چه‌كدارانى پەکەکە ته‌قه‌ له‌ پێشمەرگەکانی کۆمەڵەدا ده‌كه‌ن و گرژى دروست دەبێت

لەکاتی مەشق و راهێنانی سەربازیدا، ژمارەیەک گەریلای پارتی کرێکارانی کوردستان تەقە بە ئاسمانی بنکەکانی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران دەکەن و بەرپرسی سەربازی ئەو حیزبەش دەڵێ: “پێشمەرگەکانی ئێمەش کاردانەوەیان هەبووە، بەڵام گرژییەکە بەبێ زیان کۆتاییهاتووە”.
عەبدوڵڵا ئازەربار، بەرپرسی سەربازی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران رايگەیاند، چەند رۆژێکە پێشمەرگەکانیان لە سنووری ناحیەی سیدەکان بە هاوئاهەنگی لەگەڵ هێزە ئەمنییەکانی ناوچەکە، خولێکی مەشق و راهێنانی سەربازییان کردووەتەوە، بەڵام ئێوارەی رۆژی شەممە، چەند گەریلایەکی پەکەکە هاتوونەتە نزیک بنکەکان و تەقەیان بە ئاسماندا کردووە.
عەبدوڵڵا ئازەربار گوتی: “دیارە گەریلاکانی پەکەکە ئاگاداری مەشقەکانمان نەبوون، سەرەتا هاتبوون داوایانکرد زیاتر لێیان دووربکەوینەوە، ئێمەش رازیبووین، بەڵام بۆ رۆژی دواتر وەک نیشاندانی هێزی خۆیان، هاتن و تەقەی ئاسمانییان بەسەر بنکەکانماندا کرد و پێشمەرگەکانی ئێمەش وەڵامی تەقەکانیان دایەوە”.
ئەو بەرپرسەی کۆمەڵەی شۆڕشگێڕی زەحمەتکێشانی کوردستانی ئێران بۆ رووداو ئاماژەی بەوەشکردووه‌ كه‌، ئاڵۆزییەکە زوو چارەسەرکراوە و ئەوانیش لەپێناو ئەوەی شەڕ دروستنەبێت، شوێنی مەشقەکانیان گۆڕیوە.
Back to top button