئه‌گه‌ر دابه‌شیشی بكه‌ین به‌سه‌ر ژماره‌ى لیژنه‌كانی په‌رله‌مان ژماره‌یه‌كی وایه كه‌ئێمه له‌ڕوومان نایه‌ت بیخه‌ینه ناو ههڵسهنگاندنهكهمان بۆ لیژنه لاوه‌كییه‌كانی په‌رله‌مانى كوردستان”.
گووتیشی: “واته له‌كۆی ئه‌و هه‌زار پڕۆژه‌یه‌ی حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان، ئێمه به‌دواداچوونمان بۆ (2.6) پڕۆژه كردووه وه‌كو لیژنه، له‌كاتێكدا به‌ته‌نیا یه‌ك لیژنه له‌خولی سێیه‌می په‌رله‌مانی كوردستان (113) شوێنی پڕۆژه‌ی به‌سه‌ركردۆته‌وه”.
ڕِاشیگهیاند: “ئێمه له‌په‌رله‌مانی كوردستان حه‌زده‌كه‌ین ڕێژه‌ی به‌دواداچوونه‌كانی لیژنه‌كانی په‌رله‌مان له‌ئاسمان بێت و هه‌موو پێداویستییه‌كانیشی بۆ دابین ده‌كه‌ین و ده‌شمانه‌وێ كێشه‌كانیان چاره‌سه‌ربێ”، گووتیشی: “له‌به‌رئه‌وه ده‌مه‌وێ دڵنیابن سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هیچ زانیارییه‌كی ورد‌و پشتڕاستكراوه‌ى له‌سه‌ر هیچ یه‌كێك له‌و ده‌نگۆیانه نییه”.
به‌پێی خاڵی چواره‌می به‌رنامه‌ی كاریش كه‌بریتی بوو لهخستنەڕوو و گفتوگۆكردنی چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و داهاتی گومرگی و خاڵە سنوورییەكان و کەموکوڕییهكان له‌و خاڵە سنوورییانهو داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ، كه‌به‌ئاماده‌بوونی هه‌ریه‌ك له ئاوات شێخ جەناب وەزیری دارایی و كاروبارى ئابوورى، کەمال ئەتروشی وەزیری سامانە سرووشتییەکان، خالید شوانی وەزیری هەرێم بۆ کاروباری بەغداو د.ڤالا فەرید وەزیری هەرێم بۆ کاروباری پەرلەمان و د.ئومێد سه‌باح سه‌رۆكی دیوانی ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و د.ئامانج ڕه‌حیم سكرتێری ئه‌نجوومه‌نی وه‌زیران و عه‌بدولحه‌كیم خه‌سره‌و بەرپرسی فەرمانگەی هەماهەنگی و بەدواداچوون به‌ڕێوه‌چوو، له‌لایه‌ن ئه‌ندامانی په‌رله‌مانه‌وه چه‌ندین سه‌رنج و تێبینی و پرسیار سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و پرسی لێبڕینی مووچه‌و چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و هۆکارەکانی جێبەجێنەبوونی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و کەموکوڕیی خاڵە سنوورییەکان و داهاتی نەوت و داهاتی ناوخۆ‌و پرسی گرانبوونی نرخی به‌نزین و مامۆستایانی وانه‌بێژو سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ست، ئاراسته‌ی ستافی حكومه‌ت كران و داوایانكرد كۆتایی به‌لێبڕینی مووچه بهێنرێت و كۆنتڕۆڵی خاڵه سنوورییه‌كان بكرێت و داهاتی فرۆشتنی نه‌وت كه‌ده‌گه‌ڕێته‌وه خه‌زێنه‌ی حكومه‌ت بۆ ئه‌ندامانی په‌رله‌مان ئاشكرا بكرێت و هه‌نگاوه‌كانی پرۆسه‌ی چاكسازیش تائێستا به‌كوێ گه‌یشتوون بۆ ئه‌ندامان ڕوونبكرێته‌وه، هه‌روه‌ها داواشیانكرد كه‌سێ یه‌كه‌مه‌كانی زانكۆ‌و په‌یمانگه‌كان دابمه‌زرێنرێن و فه‌رمانبه‌رانی گرێبه‌ستیش بكرێن به‌هه‌میشه‌یی و شایسته داراییه‌كانی مامۆستایانی وانه‌بێژیش خه‌رج بكرێن.
لای خۆیانه‌وه شاندی حكومه‌تی هه‌رێم، ڕوونكردنه‌وه‌ى پێویستییان سه‌باره‌ت به‌و سه‌رنج و تێبینییانهی ئه‌ندامانی په‌رله‌مان سه‌باره‌ت به‌دۆخی دارایی و پرسی لێبڕینی مووچه‌و چۆنیەتیی پڕکردنەوەی کورتهێنانی مووچەو پله‌به‌رزكردنه‌وه‌ى فه‌رمانبه‌ران و قۆناغه‌كانی جێبه‌جێكردنی یاسای چاکسازی و یاسای بودجەی عێراق و ڕێككه‌وتنی هه‌رێم و به‌غدا سه‌باره‌ت به‌و بودجه‌یه‌و داهاتی نەوت و گرێبه‌سته نه‌وتییه‌كان و قه‌رزه‌كانی سه‌ر حكومه‌تی هه‌رێم و داهاتی ناوخۆ خسته‌ڕوو و وه‌ڵامی ئه‌و پرسیارانه‌شیان دایه‌وه كه‌له‌لایه‌ن ئه‌ندامانى په‌رله‌مانه‌وه ئاراسته‌یان كرابوو.
له‌میانه‌ی قسه‌كانیاندا شاندی حكومه‌ت زانیاریى وردیان له‌باره‌ی كۆی داهات و خه‌رجییه‌كانی هه‌رێمی كوردستان ئاشكراكرد‌و رایانگه‌یاند: “42%ی داهاتی نه‌وتیان بۆ ڕه‌وانه ده‌كرێت، ئه‌مه‌ش كابینه‌ی نۆیه‌م لێی به‌رپرس نییه”.
هه‌روه‌ها ورده‌كاریی داهات و خه‌رجییه‌كانی پێنج مانگی سه‌ره‌تای ئه‌مساڵیان ئاشكراكرد‌و ڕایانگه‌یاند: “مانگی كانونی یه‌كه‌می ئه‌مساڵ داهاتی سامانه‌سروشتیه‌كان 322 ملیار دینار بووه، داهاتی ناوخۆش 232 ملیار بووه”.
سه‌باره‌ت به‌ڕێژه‌ی داهاتی نانه‌وتی و چۆنیه‌تیی دابه‌شكردنی ڕایانگه‌یاند: “له 1ی 1ی 2021 تا 30ی 4ی 2021 داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیار‌و 254 ملیۆن دینار بووه، كهناكاته مانگێ 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بووه، به‌هه‌ردووكیان مووچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردووه”.
ڕاشیانگەیاند: “لەسەرەتای ئەمساڵەوە تا 30ی نیسان داهاتی نانه‌وتیی هه‌رێم یه‌ك ترلیۆن و 136 ملیار‌و 254 ملیۆن دینار بووه، كهناكاته مانگێ 200 ملیۆن دۆلار، 300 ملیۆن دۆلاریش داهاتی نه‌وت بووه، به‌هه‌ردووكیان مووچه‌ی ته‌واوی دابین نه‌كردووه، دەشڵێت، “%88ی داهات بۆ مووچه ده‌ڕوات”.
دوابه‌دوای ئه‌و گفتوگۆیه دوورودرێژه‌ی كه له‌نێوان په‌رله‌مان و شاندی حكومه‌ت كرا كه‌نزیكه‌ی 18 سه‌عاتی خایاند، سه‌رۆكی په‌رله‌مان ئه‌وه‌ی خسته ده‌نگدانه‌وه كه‌هه‌ر ئه‌ندامێكی په‌رله‌مان له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌یه ده‌سته‌ی سه‌رۆكایه‌تیی په‌رله‌مان هه‌رسێ لیژنه‌ی دارایی و یاسایى و وزه‌و سامانه سرووشتییه‌كان رابسپێردرێن بۆ ئاماده‌كردنی پوخته‌ی داواكارییه‌كانی په‌رله‌مانی كوردستان سه‌باره‌ت به‌و پرسانه‌ی كهلهدانیشتنهكهدا گفتوگۆیان له‌سه‌ركرا به‌مه‌به‌ستی ئاراسته‌كردنی وه‌ك نهخشهڕێگهیهك بۆ حكومه‌تی هه‌رێمی كوردستان و به‌ده‌نگی 69 په‌رله‌مانتار په‌سندكرا.
به‌مجۆره سه‌رۆكی په‌رله‌مان كۆتایى به‌دانیشتنه‌كه هێنا.