خاوەن ماڵ دزی لە کرێچی خۆی کردوو ده‌ستگير كرا

بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر ئاشکرا دەکات، کە خاوەن ماڵێک دزیی لە کرێچییەکەی خۆی کردووە و ئه‌مرۆ دواى ئاشكرا بوونى دزيه‌كه‌ى ده‌ستگيركراوه‌.

هۆگر عەزیز، گوتەبێژی پۆلیسی هەولێر رايگه‌ياند: “دوێنێ 3 ى مانگ سکاڵایەکمان لەلایەن هاووڵاتییەکەوە پێگەیشت، لەسەر ئەوەی لە کاژێر 3:30ی بەرەبەیان دزی لێکراوە، دەستبەجێ تیمەکانی بەڕێوەبەرایەتیی پۆلیسی پارێزگای هەولێر چوونە شوێنی مەبەست و دەستیان بە لێکۆڵینەوەکرد، لە ئەنجامی لێکۆڵینەوە دەرکەوت ئەو ماڵەی دزییەکەی لێکراوە لە خانووێک بووە کە دوو ماڵی تێدابووە یەکێکیان لە خوارەوە ئەوەی دیکە لە سەرەوە، ئەو کەسەی لە خوارەوە بووە خاوەن ماڵەکە بووە، خاوەن ماڵەکەش لە هەمانکاتدا هات سکاڵای کرد لەسەر ئەوەی، کە 23 مسقاڵ زێڕ و بڕێک پارەی لێدزراوە”.
هۆگر عەزیز دەڵێت: “دوای ئەوەی بۆ جاری دووەم تیمەکانی لێکۆڵینەوەی ئێمە چوونە شوێنی مەبەست شوێنەکانیان پشکنی، دەرکەوت کەوا ئەو دزییەی کە کراوە لەنێو ماڵەکەدا کراوە نەوەک کەسێکی دیکەی بێگانە لە دەرەوەی ماڵەکە هاتبێت دزییەکەی کردبێت”.
بەگوتەی گوتەبێژی پۆلیسی پارێزگای هەولێر كه‌ بۆ رووداو قسه‌ى كردووه‌ لە لێکۆڵینەوە سەرەتاییەکان و لەگەڵ دەستگیرکردنی یەکێک لەوانەی گومانیان لەسەری هەبوو، کە خاوەنی ماڵەکەبوو، خاوەن ماڵ دانی بە تاوانەکە دانا، هاوکات دانی بەوەش دانا، کە کەسێکی دیکە هاوکاری بووە لە ئەنجامدانی ئەو تاوانە، کە هاوڕێیەکی خۆی بووە. پاش ئەوەی پارەکەیان دزیوە، لەنێو تایەی ئۆتۆمبێلی هاوڕێکەی پارەکەیان شاردووەتەوە، کە 60 هەزار دۆلار بووە، لەگەڵ پێنج ملیۆن دیناری عێراقی.
Back to top button