سەرۆکى هه‌رێمى كوردستان لەگەڵ پێکهاتەکان کۆبووەوە

لە بەردەوامیى سەردان و کۆبوونەوەکانی لەگەڵ پێکهاتە و لایەنە سیاسییەکاندا، ئەمڕۆ چوارشەممە 2021/6/30 بەڕێز نێچیرڤان بارزانى، سەرۆکى هەرێمى کوردستان لە هەولێر و عەنکاوە سەردانى هەریەک لە فراکسیۆنى چاکسازیى تورکمانى، ئه‌نجومه‌نی گه‌لی كلدانی سریانی ئاشووری و هاوپەیمانیى یەکێتیى نەتەوەیى کرد کە لە کۆمەڵێک حزب و لایەن و ڕێکخراوى سیاسى و ڕۆشنبیرى و کۆمەڵایەتى پێکهاتوون.

لە کۆبوونەوەکاندا کە بەڕێز مستەفا سەید قادر جێگرى سەرۆک ئامادەى بوو، دۆخى هەرێمى کوردستان، ئامادەیى و ڕۆڵى پێکهاتەکان لە پرۆسەى سیاسی و حکوومەت و کارگێڕى و ژیانى گشتیدا، پرۆسەى نووسینەى دەستوور بۆ هەرێمى کوردستان و پرسى ماف و تایبەتمەندیى پێکهاتە نەتەوەیى و ئایینییەکان، کێشە و داواکارییەکانیان، دۆخى پێکهاتەکان لە ناوچەکانى مادەى 140ى دەستوور بەتایبەتى لە دەشتى نەینەوا و دۆخى سیاسیى عێراق بەگشتى، تاوتوێ کران.

پێکهاتەکان وێڕاى خستنەڕووى داواکارى و سەرنج و تێبینییەکانیان لەبارەى تەواوى پرسەکان و دەستوورەوە، خۆشحاڵییان بۆ پشتیوانیى سەرۆک نێچیرڤان بارزانى لە مافەکانیان نیشان دا و پشتگیریى خۆیان بۆ هەوڵ و هەنگاوەکانى لەپێناو تەبایى و یەکڕیزیى نێوان پێکهاتە و هێز و لایەنە سیاسییەکانى کوردستان و سەقامگیریى سیاسیدا دووپات کردەوە، هەروەها ئامادەیییان بۆ هەموو هاوکارییەک نیشان دا و جەختیان لەوە کردەوە کە دەستوورى هەرێمى کوردستان هاووڵاتیبوون بە بنەما بگرێت و ماف و تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان بپارێزێت.

لاى خۆیەوە سەرۆک نێچیرڤان بارزانى جەختى لەوە کردەوە کە تورکمان و مەسیحییەکان بە کلدانى سریانى ئاشوورییەوە، پێکهاتەى دێرین و ڕەسەنى نەتەوەیى و ئایینیی کوردستانن و ڕۆڵێکى دیاریان لە خەباتى ئازادى و بنیاتنان و پێشخستن و پاراستنى کوردستاندا هەیە و کوردستانیبوون هەموومان کۆدەکاتەوە، هەروەها دڵنیاى کردنەوە کە ڕەچاوى تایبەتمەندیى نەتەوەیى و ئایینییان لە حومکڕانى و دەستووردا دەکرێت و بەردەوام کار دەکەن بۆ ئەوەى فرەیى و کولتوورى پێکەوەژیان، یەکترقبووڵکردن و لێبوردەیى لەنێوان تەواوى پێکهاتەکانى کوردستاندا قووڵتر بکرێتەوە.

 

Back to top button