سامان بەرزنجی : جارێكی تر كۆرۆنا مەترسی لەسەر كوردستان دروست دەكاتەوە

وەزیری تەندروستی حكوومەتی هەرێمی كوردستان دەڵێت، مەترسی كۆرۆنا و بڵاوبوونەوەی بەناو هاووڵاتییان، زیادی كردووە و لە هێڵی مەترسیدار نزیك دەبینەوە.

ئەمڕۆ پێنج شەممە ١ی ٧ی ٢٠٢١، سامان بەرزنجی وەزیری تەندروستیی حكوومەتی هەرێمی كوردستان، لە كۆنگرەیەكی ڕۆژنامەوانیدا ڕای گەیاند، پێویستە هاووڵاتییان مەترسییەكانی كۆرۆنا لەبەرچاو بگرن، چونكە لە راپۆرتی ئەم هەفتەیەمان بەداخەوە بەرزبوونەوەیەك هەیە لە ئاستی بڵاوبوونەوەی ڤایرۆسی كۆرۆنا.

وەزیری تەندروستی گوتی، ئێستە ژمارەی تووشبووان ڕوو لە زیادبوونە و جارێكی تر لە دۆخی رەنگی زەردەوە بەرەو نارنجی چووینە، كە لە مامناوەندییەوە بەرەو سەرووتر دەچێت، ئەمە دۆخێكە هاوكاتە لەگەڵ وڵاتانی تر و عێراقیش، بەرزبوونەوەیەك هەیە پێمان دەڵێت كە ڤایرۆسی كۆرۆنا بوونی هەیە.

ڕوونی كردەوە، كەمتەرخەمی هەیە لە جێبەجێكردنی ڕێنوێنییەكان، ئەوەی دەیبینین كە خەڵكێكی زۆر بە تەواوەتی وا دەزانێت كۆرۆنا نەماوە، بەڵام كۆرۆنا بوونی ماوە، هێشتا نەگەیشتووینەتە ئەو دۆخەی دەمامكەكان فڕێ بدەین.

ئەو گوتانەی وەزیری تەندروستی لە كاتێكدایە، ماوەی چەند ڕۆژێكە جارێكی تر ژمارەی تووشبووان بە كۆرۆنا لە هەرێمی كوردستان ڕوو لە بەرزبوونەوە كردووە، ئەوەیش بەرپرسانی تەندروستی نیگەران كردووە.

Back to top button