سهركردهيهكى پارتى له وڵامى سهركردهيهكى يهكێتى : خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەرتان بەسە تا ڕووتان نێ سەر بەرز بكەنەوە
جەزای سەید مەجید، بەرپرسی مەڵبەندی سلێمانیی یەكێتی، بە چاوپۆشیكردن لەو هەموو قاچاخچێتی و دزی و كوشت و بڕەی حزبەكەی و دەستە و تاقمەكانی نێو حزبەكەی لە سلێمانیدا دەیكەن، پەلاماری حكوومەتی هەرێمی كوردستان و پارتی دیموكراتی كوردستانی داوە و چەندان تۆمەتی ناڕاستی هەڵبەستووە، ئەندامێكی سەركردایەتیی پارتی دیموكراتی كوردستانيش، له وهڵامى ئهو بهرپرسهى يهكێتى دهلێ : خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری ٢٠١٧ی تاقمێكی نێو یەكێتی بەسە بۆ ئەوەی سەركردەكانی ئەو حزبە روویان نەیەت سەر بەرز بكەنەوە.
نەجات حەسەن، ئەندامی سەركردایەتیی پارتی راى گەیاند، ”کهیسی سزادراوانی بادینان كە ئەو بەرپرسەی یەكێتی و هەندێكی دیكە خۆیانی پێ بادەدەن، كەیسێكی یاساییه و ناکرێت رێگربین له بڕیاری دادگا، چونكە دادگا بەپێی ڕێوشوێنە یاساییەكانی خۆی هەر لە لێكۆڵینەوەوە تا بڕیاری تەمیزیش سەربەخۆیانە هەنگاوەكانی ناوە و تۆمەتبارەكانیش خۆیان دانیان بە كارەكانیاندا ناوە“.
داواشی لەو سەركردەیەی یەكێتی كرد، پێویستە سنوورێك بۆ دەستێوەردان لە كاروباری دادگا دابنێت و وانەزانێت ئەوەی دەتوانێت لە هەندێك شوێندا بەرامبەر بە دادگا بیكات، هەروەك داخستنی كەیسەكەی ئامانج بابانی، لە هەموو شوێنەكان بۆی دەچێتە سەر.
نەجات حەسەن داواشی لە جەزای سەید مەجید كرد، سەرەتا دان بەو تاوانانەدا بنێت كە لە سنوورەكەیاندا دژی مافەكانی مرۆڤ و ئازادییەكان كراون، هەر لە رادەستكردنەوەی مستەفا سەلیمی و لەسێدارەدانی، كوشتنی كاوە گەرمیانی، ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی، ڕفاندنی سمكۆ بەنەفشی، بێسەروشوێنبوون و نەزانینی چارەنووسی عەلی قایار، شار بەدەركردنی دكتۆرە باخان ئازاد، زیندانیكردنی ناسیح رەحیم لەسەر كۆمێنتێك و دەیان تاوانی دیكە. تەنانەت ”خۆزگە لە جێگەی بەكوشتدانی مستەفا سەلیمی، كوشتنی ئامانج بابانی و هاوسەر و منداڵەكەی و كاوە گەرمیانی لە سنوورەكەیاندا، ئەوانیشیان دەدایە دادگا“.
لەبارەی پرسی مووچەی فەرمانبەرانی كوردستان كە بەردەوام سەركردەكانی یەكێتی موزایەدەی پێوە دەكەن، ئەو سەركردەیەی پارتی كه بۆ باسنيوز قسهى كردووه ڕایگەیاندووه: ”ههموومان دهزانین، کاک جهزاش دهزانێت کێ بوون لە بەغداوە هەوڵی بڕینی بودجەی هەرێمی كوردستانیان دا و تەنانەت دواتریش هانی پەرلەمانتارانی عێراقیان دەدا ڕێگە بە تێپەڕاندنی هیچ یاسایەك نەدەن بەهۆیەوە مووچە بۆ هەرێمی كوردستان بنێردرێت، هەر سەركردەكانی ئەوان بوون کاتی خۆی مالیکییان هاندا بۆ بڕینی قووتی خهڵک، كاك جەزا باش دهزانێت پارهی گومرگی سلێمانی بۆ گیرفانی کێ دەڕوات؟ براکهی بهرپرسی دارایی یهکێتی بووە و باش دەزانێت داهاتی سلێمانی چۆن بۆ گرووپ و كەسەكانی نیو حزبەكەی دەڕوات و ڕێگە نادرێت ئەم داهاتانە بۆ خەزێنەی حكوومەت بگەڕێندرێتەوە، لە كاتێك چەندانجار بیستوومانە بە ناردنەوەی داهاتی سلێمانی، كێشەی مووچەی فەرمانبەران نامێنێت“.
نەجات حەسەن پێیوایە لەم هەڵبژاردنەدا خەڵكی كوردستان تۆڵەی ئەم دووڕووییە لە یەكێتی دەكەنەوە. گوتوويهتی: ”باسی فەراهەمكردنی ئازادیی كاری سیاسی لە سلێمانی دەكات، بۆ جەزای سەید مەجید نازانێت كێ بارەگاكانی پارتی لە سلێمانی دەسووتێنێت و كێن ئەوانەی زیاتر لە حەفتا جار تەقەیان لە بارەگاكانی پارتی لەم سنوورە كردووە؟“.
ڕوونیشی كردۆتهوه، ”ئەوان بەردەوام بانگەشەی ئەوە دەكەن گوایە پشتیوانی لە پەكەكە دەكەن، با پێمان بڵێن چۆن بوو توركیا توانی ژمارەیەك سەركردەی پەكەكە لە بەرزاییەكانی ئەزمەڕ و لە دووریی چەند كیلۆمەترێك لە سلێمانی بكوژێت؟ خێرە رۆژانە سەركردە و كادیرانی دیاری پەكەكە لە كورتەك و ناوچەكانی سنووری یەكێتی دەكوژرێن؟ ئهگهر خۆیان چاوساخی بۆ توركیا نەكەن، چۆن ئەمانە روودەدەن؟“.
ئەوەشی دووپات كردۆتهوه كە خیانەتی ١٦ی ئۆكتۆبەری تاقمێكی نێو یەكێتی كە ئێستا لە حزبەكەشدا باڵادەستن، بەسە بۆ ئەوەی نەتوانن سەر بەرز بكەنەوە.