نێچیرڤان بارزانی سەرەخۆشی لە تۆڕی میدیایی ڕووداو و خانەوادەی خوالێخۆشبوو شیفا گەردی دەكات

خواكوڕك

بەبۆنەی شەهیدبوونی ڕاگەیاندنكار و ڕۆژنامەوانی بەتوانای تۆڕی میدیایی ڕووداو شیفا گەردی، بەڕێز نێچیرڤان بارزانی سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان پەیامێكی سەرەخۆشی ئاراستەی كەناڵی ڕووداو و خانەوادەی شەهیدی ڕاگەیاندنكار شیفا گەردی كرد، ئەمه دەقەكەیەتی:

بەڕیزان لە تۆڕی میدیاییی ڕووداو،
خانەوادەی بەڕێزی ڕۆژنامەوان شیفا گەردی.

به داخێكی زۆرەوه هەواڵی شەهیدبوونی كچە بێژەر و ڕۆژنامەوانی دیار و لێهاتووی تۆڕی میدیایی ڕووداو خاتوو شیفا گەردیم پێگەیشت كه ئەمڕۆ له كاتی ئەنجامدانی ئەركی ڕۆژنامەوانیدا له بەرەكانی جەنگی ڕووبەڕووبوونەوەی تیرۆرستانی داعش له مووسڵ له ئاكامی تەقینەوەی بۆمبێكی چێنراوی تیرۆرستان گیانی سپارد و شەهید بوو، كاكه یوونس مستەفای وێنەگریشی بریندار بوو.

شەهیدی ڕۆژنامەوان شیفا گەردی كە لە خانەوادەیەكی پێشمەرگە و دڵسۆزی كوردستان لە ئـاوارەیی لەدایك بووە، هێمایەكی پێگە و ڕۆڵی ئافرەت لە كوردستان، نموونەی ئـافرەتێكی ژیر، قوربانیدەر، ئـازاد و ئـازای سەركەوتوو بوو، خۆشەویست و مایەی ڕێزی بینەرانی بوو، بوێرانه ‌‌له پێناو گەیاندنی پەیامێكدا شەهید بوو كه پەیامی دڵسۆزی بوو بۆ ئەركەكەی، دڵنیاین هاوكارانی له گەیاندنی پەیامی ئەو بەردەوام دەبن و بۆ هەمیشه یادی ئەو به زیندوویی دەهێڵنەوه، زۆرێك لە كچان و ئـافرەتانی دیكەی كوردستانیش ڕێچكەی ئـەو لە ئـازایی و دڵسۆزی و خۆشەویستی بۆ كار و ئـەركەكەی و لە حەزی بەردەوامی بۆ پێشكەوتن و سەركەوتن دەگرنەبەر.

سەرەخۆشی و هاوخەمی و هاوسۆزیمان لەگەڵ خانەواده و كەسوكار و هاوكارانی له تۆڕی میدیایی ڕووداو دەردەبڕین، خوای مەزن گیانی به بەهەشت شاد بكات، هیوای زوو چاكبوونەوەش بۆ كاكه یوونسی كامێرامان دەخوازین.

نێچیرڤان بارزانی
سەرۆك وەزیرانی هەرێمی كوردستان

25/2/2017

Back to top button