ئارى ئه‌حمه‌د : دابینکردنی ئاو زیادکراوە نەک کەم، پێویستە هاووڵاتیان ڕەچاوى ئەو دۆخە بکه‌ن.

بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆی ھەرێمی کوردستان ده‌لێ، “حکومەت ڕەزامەندی لەسەر خەرجکردنی بڕی 2 ملیار و 500 ملیۆن دینار داوە بۆ پرسی وشکەساڵی و وشکبوونی کانیاوەکان و کەمبوونەوەی ئاو لە بیرەکان لە هەرێمی کوردستان. داوا لەسەرجەم پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکانیش کراوە بۆ پرسی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی لیژنە پێکبهێنن، ده‌شلێت : دابینکردنی ئاو زیادکراوە نەک کەم.

ئاری ئەحمەد، بەڕێوەبەرى گشتىی ئاو و ئاوەڕۆکانى هەرێمى کوردستان لە کۆنگرەیەکى ڕۆژنامەنووسیدا رايگه‌ياند: لە سەرەتاى ئەم وەرزەوه‌ وشکەساڵى ڕاگەیاندرا و ئێستاش وشکبوونى کانیاو و بیرەئاوەکانى ناوچە شاخاوییەکانە، کە بابەتەکە لە ناوچەییەوە بووه‌تە گشتگیر بۆ سەرانسەرى کوردستان بۆيه‌ داواى ٣٠ ملیار دینارمان کردووە بۆ چارەسەرى ئەو گرفتانە، تا ئێستا حکوومەت ٢ ملیار و 500 مليۆنى تەرخان کردووە و ئێمەش کارى پێدەکەین.

ئارى ئه‌حمه‌د گوتيشى: پێویستە هاووڵاتیانیش ڕەچاوى ئەو دۆخە بکه‌ن، چونکە ڕۆژانە نزیکە ٢ ملیۆن و ٢٥٠ هەزار مەتر سێجا ئاو بۆ هەرێمى کوردستان دابین دەکرێت لە ڕێگەى ٥٧٠٠ بیر و ٩١ پرۆژەى بچووک و گەورە و ستراتیژى،  کە ئەو پڕۆژانەش لە وەرزە فێنکەکان %٧٠ ى توانایان و لە وەزرى هاوینان %١٠٠ى توانایان دەخرێتە گەڕ، بەڵام هاووڵاتیان کەمترین پابەندییان بە بەستنى پێوەر و تەوافەى تانکییەوە هەیە. جگە لەوەى بۆ ئاودان و شوشتنى زیادەش ئاو بەهەدەر دەدرێت.”

ئاری ئەحمەد زياتر گوتی: “وەکو بەڕێوەبەرایەتی گشتیی ئاو و ئاوەڕۆ پەیوەندیمان بە تەواوی پارێزگاکان و یەکە ئیدارییەکان و قایمقامیەتەکان کردووە، بۆ ئەوەی لیژنە پێکبهێنن، لە هەولێر لیژنە بۆ بابەتی رووبەڕووبوونەوەی وشکەساڵی پێکهێندراوە، چ بۆ بابەتی ئاوی خواردنەوە، چ بۆ بابەتی کشتوکاڵی”.

بەڕێوەبەرى گشتیی ئاوى هەرێمی كوردستان ئاماژه‌ى به‌وه‌شكرد كه‌:” لە سنوورى پارێزگاى هەولێر ٣٥ بیر ئاویان تێدا نەماوە و پێش بینى دەکرێت تا کۆتایی ئەم وەرزە ١٠ تا ١٥ بیری تریش ئاویان نەمێنێ، بۆیە داوا کراوە ٦ لەو بیرانە کاریان لەسەر بکرێت چارەسەر بکرێن. ئەوە جگە لەوەى کە ٧٥ تا ٨٠ بیری تریش ئاستى ئاویان دابەزیوە و پێشبینى دەکرێت بگاتە  ١٢٠ بیر، بۆ ئەو مەبەستەش تا گرفتەکان چارەسەر بکرێت دەستى بەڕێوەبەرایەتییەکانى ئاو کراوەتەوە و بە تانکەریش ئاو دابەش دەکرێت.”

 

Back to top button