هەرێم کەمال ئاغا : پەکەکە پێویستە رێز لە هەرێمی کوردستان بگرێت و بیانوو نەداتە تورکیا بێتە نێو هەرێمی کوردستان.
ئەندامێکی لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق لەبارەی هێرشی سوپای تورکیا لەنێو خاکی هەرێمی کوردستان و شەڕی نێوان پەکەکە و تورکیا ئاماژە بەوەدەکات، بوونی هێزەکانی تورکیا لە نێو هەرێمی کوردستان “داگیرکاری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە”، بەڵام پەکەکەش پێویستە “رێز لە هەرێمی کوردستان” بگرێت و بیانوو نەداتە تورکیا بێتە نێو هەرێمی کوردستان.
هەرێم کەمال ئاغا، ئەندامی لیژنەی بەرگری لە ئەنجوومەنی نوێنەرانی عێراق رایگەیاند، وەکو لیژنەی بەرگریی پەرلەمانی عێراق سەردانی ناوجەکانی شەڕی نێوان تورکیا و پەکەکەمان کردووە و راپۆرتێکمان لەبارەی زیانەکان و قەرەبووکردنەوەی خەڵکی ناوچەکە ئامادەکردووە، هەروەها داواشمان کردووە لیژنەیەکی تایبەتمەندی بۆ خەملانی زیانەکان پیکبهێندرێت.
هەرێم کەمال ئاغا گوتیشی: “دەبێت پەکەکە هاوکاریی هەرێمی کوردستان بێت و هەرێمی کوردستانیش لەڕێگەی کۆنسوڵخانە و نوێنەرایەتیی وڵاتان گوشاری زیاتر بکات. چونکە بوونی هێزەکانی تورکیا لەنێو هەرێمی کوردستان داگیرکاری و پێشێلکردنی سەروەریی عێراقە، عێراق نەیتوانیوە سەروەریی خۆی بپارێزێت، دەبێت حکومەتی عێراقیش لەڕێگەی پەیوەندیی دیپلۆماسی خۆیەوە تورکیا ناچاربکات سەروەریی عێراق پێشێلنەکات”.
ئەو ئەندامەی پەرلەمانی عێراق بۆ رووداو گوتووشیەتی: “بۆ بچووککردنەوەی هەرێمی کوردستان تورکیا بەرنامەی هەیە پەکەکەش کراوەتە بیانووی ئەوە، بوونی هێز و سوپای تورکیا داگیرکارییە و پێشێلکاریی روونە بۆ سەر سەروەریی عێراق، پەکەکەش پێویستە رێز لە هەرێمی کوردستان بگرێت، زۆر شوێن هەن پەکەکەشی لێ نییە و تورکیای لێیە، ئێمە داوامان لە پەکەکە ئەوەیە بیانوو نەداتە دەست تورکیا بۆ هاتنە نێو هەرێمی کوردستان”.
هەروەها لەبارەی گوشارە نێودەوڵەتییەکان لەسەر تورکیا بۆ ئەو بۆردوومان و هێرشانەی لەنێو خاکی عێراق و هەرێمی کوردستان دەیکات هەرێم کەمال ئاغا گوتی: “تورکیا سنووری عێراقی بەزاندووە ئەمەش پیشێلکارییەکی یاساییە و پێویستە گوشاربکرێت بۆ ئەوەی ئەنجوومەنی ئاسایش داوا لە تورکیا بکات واز لەو پێشێلکارییە بهێنێت، چونکە عێراق ئەو توانایەی نییە گوشار لە تورکیا بکات، دەبێت حکومەتی هەرێمی کوردستانیش گوشاری زیاتر بکات بۆ ئەوەی حکومەتی عێراق ناچار بێت بێتەسەر هێڵ و هەوڵ بۆ وەستاندنی ئەو هێرشەی تورکیا بدات”.