سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان سەرپەرشتی کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای ئابووری دەکات

ئەمڕۆ یەکشەممە ئەنجوومەنی باڵای ئابووریی هەرێمی کوردستان، بە سەرپەرشتی مەسرور بارزانی سەرۆکی حکوومەتی هەرێمی کوردستان و ئامادەبوونی قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆکی حکوومەت کۆبووەوە.

لە کۆبوونەوەکەدا پەرەپێدانی دۆخی ئابووری و ڕێکخستنەوەی داهاتی گشتی و باشترکردنی بژێوی هاووڵاتیان تاووتوێ کرا.

لە دەستپێکی کۆبوونەوەکەدا، سەرۆکی حکوومەت جەختی لەوە کردەوە کە کاری لەپێشینەی حکوومەت، دابینکردنی مووچەی مووچەخۆرانی هەرێمی کوردستانە، بۆ ئەم مەبەستەش حکوومەت هەموو هەوڵێک دەخاتەگەڕ لە پێناو برەودان بە داهاتە گشتییەکان و کەمکردنەوەی خەرجییە ناپێویستەکان بۆ ئەوەی بتوانێت هاوکات لەگەڵ دابینکردنی مووچەی مووچەخۆران، بەردەوامیش بێت لە پێشکەشکردنی خزمەتگوزارییە گشتییەکان و ئەنجامدانی پڕۆژەکان و ڕەخساندنی هەلیکار بۆ خەڵکی هەرێمی کوردستان.

لە بڕگەی یەکەمی کۆبوونەوەکەدا، ڕێکخستنەوەی باج و رسومات و میکانیزمی کۆکردنەوەی باجەکان تاووتوێ کرا و بڕیار درا جێگری سەرۆکی حکوومەت، سەرپەرشتی پرۆسەی ڕێکخستنەوەی باج و رسومات بکات.

دووپاتیش کرایەوە کە کابینەی نۆیەم هیچ باجێکی زیاد نەکردووە، بەڵکو تەنیا شێوازی کۆکردنەوەی باجەکانی ڕێک خستووەتەوە و ئەو باجانەی پێشتر بە پێی یاسا دانراون، کۆیان دەکاتەوە بە بێ ئەوەی کاریگەرییەکی نەرێنی لە سەر بژێوی هاووڵاتیان و بەتایبەتی چینی هەژار و مام ناوەندی کۆمەڵگە و جموجۆڵ و ئاڵوگۆڕی بازرگانی هەبێت.

لە کۆبوونەوەکەدا هەروەها جەخت لە دروستکردنی هاوسەنگی لە نێوان پاراستنی بەرهەمی خۆماڵی و دیاریکردنی نرخ و ڕێگریکردن لە قۆرخکاری و بەرزبوونەوەی نرخ کرا و وەزارەتە پەیوەندیدارەکان ڕاسپێردران بۆ جێبەجێکردنی ئەو ڕێنماییانە بە ڕەچاوکردنی پاراستنی بەرژەوەندی گشتی و بەکاربەرانی هەرێمی کوردستان

لە بڕگەیەکی دیکەی کۆبوونەوەکەدا و لە پێناو کارئاسانیکردن بۆ وەبەرهێنەران و نەهێشتنی ڕووتین و لە چوارچێوەی کارنامەی کابینەی نۆیەمدا، بڕیاری دابەزاندنی دەسەڵاتەکانی تایبەت بە کەرتی وەبەرهێنان ومۆڵەتدان بە پڕۆژەکانی وەبەرهێنان، بۆ پارێزگاکان و ئیدارە سەربەخۆکان درا.

Back to top button